پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «ڕەباتی»

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  561 بینین
ئەی وەتەن قوربانی ئاو وخاکی کوردستانتم
ئەی وەتەن عەبداڵ و وێڵی سوورگوڵی شاخانتم
ئەی وەتەن بۆ باخەکانت بولبولی خۆشخوانتم
«ئەی وەتەن سەربازی کوردم، گیانفیدای لاوانتم
بۆ شکستی باوی تۆیە دیدە پڕگریانتم»
دەست بە خوێنی دوژمنانت سوور دەکەم وەک پاڵەوان
ڕاپەڕینم وەک هەڵۆیە، هەڵمەتم شێری ژیان
شەرتە هەرگیز ڕانەوەستم، ڕاو دەنێم بێگانەکان
«چونکە وا تۆیان زەوت کرد تاقمی زۆردارەکان
جارێ بێدەنگم لە تاوا سینە پڕ سۆزانتم»
دەیکەمە قووتی ژیانم هەرزن و گاڵ و بەڕوو
خەنجەر و شیر و تفەنگم، داری گۆچان بێ و چەقوو
ڕادەوەستم دەچمە مەیدان، قاو دەدەم ئەغیاری توو
«ڕۆژ و شەو بۆ تۆ خەریکم سەرفراز بی زوو بە زوو
بۆیە وا من هەڵئەسووڕێم وێڵ و سەرگەردانتم»
ئەی وەتەن شایانی مەدحی، لایەقی وەسفت بکەن
حەیفە بۆ تۆ ڕۆڵەکانت هەوڵی ڕزگاریت نەدەن
شار و دێهات و کەژ و کێو، شاهیدی ئەو حاڵەتەن
«دوژمنان ئەمڕۆ لەگەڵتا هەر ستەمکاری دەکەن
بۆیە وا ناحەز بە کۆڕ و خێڵی خوێنخۆرانتم»
ئەی وەتەن بۆ سەرفرازیت عالەمێ بۆت بوونە پرد
خوێنی گەشیان بوو بە لافاو کۆشکی زۆردارانی برد
بوونەتە داردەستی دوژمن، خائینان، چ درشت چ ورد
«چونکە ناپاکن لەگەڵتا چەند کەسی فێڵبازی کورد
داخی سەختە بۆیە ئەمڕۆ جەرگ و دڵ بریانتم»
ئەی وەتەن ئاو و هەواکەت، وەک بەهەشتە بێ درۆ
تاقە بووکی ئاسیا تۆی، خاوەنی گەنجی بە کۆ
بۆیە وا دڵ بۆت دەسووتێ بێ کەسی ڕووی دا لە تۆ
«خۆشە خاکی گەرمیانت، چونکە جێگەی گەنم و جۆ
وەی کە چەند ئاواتی باخ و کشتوکاڵ، کوێستانتم»
نیشتیمانم وەک بەهەشتە، چون چیا و دەشت و چەمەن
پڕ گوڵ و لالە و هەڵاڵە و نەرگس و سەرو و سەمەن
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» شەیدایە بۆ تۆ، وێڵە بۆ دار و دەوەن
«بێن بزانن چەند پەرێشانم هەمیشە بۆ وەتەن
گشت لە داخی دەردەداری کەم دەسیی کوردانتم»