تەنزی فاڵگیر
لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
4 خولەک
609 بینین
ڕۆژێکی جەنگەی ئێوارێ
ئەمن تەنیا لە حەسارێ
لەبن دارێک دانیشتبووم
بە خەیاڵان ڕۆیشتبووم
چیلکەم لە حەرزی وەردەدا
شەرق و غەربم تێک بەر دەدا
لە پڕ دەنگێکم گوێ لێ بوو
نەمدەزانی چ بوو، کێ بوو
هاوارێک منی ڕاپەڕاند
کە لە کۆڵانی دەینەڕاند
کێ فاڵم پێ دەگرێتەوە
گرێی بەختی بکرێتەوە
باوەڕ کەن زۆری نەکێشا
سرنجی خەڵکی ڕاکێشا
تالعەی بەختی تازە لاوان
چارەنووسی لێقەوماوان
دڵم ئاوێنەی بێگەردە
دوعام دەرمانی سەردەردە
کۆمەڵی ژنان خرۆشا
ئەو کۆڵانە نەیدەکێشا
یەک بای دەلاقی وەستابوو
یەک منداڵەکەی ترسابوو
یەک لە کوڕەکەی بێ خەبەر بوو
یەک ئاڵ و شەوەی لەسەر بوو
ژن دەیانگوت: بێ ئەولادین
کچ دەیانگوت: بێ مرادین
لە دەوری ئەو کەللە پووچەی
هەنگامەیەک بوو لە کووچەی
بێ خەبەر دەیگوت: خەڵکینە
ئەوە شەڕە، یان کۆپینە
منیش لە سووچی دیوارێ
خۆم حەشار دا لە کەنارێ
ژنێک قەڵەو سوورکارە
ئەمما مەزڵووم و بێچارە
سەیدی گرت و زیارەتی کرد
دوای ئەوەی سڵاوی لێ کرد
«دڵی پڕ بوو دەستی پێ کرد»
«بابە سەید ماڵە بابم
بە کەسەوەت بە فیدا بم
ئافرەتێکی لێ قەوماوم
بە کیژی بە زۆریان داوم
ئێستاکەش لەلای ئەو پیاوە
ئەوە ساڵێکی تەواوە
بێ ئەولاد و بێ منداڵم
بۆ ئەولادێکی دەناڵم
دایکم دەڵێ حەبەساوی
بە کچی لە ماڵێ ترساوی
چوارشەمبەی سەرت شووشتبووە
ئاوی کوڵیوت ڕشتووە
تفلێ پەریانت کوشتووە
دەستی وانت هەر لەسەرە
نەخۆشییەکەت زۆر خەتەرە
مێردەکەت لێت ناخوا خەمێ
ئەگەر جارێکی بیگەمێ
شەرتە دەردێکی دەدەمێ
دەیکەمە پەندی عالەمێ
هەموو لووتم لێ با دەدەن
هەموو تەوسم پێدا دەدەن
خەسووم دەڵێ گەر بمێنم
ژنێکی دی بۆ کوڕم دێنم
دشم دەڵێ دزنەبەرە
هاو لات کوڕیان لە بەرە
خەزوور دەڵێ چۆن گەورە بووی
هەر دەزانی بنێشتی بجووی
هیندەم بیستووە قسەی ئاوا
ئیدی تاقەتم نەماوە
دوعایەکم بۆ بنووسە
بیگۆڕە ئەو چارەنووسە»
سەیدی بە مەکر و حیلەباز
ئاوای فەرموو بە مەکر و ناز
«من وەکیلی چارەنووسم
دوعایەکت بۆ دەنووسم
دوو کوڕ لە تۆ بێ بەوجوود
نێویان نێ ئەحمەد و مەحموود»
سەید کاغەزێکی هەڵگرت
سێ فووی لێ کرد، دوو تفی تێ کرد
بڕێکی نووسی بە خەتی ورد
ئەوجار کردی بە پرتەپرت
لە داوی دا سەیدی کەبیر
ئاوای فەرموو بە ژنی فەقیر:
«سێ بست لە گوریسێک فڕێ دە
سێ گرێی ئەستووری لێدە
لە ئافتاوێک ئاوی باوێ
سێ ڕۆژ داینێ لەبەر تاوێ
ڕۆژێ حەوت جاری سەر دە
جارێ چل باری تێ وەردە
ئەگەر گرێی گوریس تواوە
جا ئەوجار بێنە بەو ئاوە
سێ جار دەست و چاوت بشۆ
بۆ متفەڕک بڕێکیش بخۆ
ئەوجار بیدە بە خەزوورت
بە هێوەر و دش و پوورت
گەر هەموو خواردیان لەو ئاوە
دوعای من کاری تەواوە
خەزوورت لە قسەت لا نادا
خەسووت تەوست پێدا نادا
دشت لووتت لێ با نادا
هێوەر ئیمانی پێت دەبێ
مێردەکەت هەر بۆت شێت دەبێ
دەی دایکی مەحموود و ئەحمەد
جا ئەوجار وەرە بێ زەحمەت
کەللە قەندێکم بۆ بێنە
شوکری خوداش بەجێ بێنە»
لە نەقڵی مندا شک مەکەن
ئەگەر باوەڕم پێ دەکەن
کەللە قەندێکی بۆ هێنا
نۆ سەت دانە تمەنی دێنا
گەر حەقی دوعا وەرگیرا
چی دیم خۆ پێ ڕانەگیرا
لێی چوومە پێش گوتم: خاڵە
ئەو ڕسقەی خۆت پێ حەڵاڵە؟
ناترسی خەڵکی ئەو ماڵە
نەخۆش کەی بەو پەتک و پاڵە
پەتکت بۆ خستۆتە نێو ئاو
لێی دەستێنی قەندی میاندواو
سەید زوو هات بە لامەوە
بە سەلام و کەلامەوە
بە ئایە و حەدیسی نەبی
لێکی دا کوردی و عەرەبی
من کە خۆم زۆر پێ زانا بوو
ژنەم بە جاهیل دانابوو
بە قسەی خۆش و دەنگی گەرم
دڵمی کردە لۆکەی نەرم
دەمگوت: ئەسلەن هەر بۆخۆشم
ئەوجار گوریسی دەفرۆشم
بەڵێ گەلی قەوم و خزمان
گەلی هەژاری هاوزمان
میللەت ئەگەر بێسەواد بوو
بێ دەستەڵات و کەساد بوو
لێکیان هەڵگرت بوغز و کینە
دوور کەوتن لە ڕاستەقینە
ئیرادەیان دەکرێتە خەو
ڕۆژی ڕوونیان دەبێ بە شەو