پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «سەید کامیلی ئیمامی»، «ئاوات»
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
2 خولەک
514 بینین
جەوان و مەغرور، بێ هۆش و هەوت
لە حاڵی خۆشی و مەستی سەرکەوت
شریتی عومرم بۆی وەگەڕ کەوت
«لە ناکاو پیریم لێ وەدەر کەوت
بەختیش وەکوو خۆم هات و لێی خەوت
دونیا بۆ بەشەر وەک دانەداوە
ئەی خودا هاوار چیم لێقەوماوە؟
هەر لایەک دەچم تەواو شێواوە
«دەرکی نەجاتم لێ داخراوە
ڕێگەی ڕزگاریم ڕێک خوار و چەوت»
هێند پیرم نیمە نە خواردن، نە خەو
لە گەل جێماوم، ڕۆیی هێزی ڕەو
کەوتوومە قەفەز، بەندیم وەکوو کەو
«ڕۆژی ڕووناکم تاریکە وەک شەو
چرای ژیانم ماوە بێ نەوت»
ڕێی چاکان بگرە برام وا چاکە
لە دەس خۆت نەدەی ئەو دینە پاکە
لە دەس نەفسی شووم بۆ کێو هەڕاکە
«فتیلەی حەیات بە حاڵ ڕووناکە
هەر بینا ئەویش لە سووتان کەوت»
ژینی ئێستاکەم ژینی دۆمییە
بە گۆچان دەچم بۆ ئەو قۆپییە
ئەو ژینە تاڵە توخوا بۆ چییە؟
«جێگەی گەڕانم تا سەر چۆمییە
جێی دانیشتنم دەرگای مزگەوت»
خۆشیم قەت نەدی بەختم چەتوونە
خەتای کێ دەگری دونیاکە دوونە
پیریم میوانە و جەستەم زەبوونە
«هەی هەی لەو ژینە لەم بەڕێچوونە
کەچی بەو حاڵەش دڵ هەر نەسرەوت»
بوون بە هاودەمم خەم و پەژارە
دڵ ئێستاش شێتی دیداری یارە
لەگەڵیان دەڕۆم چارم ناچارە
«ئەسپی تەبیعەت هێشتا هەر سوارە
هەر وا بەکارە خۆشجڵە و خۆشڕەوت»
لە دەستم داوە عومری بێ عەمەل
تازە زەحمەتە بۆم هەڵکەوێ هەل
لە ماڵا کەوتووم لاڵ و کوێر و شەل
«چوارینە و هەڵبەست، قەسیدە و غەزەل
یەک لە دوای یەک دێن، پێنج، شەش و حەوت»
قەسەم بەو کەسەی بێ جێ و مەکانە
شیعرت ئاودارە، قووتی ڕەوانە
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» بۆ تۆ شێتە و دێوانە
«ئەو تەبعە سوارە، توند و ڕەوانە
بۆ تۆ «ئیمامیکەس» زەحمەت بێ زەوت»