زیندانی

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  454 بینین
لە نێو ژوورە تاکەکەسییە تەنگەکەمدا
هەڵکورماوم!
کارەساتێک بەڕێوەیە.
لەو دیو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوستاوە
دەلاقەیەکی بچکۆڵە
لەسەر سینگی دەرکەکەیە و
داخراوە!
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە هەڵفڕێت تا،
پەڕپەڕووچکەی ئاسمانی کاکی بە کاکی!
جار بە جارێ
وەردیانەکەم
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێت و من ڕووناکی!