بە تۆ چی تاوڵ و چیغ و جێگەواری

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  404 بینین
ئەرێ ئەی دڵ هەتا کەی وێڵی یاری؟
هەتا کەی چاوەڕێی گەشت و گوزاری
هەموو عومرت لە ڕێی عیشقا لە دەس چوو
بە پیریش بۆ گوڵت هەر بێ قەراری
نییە ئارام و سەبرت، وێڵ و شەیدای
نەخۆشی چاوی مەستی پڕ خوماری
وەکوو بولبول چیا و دۆڵ بۆتە جێگەت
لە کوێستان گوڵ نەما خۆ ئاسەواری
ئەوەی یارت بە تۆی کرد کێ بە کێی کرد؟
حەرامی کرد لە تۆ لای لێڕەواری
وەکوو قەندیل بە سەربەرزی بژی تۆ
وەلا نێ مەیلی دۆستی یاری یاری
هەموو دنیا گەڕای ئاخیر سەرەنجام
لە گۆشەی میحنەتا بێ گوڵعوزاری
لە باغ و گوڵشەن و سەحرا و دەر و دەشت
بە تەنیا تۆی غەریب و نادیاری
دەبا بەس بێ هەوای دنیاپەرستی
کە تۆ عەبدی خودای پەروەردگاری
بڵێ یاڕەب بە جاهی سەیدی سادات
بە حوببی حەیدەر و هەم زولفەقاری
لە تاوان و گوناهم خۆش بی یا ڕەب
بکە ڕوحمێک بە گریە و شین و زاری
خودایە ڕەحمەتت بڕژێنە سەرمان
بە چەشنی ڕێژنەبارانەی بەهاری
کە مردی «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» کردەت بە کار دێ
بە تۆ چی تاوڵ و چیغ و جێگەواری؟