گێژی ئەم دەریایە لانەی عەیش و نۆش وێران ئەکا

لە کتێبی:
ڕۆحی مەولانا خالید
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1148 بینین
گێژی ئەم دەریایە لانەی عەیش و نۆش وێران ئەکا
گێژەڵووکەی کاروانی هەستی سەرگەردان ئەکا
گوڵشەنی کەیفمان لەگەڵ خاکی سیا یەکسان ئەکا
سێبەری ئەم خێوەتە بێ بایەخە، دەرمان ئەکا
یا جیهان! چۆن خواهیشی ئاسایشی ئینسان ئەکا؟
بۆچی ئەی دڵ نایەتە بیرت کە تووشی مەرگ ئەبین؟
هەوڵی دونیا تا کەی و بۆچ بۆ پڕوپووچ تەرکی دین؟
وا گریمان کەوتە گیرت پادشاهی ڕووی زەمین
تاقی کیسرا بێنە پێش چاوت بە یادێکی حەزین
پەردەدار جاڵجاڵۆکە و قاڵۆنچە پاسی بان ئەکا
ئەو سلێمانەی کە ڕامی حوکمی ئەو بوو خاک و باد
شاهی جەمشید و سکەندەر تا پەشەنگ و کەیقوباد
هاتن و ڕۆیین و لەبیر چوون، ئێستەکە نایەنە یاد
گەردشی گەردوون هەزارانی بە پەنجەی مەرگ سپارد
نەک بە تەنیا بۆ من و تۆ، شەڕ لەگەڵ «میوان» ئەکا
ئەو جیهاندارانە وا تەختی جەواهێریان هەبوو
تەختەیی تابووت لە شوێن تەخت، ئەیفڕاندن زوو بە زوو
مەڕنەمووکە ئەیخوڕی و توند لێی دەپرسین ڕووبەڕوو
گەورە گەورەی بەر لەخۆتان بۆچی وا زوو بیر ئەچوو
کوان؟ لە کوێن و کێن و کێ لە کوێ ئیسکان ئەکا
نە سەوادی خەتی مشکین ما نە ڕووی وەک شەوقی ماهـ
خاکی ئەو ڕووخسارە شیرینانە لێی سەوز بوو «گیاهـ»
ئەم نەشیدەی وا، شەهیدی خستە گریە و ئاهـ و واهـ
پێ بە هێواشی بنێ «خالیدناسناوی ئەدەبی»! کە ئەم خاکەی سیاهـ
جەوهەری ئێسکی ڕزیوە یادی مەهڕویان ئەکا