چوومە سەیری باخ و گوڵشەن
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
476 بینین
ئەلحەقی، تازەنەمام و، بادەیی مەستانە گوڵ
وەک گوڵی سەر لێوەجۆ شاداب و دەم خەندانە گوڵ
بێ وچان دێت و دەچێ، ڕوح وەک پەپوولە عاشقە
شەمعی ڕوی قیبلەی مورادە، پەرچەمی ڕیحانە گوڵ
خاڵی سەر لێوی وەکوو شەهد و شەکەر پێوەندمە
زوڵف و ئەگریجەی لەگەڵ گێلگێلە هەر لەرزانە گوڵ
دەم بە خەندە و پێکەنین، سەر تا قەدەم هەر نازە ئەو
بۆو دڵەی پڕ مەینەتم، تاقی برۆی زیندانە گوڵ
چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ، خونچەدەم و شیرین جەماڵ
لابەری غایلە و خەیاڵ و شاهیدی پەیمانە گوڵ
چوومە باخ و سەیری گوڵشەن، پێی گوتم پیری موغان
وا لە بەزمی مەیفرۆشان، ساقی و جانانە گوڵ
گەر بە قانوونی حەبیبان، ڕوو لە حوجرەی من بکا
عەیش و نۆش، بۆسە و کەنار، ماچی دەمی هەرزانە گوڵ
مێخەکە و بەرموور و مووری چوونە سەر سێوی مەمی
چین بە چین زوڵفی درێژی عەسعەسی کوڵمانە گوڵ
بولبولی گوڵزاری عیشقم، نەغمەخوانم دەم بەدەم
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» خونچەی بەهار و حۆرییە، ڕیزوانە گوڵ