وەکوو بولبول غەزەلخوانم

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  696 بینین
ئەی چرای کوڵمت ڕەفیقی زوڵمەتی شەو خەڵوەتم
ئەی موژەی وەک نەشتەرت، پەیکانی جەرگی لەتلەتم
ئەی جەماڵی ئافتابیت، سەیقەلی ژەنگی دڵم
ئەی دوو چاوی پڕ لە نازت، تاج و تەخت و شەوکەتم
ئەی شەمامەی باخەڵت، سێو و هەنار و پرتەقاڵ
ئەی قەدی سەروی ڕەوانت، نەخلی باخی جەننەتم
ئەی پەچە و زوڵفی بڵاوت، سونبول و ڕەیحان و گوڵ
ئەی دەمی خونچەت، شەفابەخشی دڵی پڕ مەینەتم
ئەی مژۆڵی وەک خەدەنگت، عەسکەری ڕۆم و فەڕەنگ
ئەی دوو لێوی لەعلبارت، شەکر و نوقڵ و شەربەتم
بۆچ بە ناهەق دەمکوژی ئەی شاهی خووبانی زەمان؟
هەر ئەتۆی ئاواتی قەلبی پڕ لە دەرد و مەینەتم
قەترە قەترە هاتە خوار، فرمێسکی چاوم بوو بە چۆم
وشک و بێ هێز و زەعیف و بێ گوڵ و بێ عوشرەتم
هەر وەکوو بولبول غەزەلخوانم شەو و رۆژ ناڵەمە
هەر وەکوو پەروانە کوشتەی شەو چراغی ڕوومەتم
کەس نییە وەک «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» لۆمەی ڕەقیبان هەڵگرێ
بێ دیار و یار و یاوەر، بێ دوو کوڵمی خەت خەتم