ئیعدامی

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 2 خولەک  412 بینین
لە گۆڕەپانی شارێکا
جەللادەکان، داریان هەڵخست
جاڕیان کێشا
ئەوەی ویستیان …
بە تەشییە کۆنەکەی خۆیان
بۆ خەڵکیان ڕست
وتیان: تاوانی ئێعدامی
گەچڵاندنی خەوی شارە
سزای ئەوەش لە قانوونی ئەساسیدا
بۆ چاوترسێن خەڵکی، دارە!
وتیان: تاوانی ئێعدامی
ورووژانی بورکانە دامرکاوەکان
بۆ تەکان و بوومەلەرزە و ئاژاوەیە
هێنانەوەی دەنگی کوێستان
بۆ شڵەژانی ئاسایشی ئەم وڵاتە ڕازاوەیە
نیوەشەو بوو …
لە قاوشی زیندانێکا
ئێعدامییە تاوانبارەکە
بیری لە کازیوە ئەکرد
لە ژوورێکی پڕ خەیاڵی شاری خەما
ژنێ بیرەوەرییەکانی
دەنک - دەنک
وەک ملوانک،
بۆ گەردەنی کۆرپە هێشتا نەهاتووەکەی پێوە ئەکرد!
لە گۆڕەپانی سامناکا
لە ژووری دادگای شارا
کاربەدەستان بۆ ئێعدامی
خەڵاتیی مەرگیان ئەدووراند.
کاتژمێرە فێگرتووەکەی
کاکەی تاوانباریش بەلەز
شەوی ئەشکان
هاتن، هاتن …
قازی، پۆلیس و میرغەزەب هاتن
وتیان: هانێ! ئەوە پێنووس
وەسیەتنامەکەت بنووسە
وتی: دەبێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان
وتیان: نابێ …
ئەویش لە وەسیەتنامەدا
تفەنگەکەی دا بە سبەی!
دارەکەیان لە خەو هەڵسان
وەنەوزی گۆڕەپان شکا،
لە ژووری چۆڵ
تکێ فرمێسک
بە سەر گۆنای ژنی ژانگرتوودا تکا!
ئاڵقەی تەناف زریکاندی
تاوانبار چوو بەرەو ئاسمان
هەورەکانی کوێستان جمان
ژنی ژانگرتوو قیژاندی
کۆرپەی سبەی هاتە جیهان.