نامۆ

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  1209 بینین
دەڵێم ئەم شارە جێ بێڵم سەفەر کەم
برۆم و خۆم لە دنیا دەربەدەر کەم
بە هاواری دڵ و بارانی دیدەم
لە دەردی خۆم هەمو عالەم خەبەر کەم
لە دەستی یاری دڵڕەق شەرتە ئیتر
بڕۆم تەرکی کچی ئومولبەشەر کەم
ڕەفێقانم گەلێ پەیمان شکێنن
بڵا ڕاکەم لە دیتنیان حەزەر کەم
ئەگەر بۆم بێتە جەننەت ئەم وڵاتە
شەقی پێدادەم و عەزمی سەقەر کەم
هەڵۆی شاخم کەوی دیلی قەفەز نیم
بڕۆم و ڕوو لە کێوان و کەمەر کەم
گوڵێ ناپشکوێ لەم شۆرەکاتە
لە وەرزی وشک و قاقڕ چۆن سەمەر کەم؟!
جەفا تەنگی وەها لێ هەڵچنیوم
دەبێ هەر بۆ وەفا شین و چەمەر کەم
هەموو نامۆن و من تاک و غەریبم
نەماوە ئاشنا بۆ کوێ نەزەر کەم
شەوارەم بێ نەبینم رۆژی ڕووناک
ئەگەر بەم شارەدا ئیتر گوزەر کەم
وڵاتی مەرگە ئێرە، گۆڕی عەشقە
بڕۆم چاکە و لە خۆم دەفعی خەتەر کەم