چاوەڕێم گەر یار کەرەم کا
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
857 بینین
چاوەڕێم گەر یار کەرەم کا، ماچی لێوانم بەسە
پێکەنینی زاری خونچەی کیژی کوردانم بەسە
عاشقی دوو چاوی کاڵم، بێ قەرارم ڕۆژ و شەو
بۆ تەنافی گەردنم داو، داوی زوڵفانم بەسە
دڵ وەکوو منداڵی ساوا، شەکر و نوقڵی لێم دەوێ
شەهدی لێوی دڵبەری سەروی خەرامانم بەسە
حۆریی و قەسر و قسووری جەننەتم ناوێ ئەمن
گوڵڕووخی شیرین قەدی ڕووماهی تابانم بەسە
کوێر و نابینا و خەمینم، من لە دووریی دڵبەرم
هەر وەکوو یەعقوبکەس جەماڵی ماهی کەنعانم بەسە
ئەی فەلەک تاکەی بناڵم سەبر و ئارامم نەما
یاری باڵا عەرعەری خۆش عەهد و پەیمانم بەسە
من کەوا پیر و زەعیف و بێ دڵ و سەوداسەرم
شیوەن و گریان و ناڵە و قەلبی بریانم بەسە
گەر گوڵم ڕوو کاتە ماڵم، دەر بخا نووری جەماڵ
نانی گاڵ و هەرزن و خەڕنووک و گەڵوانم بەسە
دەست و دامانی گوڵم بووم پێم گووت: ئەی ڕووحی ڕەوان
بۆنی عەتر و میسک و عەنبەر، زوڵفی ڕەیحانم بەسە
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» چیدی مەخۆ خەم، تۆ بڵێ بەو دڵبەرە
پەرچەم و ئەگریجە و، دوو ماری سەرشانم بەسە