وەسیەت
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
2 خولەک
650 بینین
ڕۆڵە ڕووناکی دڵم بخوێنە، خوێندن گەوهەرە
پیاوی زانا سەربەسەر زێڕە، وجوودی زیوەرە
خوێندن ئەمڕۆکە لە بۆ گشت پیاو و ژن، پیر و مناڵ
فەڕزە بۆ هەر کەس، چ فەڕزێ؟ فەڕزی ئەعلا و ئەکبەرە
ڕۆڵە «خالید» ڕامەوەستە، گیان بەخت کە بۆ وەتەن
نیشتیمانت دایکە، دایکیش، تاجی سەرشان و سەرە
ڕۆڵە «خالید» دوژمنت شەیتانە هەر دێت و دەچێ
بیکوژە، کوێری بکە، ڕووی ڕەش بکە، ئەو بەدفەڕە
ڕۆڵە خوێندن ڕێی نەجات و بەخت و ئیقباڵی گەلە
هیچ نییە جەهل و نەزانی، عیلمە زێڕی ئەحمەڕە
ڕۆڵە زانین و هونەر ئەمڕۆ بە کەڵکە چاوەکەم
چوون لە دنیادا سەراسەر، خوێندن ئەمڕۆ یەکسەرە
ڕۆڵە وەسیەت بێ لە تۆ پێشمەرگە بە بۆ هۆزەکەت
بۆ وەتەن دڵسۆز بە دڵسۆز، بۆ نەیار هەڵمەت بەرە
لازمە بۆ ئێمە خزمەت کەین بە گەل، قەوم و وڵات
پیاوی بێ بەهرە و نەزان، دارێکی وشک و بێبەرە
خۆشەویستیی نیشتمانت، دەر نەکەی ڕۆڵە لە دڵ
نیشتیمانت وەک بەهەشتە، خۆڵی میسک و عەنبەرە
ڕۆژ و شەو دەستەو دووعایە «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» بۆ نیشتیمان
نیشتیمان باخی بەهەشتە، ئاوی، ئاوی کەوسەرە