قەقنەس

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  763 بینین
تاریکە و شەوەزەنگ
گەلە گورگ
دەورەیان لێداوم
چرایەک ناسووتێ،
چرای دڵی خۆم نەبێ.
ڕوون ناکات ترووسکەیەک
ڕێگەی بەر هەنگاوم!
سەگ وەڕە و لوورەی گورگ
کەوتوومە نێو بۆسەی چەند جەردەی پەتیاوە!
یەکێ لەو بنارە
یەکێکیان لەم گردە
یەکێ تر لەو دۆڵە
یەکێ لەم کەنارە!
چرایەک ناسووتێ
باش ڕێگا نابینم
پەروانەی بێ ئوقرەم
چەواشەی ئەوینم
گەلە گورگ
خێڵی سەگ
ڕێگەیان تەنیوم
دانیشم بە هیوای کام ناکەس
هەڵدەستم
خۆم ئەکەم بە ئاگر
مەرگ ئەکەم بە گەرای ژینی نوێ
وەک قەقنەس