هەتا لووتکە چەندی ماوە؟

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 3 خولەک  479 بینین
دانامرکێ
هەتا دڵی هەر زیاد ئەکا
گڕ و گڵپەی ڕۆحی یاخی بووی ئەشقیام!
ڕامەوەستە، بڕو لە لام
با تاوانی من تۆش نەگرێ
کەوتوومە بەر تووکە شەقی چارەنووس و
وەک گۆیەکەی سەرگەردانی گۆڕەپانی نەفرەتی خوام!
ژیانم لێ وەڕەز بووە
زەوی لە ژێر گرانی لەشما ئەناڵێنێ
چاوی ڕۆژ لە حاند سیمای من هەڵنایێ
من چۆلەکەی باڵشکاوی وەرزی ڕەشی گەردەلوولم
ڕۆحم لەگەڵ ئارامشدا،
لە زەوی تا ئاسمان دوورە...
دڵم پڕە لە هاوار و گوێچکەی گەردوون
لە بەرامبەر پاڕانەوەم کپ و کەڕە
لێم نابیسێ سکاڵایێ
ئاسمانی من نزم و نەوی
سەرم تا بن میچی دەگا
هەورێکی ڕەش سەر تا پامی داپۆشیوە
ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکە
تەنیا ڕێگەی بەر هەنگاوم
لە خۆمەوە دەست پێدەکا و
دەگا بە هەڵدێری ڕۆحم
چ ئاستەنگێکی باریکە
ئاسۆ تا ئاسۆ تاریکە
باران... باران، بارانی ڕەش
یاغر یاغر دەبارێت و تەڕم دەکا و نامشواتەوە!
لە ناو تۆف و کڕێوەی وەرزی شەختەبەندی تەمەندا
ڕەق هەڵاتووم!
بو کوێ دەڕۆم؟
نازانم لە کوێوە هاتووم؟
شێرەبەفرینەی دەستکەردی منداڵانی چارەنووسم
ڕوژ وەک ئەژدیهای ئەفسانە
لووشم دەکا و دەمخواتەوە!
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟
ئەی خوا گەورە و بچووکەکانی سەردەمی ویژدان تۆپیو
«جولجوتا»ی من لەسەر دوندی کام کوێستانە
بە ئەندازەی هەزار عیسای ناسری لە خاچ دراوم
یەهووداکان لەو دیو پەرچینی ماچەوە
بە ساکاری ڕۆحی ماندووم گاڵتە ئەکەن
ئەی خوا گەورە و بچووکەکانی سەردەمی ویژدان تۆپیو
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟!
مەهێڵن، مە...
ئەمجارە کە گەیشتمە لووتکە،
بەردی گیانم بەربێتەوە
من نامەوێ ئەم زەوینە پڕ تاوانە لە ژێر پێما بخولێتەوە
ئاخر مەگەر نازانن من
ساڵگارێکە گاشە بەردەکەی «سیزف»م لە کۆڵ ناوە؟
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟
ڕاستە، من بووم لە ئاگردانەکەی ئێوە
ئاورم دزی بۆ مرۆڤ و
لە مەشغەڵدانی ڕوحی خۆم
تیشک و ڕووناکیم دابەش کرد
گوناهم کرد!
بۆیە ئێستا لە تاراوگەی هەڵەمووتم!
ئاورەکەیان بەردایەوە لە گیانی خۆم
تەماشام کەن، چۆن ئەسووتم؟
ڕزگارم کەن...
لە چوار مێخەیان کێشاوم
هەموو شەوێ بە ژاری ژین
دەشتی گیانم ئاژین ئەکەن
ئەم مۆتەکە سواری ڕۆحی ماندووم بووە و دانابەزێ!
ئاسمان بێزوو بە خوێن ئەکا
هەر داڵ ئەزێ!
هەر داڵ دێن و جەرگم دەخۆن
ئەم ئاسمانە هەر داڵ ئەزێ!
هەر داڵ ئەزێ!
ئاخۆ گوڵی شۆرانی لە کام کوێستانە؟
کوێستان نەما بەرد بە بەردی
بەخوێنی خۆم نەشۆرمەوە!
هەر دەڕۆم و ناگەم بە ئەو ناونیشانەی
«شۆڕە خەزاڵ» بۆی داناوم!
هەر ئەڕۆم و زام لە سەر زام
لەسەر سینگ و دڵم دەڕوێ
گوڵی هەزار هەزار عەزرەت
لە کوێستانی دڵما پشکووت
ڕێگەی گەڕانەوەش نییە
پردەکانی پشتی سەرم گشت ڕووخاون
هەوارەکەی «خاتوو خەزاڵ»یشیان کردە قەرەبرووت!
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟
ئەی خوا گەورە و بچووکەکانی سەردەمی ویژدان تۆپیو!
هەتا لووتکە چەندی ماوە؟
ئەی من تا ئێستا چۆن ماوم؟!