سوپاسنامەیە بۆ کاک «حەمە پۆڵا»
چونکە کەرێکی بۆ ناردم بۆ تووتن هێنانەوە
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
3 خولەک
363 بینین
دیاریت بوو بە کەر حەمە
کورتان و ڕەشمەی کەمە
دەبێ وانیش بنێری
چۆن خۆیان لێ دەبوێری؟
هەرچەند کەرەکە شەلە
هەر باشە بۆ جەلجەلە
ئێسترە، پێ ناڵێم کەر
چاک لە کڵ هاتۆتە دەر
ناڵ کراوە دوو دەستی
لە خواردن ڕاناوەستی
زەڕەی خۆشە وەک کەران
بێ بەرگە بۆ هەندەران
دەبێ بۆی بکڕی کورتان
تەنگە و پاڵووی توند و جوان
ڕۆژێ چوار جێی پێ دەکەین
هەموو خزمەتی دەکەین
کوێ دڕک و داڵی لێیە
کەرەبۆز وا لەوێیە
دیارییەکەت ناتەواوە
کوا چیت لەگەڵ هێناوە؟
کەری وا پیر و جدەو
سەد دنیار چاترە لەو
دەینێرمەوە بۆ سەرت
بێفەڕ بوو حەمە کەرت
حاشا لەو خێر و بێرە
قەت شتی وا مەنێرە
حەمە گیان خۆ لەولاوە
بەحر هێرشی هێناوە
دایگرت دەشتی سەنگەسەر
«خڕەجوە» شی دایە بەر
«چۆمەسووتاو»، «کۆمەڵە»
بەحر گرتی بێ پەڵە
«مینە»و «قالەی مام ساڵە»
پێیان خۆش نییە ئەو حاڵە
گەییە دەشتی «مام وەیسی»
بەحر لە کێ دەترسی؟
کەنجاڕەشی دایە پێش
بێ ترس و خۆف و ئەندێش
بۆ «کەرسۆنە» و «سندۆڵان»
هەڵدەچنێ خڕ و دۆڵان
تەماتە و بامیە و خەیار
دەلوجە و شووتی و بیبار
زۆرم چاندبوون لەوان
شین دەچون حەنیکە و جوان
بەڵام گەر وا بکا بەحر
پێمان تاڵ دەکا شەکر
بە وشتریان گوت: کوا خەت
گوتی: پیشەم نەبوە قەت
جا من و تووتنەوانی
بۆیە چاکی نەهانی
بەو مانگی ڕەمەزانە
کە خۆی مانگی ڕۆژوانە
لەبەر ئەو بەحر و ئاوە
ڕۆژوون لەبیر نەماوە
توتنەوان چەشنی فسۆس
سووتاندیان بەری ئاسۆس
دەشتی بەر ماڵی دەربەند
لەمێژە دووی بەویش کەند
گەر ئاواشمان لێگەڕێ
باشە، ئاشمان دەگەڕێ
زۆر ڕەش و ڕووتی وەک من
بۆر و لاواز و ورگن
هاتن بۆ تووتنەوانی
بەختی وانیش نەیهانی
چەند مەلا و حاجی و سەید
هاتبوون خۆیان کرد قەید
هەتا بەحر ئاوای کرد
لە تڕێ خاس و عامی برد
شتڵیش هەموو سووتاون
کەس بەشی خۆی نەماون
«مەرگە» و «بیتوێن» و «پشدەر»
بێ شتڵ ماون یەکسەر
وەک ساڵی گرانی وایە
شتڵیش لە کڕین نایە
ئەو شتڵی وا زۆر و جوان
لاڕەشە تەڕکی لێدان
تووتنەوانی قوڕبەسەر
دەستی لە کراس هێنا دەر
کەنجاڕە کانگای تووتن
تووتنەوان لێی لا لووتن
خوایە تۆی کارسازی کار
نەمانگاتێ دەردی پار
وەک پار نەنکەی ماڵوێران
نەمانخەیتە هەڵدێران
موحتاج نەبین بە پشتاو
«کەڵە» و گەزۆ و کەمیی ئاو
خوایە! هەر خۆت غەفووری
تۆ لە گوناهان دەبووری
لێمان خۆش بی بە ڕەحمەت
کورتان و کەر بە لەعنەت
خوایە! کاک حەمە پۆڵا
پتەوترکەی لە پۆڵا
قەت نەبینێ ڕۆژی سارد
چوون ئەو کەرەی بۆ من نارد
لەگەڵ بەحری ئەو جارە
دەبێ چۆن بێ کەنجاڕە
من وام بۆ هاتۆتە پێش
هەمبێ هەزار سەر گامێش
هەر کە هەڵکات ڕەشەبا
گامێشی وا زل دەبا
وا ئەجەلت گەییە سەر
دەبا بەس بێ باسی کەر