کۆیلەی خەم
لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
1 خولەک
657 بینین
ئەو دەمەی بە خەم، دڵ مەستی مەستە
ئەو دەمەی ئەژنۆ، دەسگیری دەستە
ئەو دەمەی کەس نییە وێڕات بناڵێ
دەگەڵت بگرێ و خەم ڕابماڵێ
پەنا بەرە بەر داری سنەوبەر
بڵێ بێ کەسم سایەم بخە سەر
دەستم لە مل کە و خۆت ڕابژێنە
گەڵات وەک ئەسرین بۆم هەڵوەرێنە
گەڵای عومری من بەردەوە خوارێ
با نەجاتم بێ لە خەم بە جارێ
ئەو مەلانەی وا دێنە سەر چڵان
ئاگاداریان کە لە ڕازی دڵان
بڵێ کە شاعیر ژیانی تەم بوو
شادی هەر نەدی، بەشی هەر خەم بوو