دڵتەنگییەکانی فەرهاد

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 2 خولەک  590 بینین
١
چەند گەڕاوم
لە شار، لە دێ
لە نیشتمان، لە بیانی
سوێند دەخۆم
نەمدیوە کەس
وەک تۆ کچێ
شەنگ و چەلەنگ!
لە ناو کچانی دنیادا
هەر تۆ جوانی!
٢
بانگت دەکەم
دەم پڕ دەبێ، لە شیلەی گوڵ
ئەوین هەتاوێکی گەرمە
هەنیەی تەنیاییم ماچ ئەکا
بانگم دەکەی
ئاسمان دەبێ
بە چارشێوی گوڵئەستێرە و
دارستانی کپی ژیان
پڕ دەبێ لە چریکەی بولبول!
٣
شیرین گیان!
پێش لەوەی بتناسم
تفەنگێکی یاخی بووم
گرژ و مۆن...
لە لووتکەی خۆمەوە
تا بەرپای عەشقی تۆ
کەوتمە تلاوتل!
ئێستا لە قەراخی ئەستێرکی ئەوینتا
هەر وەکوو شۆڕەبی
خاکەڕاو لارەمل!
٤
شیرین گیان!
خەریکم شێت دەبم
تۆیان لێم بزر کرد
ئاخر چۆن
من بەرگەی فیراقی تۆ دەگرم.
ئەگەر زوو نەیتەوە
تۆ خۆش بی
من دەمرم!
٥
شیرین گیان!
لە دووریت
بووگم بە پەیکەری ژان و ئێش
وەرەوە، بخزە نێو چاوانم
زوو بە زوو
دەترسم، کڵپەی ئاگری دڵ
بتکات بە خۆڵەمێش!
٦
شیرین گیان!
دڵتەنگم
شەودێزی خەیاڵم دەنێرم
سواری بەو وەرەوە
لە وەختێ ڕۆیشتووی دەروونم خەزانە
بە دەستی نیگایەک، بزەیەک
دەلاقەی دڵ بەرەو
بەهاری جوانیت بکەرەوە!
٧
شیرین گیان!
من ئەگەر خوا بایام
تەنیا تۆم دەخوڵقاند
دەمکردی بە تەنیا ئافرەتی ڕووی زەوی
پەسنی تۆم دەکرد بە مەسحەف و
ڕۆژانە سەت ڕەکات نوێژم بۆ دەکردی!
ئێستاکەش...
من ئەگەر خوا بایام
قابیزم دەناردە خوارەوە
ئافرەتی سەرانسەر ڕووی زەوین بمرێنێ
تۆم ئەکرد بە تەنیا خواژن و
ئیتر هەتا ئەبەد
سوژدەم بۆ دەبردی!