داستانی دارەپیرە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 5 خولەک  686 بینین
هەبوو نەبوو... ساڵانی زوو
لەسەر یاڵی بەرزی مێژوو
پیرەدارێک بەساڵاچوو، ڕاوەستابوو!
سەری نابووە کۆشی خەیاڵ
بیری لە ژین ئەکردەوە!
دەنگ و چریکەی باڵندەکان
لە ئامێز و لە نێو شاخ و پەل و پۆیدا،
تاڵی ژینی لە یادی ئەو ئەبردەوە!
قژ و کەزیی شانە ئەکرد دەستی شەماڵ
بە قەتار و سیاچەمانە
بە حەیران و لۆرە و هۆرە و بە گاڵەگاڵ!
دارەپیرە، بەر لە مێژوو
لە نێو ئەم خاکە ڕوا بوو...
دارەپیرە ڕیشەی ژینی
تا نێو دڵی گابۆر و ماسیی کوتا بوو!
دارەپیرە سەد قۆناخی دیبوو بە چاو
باروبنەی سەد کاروانی ڕاپێچابوو
دارەپیرە، زریان و شەختە و ڕەشەبای
سەدان کەڕەت بەزاندبوو!
دارەپیرە وەک ئێشکچی دەشتی سووتاو
لەسەر لووتکەی قەڵاکەی خۆی ڕاوەستا بوو!
دەشتی سووتاو
گەوای شەڕ و تێکهەڵچوونی سەدان جاری
دار و زستانی ملهووڕ بوو!
ئەوەی پاشەکشێی ئەکرد
هەر زستانی گژ و دڕ بوو!
وەرزێکی تاڵ
ڕۆژێکی ڕەش...
دارەپیرە، سەری نابووە کۆشی خەیاڵ
با، لاپەڕەی گەڵاکانی
وەک کتێبی کۆنی مێژوو ئەدا لاوە
ڕووداوانی یەکە یەکە
بە گوێی دەشتا ئەخوێندەوە
ورەی دەشتی
لە نێو خوێنی ڕووداوانا ئەژوێندەوە!
فەرمان درا... فەرمان درا...
دارەپیرە بقڵیشێنن
کۆتەی ئەنجن ئەنجن کەن و
بۆ زستانی سۆبەی کۆشکی فەرمانڕەوا
ڕەگ و ڕیشەی دەربهێنن
فەرمان درا، لەبەر ئەوەی
دارەپیرە پەنای یاخی و جەردەکانە
لەبەر ئەوەی سێبەری وی
مۆڵگەی گەڵاڵە و پیلانە
لەبەر ئەوەی هێندێ باڵندەی نافەرمان
کردوویانە بە هێلانە
پاڵ و پەسێو دارەپیرە
مەتریزی یاخییەکانە!
بیقڵیشێنن، هەڵیپاچن
چیلکەی کەن و...
بە سێدارەی یاخیبوونیا هەڵیواسن!
***
داس و کۆتک و تەوەر هاتن
لە سێبەری دارەپیرە
ئیستێکیان کرد
چاویان گێڕا
دارەپیرە، وەک بەردی ڕەق
خۆی بۆ زەبری داس و کۆتک و تەوەر و چیتر ئامادە ئەکرد!
خێڵی دوژمن،
بە هەڕەشە و گەلەکۆمە
هورووژمیان بۆ دارەپیرە برد!
دارەپیرە، گوێی نەلەقان
تەنانەت چاوی نەنووقان
قووڵتر لە جاران دەماری،
بە نێو ناخی خاکا چەقان!
خێڵی دوژمن، ماندوو بوون و
لە سێبەری دارەپیرە ڕاکشان و
کەوتنە ڕاوێژ و تەگبیران
گەورەکەیان وتی: یاران
وەک کورد ئەڵێ:
«دارێ پوازی لە خۆی نەبێ قەد ناقڵیشێ!»
بیروڕاتان کۆ کەنەوە، ناشێ نەبێ!
پوازێ لە خۆی پەیدا کەین و دایتاشن و
ئیتر ئێوە کارتان نەبێ!
***
کەوتنە گەڕان...
ئەملا گەڕان، ئەولا گەڕان
لە ئەنجاما، بەرچاویان کەوت
لقێ سووتاو!
ڕەق و تەق و ڕەنگ بزرکاو
لار و گێڕ و لەبەر خۆرەتاو هەڵقرچاو
لاواز و بێ بەر و گەڵا
خوێڕی، ناحەز و بەرەڵڵا!
وتیان: خۆیە...
دیارە دەبێ بە ئارەزوو هەڵیقڵاشین
بەو جۆرە وا مەبەستمانە
بۆ گیان ئەم دارە دایتاشین!
لقیان بڕی.
لقی لار و خوار و خێچ و بێ ئەمەگیان
بە بەڵینی درۆ کڕی!
دایانتاشی،
تیژیان کرد و...
بوو بە پواز!
وتیان پێی چۆن خەیانەت کا...
هۆرە کەوتە بەر دەمیان و...
پیرەداریان گەمارۆ دا.
دارەپیرە هەناسەی ساردی هەڵکێشا
وتی: لقە، مەڕۆ مەبە بە دارەدەست
قەی ناکا هەر ماوەت ماوە...
باوەشی من هێشتا بۆ تۆ ئاوەڵایە!
لەگەڵما بە لەبەرامبەر ئەم بەڵایە!
مەڕۆ لقە! جێم مەهێڵە
دەشتی سەوزی باوانی خۆت
بە ئاموور و نیری بێگانە مەکێڵە!
بەڵام هۆرەی ویژدان تۆپیو و
پووزەی تێژی نا سەر سینگی دارەپیرە
ئەم جارە دار وتی: پواز!
وەرگەڕێوە بۆ خۆت ئەڵێم
من نامرم...
لە ئەوپەڕی مەرگیشەوە هەر دێمەوە!
مێژوو حوکمت لەسەر ئەدا
دوژمن خاکی خەیانەتت بەسەر ئەکا
فریو مەخۆ، داوی نەیار بپچڕێنە
تف لە سیمای عەرنەمووت کە
هەڵبرووسکە و چاوی دوژمن قاڵاوپووت کە!
پواز وتی:
ئیتر من ئەو لقە لەڕ و لاوازە نیم
تەماشام کە، بزانە چیم
ڕێزم ئەگرن، قەدرم هەیە
جامەی ڕەنگین بۆ سەرتاپای باڵام ئەبڕن
بەڵێن وایە بمکەن بە دەستەی خەنجەری
بەر پشتوێنی فەرمانڕەوا!
من چیم داوە لە یاخیبوون
نازانم لە خەبات دژی سەرما و سۆڵە و
مافی ڕەوا!
ئیتر پارە و پاروو لە لام هەر وەک کایە!
زگم تێرە و جامەی زێڕین لەبەر ئەکەم!
قەد نەمدیوی، نایشتناسم
ڕەگەز چییە؟ باوان کامە...
زێد و وڵات لەلام بایە...
خۆ وەحشی نیم، ئێوەمانان
لە ئەم یاڵ و دوند و چیایە!
تەماشا کە، چەندە لووس و جوان و شەنگم
چەندە تیژم
کێ ئەزانێ من ئەو لقە هەڵقرچاوەم!
هەلی وا قەت دەست ناکەوێ
لەسەر فەرمان دەتکوژم و
داخم بە سەرتا ئەڕێژم!
***
پوازی نەیار... وەک سەگی هار
قەپی کردە ناقی دارا
خێرا هاتن داریان دا بەر
دارەپیرە لەنێو خوێنا
ئەم وشانەی هاتە زارا...
من نامرم... لەناو خوێنا ئەژێمەوە
وەک چوزەرە و چرۆ لەسەر لووتکەی خۆمدا دەڕوێمەوە.
دارەکەیان بنبڕ کرد و
بۆ ئاگری کوورەی کۆشکی سوڵتانیان برد.
ڕێی کەوتن و پواز وتی: ئەی من نابەن؟
گەورەکەیان وتی: لاچۆ...
لاچۆ لەبەر چاوم بۆگەن!
قەت نەمدیوە خاین بەخۆ
بێژگە هۆرەی سپڵە وەک تۆ
تفی لێکرد...
بە شەپان و تێهەڵدان
فڕێی دایە نێو زبڵدان!
***
ئەوان چوون و...
دوای شینگێڕی دارەپیرە
مقۆ مقۆ کەوتە چیا...!
باڵندەکان هەواڵێکیان بۆ یەک ئەبرد!
پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لە یەک ئەکرد!
وتم چییە؟ چی قەوماوە؟
لەدوای مەرگی دارەپیرە
جگە خوێن و ئەشک و ماتەم
چیمان ماوە؟
وتیان: نابێ بیدرکێنین
نهێنی و ڕەمز و ڕازە:
دەبێ بە چاو خۆت بیبینی!
کاتێ چوومە سەر مەزاری دارەپیرە
بە چاوی خۆم ئەوەم بینی
گۆپکە و چووزەی چەتری تازە!