قەسیدەی نوور
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
4 خولەک
636 بینین
محەممەد ئاوێنەی سڕڕی ئیلاهی
محەممەد شەمعی زوڵماتی مەناهی
لە دڵسافی ئەوە ئاوێنە حەیران
لەناو وێرانەیە گەنجینە پەنهان
چە جۆشێکە لە نەشئەی جامی نووری
چە بەزمێکە لە مینایی زهووری
بە زاهیر شەمعی جەمعی جوملە ئافاق
بە باتین مەعنەیی بێ لەفزە ئیتلاق
جیهان ئاوێنەی نووری جەمالی
دڵی هەر زەڕڕە خورشیدی خەیاڵی
زوبانی قابیلی حەمدی خودایە
لەگەڵ ناوی محەممەد ئاشنایە
چە ناوێکە جیهان دێوانەیی ئەو
چە شەمعێکە جیهان پەروانەیی ئەو
بەهاری بێ نیازی پەردە دوڕ بوو
شکستی دامەنی مەوجی گوهەر بوو
شەوی حەسرەت پەرستان وا سەحەر بوو
غوباری جیلوەیی نووری نەزەر بوو
لە دەریی محەببەت مەوجی خاکی
بەدەر کەوت گەوهەری ناوی بە پاکی
لە ئاغوشی ئەحەد میمێ بوو جۆشی
کە بێ ڕەنگی لیباسی ڕەنگی پۆشی
لە میعراجی بکا باسی زوبانم
لە حەسرەت مەحو ئەبێ فکرم ئەزانم
کەماڵی قامەتی بۆ جیلوە ئارا
خرۆشی عالەمی میعراج هەڵسا
بە تۆفانێ کە دەریا ئەمواج
بڵندی ئەوجی ئەو بوو مەوجی میعراج
خیرەد حەیرانی فکری عیزز و جاهی
تەووەهوم دەوری تەرفی بارەگاهی
مجەوهەر پەیکەری بێ سایەیی بوو
گەواهی زاتی وەحدەت پایەیی بوو
فەلەک ڕاکیع بە دەوری ئاستانی
مەلەک ساجید بە ناو و هەم نیشانی
لە جیلوەی بەرقی ئەم ئەسراری مەعنا
دوو عالەم بووەتە یەک گوڵزاری مەعنا
لە هەر کوێ مەوکیبی نووری بکا ڕوو
سوپاهی کفر و زوڵمەت زوو بەسەر چوو
بەهاری فکری من گەر مەوجزەن بوو
هەتا دامەن گریبان یەک چەمەن بوو
ئەوەند فەیزی ئەزەل گەرمی ئەسەر بوو
هەناسەم تا ئەدا مەوجی سەحەر بوو
خیرەد تەعتیلە بۆ تۆفانی ڕازی
لە دەریایی موحیتی بێ نیازی
ئەڵێ یاڕەب لە عالەمدا چ شۆرە
نیگاهـ حەیرانی شوعلە و تابی نوورە
لە دڵ تا نووکی خامەم پڕ مەعانی
میسالی شوێنی ڕێگەی کارەوانی
نەفس جەولانی بۆ ڕوویی هەوا بوو
میسالی خامە مەعنا ژێری پا بوو
بە بێباکی مەعاریف هێندە ڕۆیی
تەسەوور لەم بەهارە ڕەنگی ڕۆیی
لە قانوونی ئەدەب جۆشی ئەدا شۆر
لە شەمعی مەعنەوی پرتەو ئەدا نوور
خرۆشی دڵ لە حاڵاتی خەمۆشی
سەراسەر هەردوو عالەم دائەپۆشی
فروغی گەوهەری ئەسراری شاهی
زهووری حوسنی مەحبووبی ئیلاهی
لە تاقەتما نییە گەر لێ بدەم لاف
لە وەسفی بادەنۆشم دورد ئەگەر ساف
لەوا مەعنا لە ئێمە نەقشی تەحریر
لەوا حوسن لە من پەروازی تەسویر
بەبێ سەرمایە خۆی سوودی جیهانە
خەریداری مەتاعی ئینس و جانە
تەمەننا لەم بەهارەی فەیزی خەرمەن
گوڵی سەد ڕەنگی ئەچنی پڕ بە دامەن
«يد الله فوق ٲيديهمعەرەبی» کە بوو زەج
سیفاتوڵڵا لە ڕوخساری ئەدا مەوج
شەپۆلێکی ئەدا جیلوەی گەوهەری فەیز
هەموو دونیای ئەپۆشی جەوهەری فەیز
خەتم جوملە خەتا عیجزم گەواهە
هەموو حەرفم زوبانی عوزرخواهە
لە تەحریراتی وەسفی خامە عاجیز
سەراپا پەردەی غەفڵەت بوو حاجیز
هەموو نسیان و سەهوە نەقدی حاڵم
خەتا سەرمایە بوو بۆ ئینفیعالم
لە خوانی بێ درێغی شاهی «لولاكعەرەبی»
میسالی کاسەیی سایل نۆ ئەفلاک
چە نیسبەتییە هەموو دەریا بە جودی
چە وەزنێکی هەیە جودی بە جودی
خرۆشی خەجڵەتم لێرە بەیانە
کەوا جیسمی لە نووری جانی جانە
بە زاتی خۆی کە وەسفی زاتی خۆیە
لەبی قاسیر بەیان بێهوودەگۆیە
لە وەسفی مەسڵەحەت قەتعی زوبانە
خەمۆشی لێرە بۆ من تەرجومانە
وەکوو زولفی پەرێشانی بە پێچم
هەموو عالەم ئەزانن من کە هیچم
خودا مەدحی بەبێ زار و زوبان کرد
لە قورئانا لە چەند جێگەی بەیان کرد
ئەگەر ڕێگەم بدا لوتفی خودایی
من و دەرگاهی ئالی مستەفایی