قەسیدەی موناجات
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
600 بینین
ئیلاهی خاکسار و زەعیفم
لە قودرەت عاجز و زار و نەحیفم
لە مشتێ خاک مەعدوومم عەلامات
وجوودم نەفییە زاتی تۆیە ئیسبات
فوغانم بۆ هەوای تۆ شوعلە تەرکیب
خەیاڵ بۆ حیرەتت ئایینە تەرتیب
وەها خورشیدی حوسنت بێ نیقابە
نیگاهی شەونمی من مەوجی ئابە
تەماشا پێکەنینی دێ بە حاڵم
نیگاهـ شەرمندەی نەقشی جەماڵم
نیشانی من بینای وەهمە تەعمیر
خەیاڵی من پەڕی عەنقایە تەسویر
دڵ و نەقشی تەمەننا نەنگی داغە
سەر و شۆری تەلەب حەیفی سۆراغە
لە سەحرایێ کە مەنزڵ بێ نیشانە
شکستی من مەتاعی کارەوانە
سەنایی عیززەتت تەرکی سەنایە
دەلیلی هەستییە و هەستی خەتایە
بە نیسبەت حەمدی تۆ عاجز بوو ئیدراک
چە نیسبەت خاکی تیرە و عالەمی پاک
سەراپا سەفحەکەم خەجڵەت نیگارە
بە هەر ڕەنگی وجوودم شەرمەزارە
ئەگەر من خۆم شتێکم کوا وجوودم
بە عەبدم ناو ئەبەن من کوا سجوودم
لە سەحرایی فەنا تۆزێ غوبارم
نەفس بۆ نیستی دامی شکارم
ئەگەر من ئەمنم کوا قودرەتی من
کە سەرگەردانە بۆ تۆ حیرەتی من
وەکوو سایە عرووج و پەستیی من
بە خورشیدی تۆ دەوران هەستیی من
لە ئاغۆشی ویسال و من لە تۆ دوور
لە دڵ داغی جودایی بووەتە ناسوور
شکستی دڵ غوبارێکی هەوایە
بە ئەوجی بێخودی دەستی دوعایە
ئەگەر تەقریری مەتڵەب کا زوبانم
سەراپا نوسخەی سەهوە دیوانم
لە بەینی ئێمەدا هەستی حیجابە
لەسەر ڕووی غەفڵەتم ئەم پەردە لابە
بەسەر قەلبی حەزینم کە زهوورێ
بە سەفحەی نووری چاوم کە عبوورێ
نیگاهێ کە لەگەڵ من تۆ بەبێ من
فەنا بی من لە تۆ ئەی تۆ هەموو من
خرۆشی ئابادی سەودا کە سەری من
گریبانی جنوون کە پەیکەری من
بە جوز جیلوەی تۆ ئارامی نییە دڵ
بە غەیری ڕووئی تۆ کامی نییە دڵ
وەکوو بلبل ئەبەد نایبێ تەسەللا
نەکا بۆنی گوڵی باغی تەجەللا
پەرێشانم لە ئەحواڵی زەبوونم
بە جوز دەرسی جنوون «لا تعلمونعەرەبی»م
بە دەستی ناتەوانی و عیجز و ئیدراک
گریبانی سەبووری خۆم ئەکەم چاک
بەبێ ڕەنگی ئەحەد کەوتوومە دەریا
بە ڕەنگی نازی ئەحمەد دێمە سەحرا
زوبانم گەر ئەدا کا موتڵەعی تر
ئەکا خامەم بەیانی مەسرەعی تر