گەڕانەوە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  492 بینین
گەلێ یاران!
کاتێ مردم، دەخیلتان بم!
لەم غەریبستانە مەمنێژن
جەستە ماندووە خەمرێژەکەم بسووتێنن
خۆڵەمێشە خەمبارەکەم
بە ئاوی دیجلە بسپێرن!
دیجلە دەمبا بۆ ئوقیانووس
دەبمە هەڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
بای زریانیش هەڵدەکات و
جەستەی سپیی چەشنی هەورم
دەباتەوە بۆ کوردستان!
دڵتەنگ، دڵتەنگ
لە سەرچاوەکەی ژیانمەوە
چەشنی هەورێکی خەماژۆ، دادەبارێم
لە کوێستان و لە پێدەشت و دارستانا
دادەبارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ
ژیلەمۆی دڵ دابەش دەکەم
بەسەر هەموو کوردستانا!