گوڵی باخی ژیانم

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  921 بینین
ئەی گوڵی باخی ژیانم، ئەی نەمامی لێوە جۆ
بۆچی تەنیا تۆ بەجێم دێڵی بە گریە و بابەڕۆ
تۆ ئومێدی ژینی من بووی مەقسەدی ڕێگەی نەجات
چۆن دەبێ جارێ نەپرسی حاڵی بەندەی ڕەنجەڕۆ
شەربەتی وەسڵت لە من بۆچی حەرام کرد تا ئەبەد
خۆ ئەمن هەر حازرم بۆ، ئەمری تۆ بێ گفتوگۆ
دەرد و ڕەنجی هیجر و دووریت وای لەگەڵ کردم هەتا
ڕووی قیامەت، زەحمەتە ژینم بەبێ دیداری تۆ
گەر بە لوتف و مەرحەمەت جارێ بپرسی حاڵی من
دێمە پەرواز و سەما، وەک باز و شاهێن و هەڵۆ
گەر بڵێم: حۆری وەکوو تۆ نابێ، ڕاستە و بێ ڕیا
با ئەویش جێگەی لە جەننەت بێ و ئەتۆش ئەهلی «چەکۆشوێن»
حۆریی باخی بەهەشتم هەر ئەتۆی ئەی لالە ڕوو
هەر ئەتۆی خونچە و نەمامی «کانی سێو» و «کانی سۆ»
بەسیە با بەس بێ هەتاکەی هەر بناڵێنم ئەمن
تاقەت و هێزم نەماوە چی دی ناکەم هاتوچۆ
دادەنیشم دەستەوئەژنۆ هەر دەکەم شین و گرین
ئەی خودا چی بوو لەسەر چی وای لە من کرد یاری نۆ؟
گەر وەبیرم دێتەوە ماچی خەت و خاڵ و دەمی
دڵ دەسووتێ وەک پەپوولە، دەچتە نێو شەم سەربەخۆ
تیری ئەبرۆی دا لە جەرگی «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» چون بێکەسە
سووری کرد پەنجەی بە خوێنی عاشقی گوڵزاری خۆ