ئاخاوتن لە ئەوین

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 2 خولەک  396 بینین
دەتەوێ، لە ئەوین بپەیڤی؟
ڕاوەستە با بزانم،
لە پشتی دەرکەوە
کۆڵەیان لێ نەگرتووین؟
ئاماژە زمانی ئەوینە و
هیچ بەکرە شۆڤارێک نازانێ
ژوانگەمان لە کوێیە
ئەگەر هەر متمانە بە چاوی یەک بکەین!
پێخاوس ڕێ مەکە گیانەکەم!
ئەم خاکە ئاوس بە دووپشکە
گەر نوستی کەپەنک لەبەر کە
سیاساڵ مار زۆرە
دەستم لێ بەر مەدە
هەر دەستێ مەگووشە، گیانەکەم!
لە نێو زۆر قۆڵدا مار
پاپۆکەی بەستووە!
***
لەبەر ئەو پەنجەرە مەوەستە گیانەکەم!
تاریکی کراسەکەت ڕەش دەکات
ئاگات لە زارت بێ
با، ناکاو هەڵدەکات
پەیڤ سووکە با دەیبات!
***
بۆ ئاسمان مەڕوانە، گیانەکەم!
لەمێژە مانگ لەنێو
هەورێکی دێو جامەئاسایی
ئەسیرە
شەوە شەو گیانەکەم!
چرایەک بهێنە
بگەڕێین، با بزانیین،
ئەو شەو چەند ئەستێرەی چاوگەشیان
لە خاکدا چاندووە!
***
مەیژە ڕەش بۆ دنیا دەڕوانێ!
من دووپشک گەستوومی
ئازارم چێشتووە
دەزانم چزی مار چلۆنە
بە ژاری پیرانم کردووە!
بڕوانە، سەرانسەر پەیکەرم،
جێی زامە!
بلۆقی مەچەکم...
جێی کەڵبەی کەلەبچە و
تەوێڵی پڕچینم
شوێن هێڵی گاسنی زەمانە!
مەیژە ڕەش بۆ دنیا دەڕوانێ!