پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «قانیع»، «فلوس»
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
2 خولەک
575 بینین
ئەی فلوس! تۆ بۆ هەژاران، گەرمی چەشنی ئاگری
بۆ هەتیو و بێ نەوایان، کۆشک و خێمە و چادری
ڕۆژی تەنگانە و شەڕ و شۆڕ، تۆ لە مەیدان حازری
«ئەی فلوس وەڵڵا لە دایک و باب و باپیر چاتری
تۆ لە دوو سەد خزم و خوێش و شێخ و دەستگر چاتری»
حازری فەرمانی تۆن میر و گەدا و شێخ، بێ پەڵە
هەر لەسەر تۆیە لە دنیا بەزم و هەڵڵا و گێچەڵە
کاری کوردانیش لەبەر تۆ ناتەواوە و پووچەڵە
«هەی بە قوربانی زڕەت بم ڕۆژی سەودا و مامەڵە
تۆ لە تیر و خەنجەر و بڕنۆ گەلێ ئازاتری»
سەیری دەعیە و پۆز و هاشەی، ئەم بزەی پوورە گوڵێم
وا لە داخانی دەسووتێم عەینی پۆلووی سەر کڵێم
دوور لە قەوم و دۆست و یارم، بولبولی پۆپەی چڵێم
«وا بزانم بێ ئەدەب نابم، ئەگەر ئەمڕۆ بڵێم
تۆ لە لوقمان و ئەرەستوو عالیم و زاناتری»
پیاوی زانا ئەم زەمانە برسییە و قەت نابێ تێر
چونکە هەر نادانە خاوەن پارەیە و بێ خێر و بێر
فەیلەسوف دوورەپەرێزە، گەل فرۆش بۆ پارە کوێر
«من بە چاوی خۆم دەبینم کەمتیارت کردە شێر
بەینی بەینەڵڵا لە خواجە و فەیلەسوف وریاتری»
ئەو کەسەی دوێنی کە دەتدی لینگ دڕاو و قوون دڕاو
ئەوڕۆ دەیبینی بە کەشخە و قۆندەرە و بەرگ و کڵاو
هەر لەبەر تۆ بوونە جاش و نۆکەری ئابڕوو تکاو
«چەن زەبەللاح و قوڕمساغ و تەڕاحت کردە پیاو
جا کەوا بوو تۆ لە خوێندن چاتر و باڵاتری»
خاوەنی دینار و فلسە، قاتیلی پیاوی هەژار
باخەڵی هەر کەس لە تۆ خاڵی بێ شێتە و بێ قەرار
هەرچی تۆ کردووتە بۆ کەس نایەتە حەدد و ژمار
«کلکی کەر بەرز کەیتەوە ئەیکەی بە پێشەنگی قەتار
ئافەرین بۆ تۆ فلس، بێ شک لە من داناتری»