چەوتی دونیا و پارێز لێکردنی
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
555 بینین
بە چەپ ئەسووڕێ چەرخی پڕ جەفا
نە ڕاستی هەیە نە میهر و وەفا
چەپ ڕەفتارە خۆی بۆ کەچ ڕەفتاران
ڕاستی قەت نییە بۆ ڕاست و یاران
لە سەرت بکا تاج و سددارە
ئاخیر ئەیداتە پەت و سێدارە
خەلعەتی هەموو خەلقی لە دوایە
سەفای دەروونی پڕ لە جەفایە
عوشرەتی هەموو «عوسرەت» و «هەمە»
نیعمەتی هەموو نیقمەت و غەمە
هەموو نۆشێکی نێشی بەدواوە
هەموو خۆشێکی ئێشی بەدواوە
کە هەڵت ئەبڕێ کاتێ بۆ سەما
مەقسوودی وایە پێت بکا سەما
ئەبینم ئێستا فەریدی دەهرە
بێ جێگە و مەئوا ئەسیری دەهرە
ئەبینم سەری خاوەن هونەرە
لە ژێر پێ پیاوی نەزان و کەرە
ئەسپی زۆر ڕەسەن ئەخرێتە ژێر بار
کەریش ئەکەنە پێشەنگی قەتار
وەک حیکایەتی کاتی منداڵی
زۆر جار بیستوومە لە ئاڵی
کا و جۆ ئەدەن بە تانجی و بە سەگ
ئێسقان بۆ ئەسپ و ماینی موحەننەک
کاری چەرخی دوون هەمووی هەر وایە
چونکی خۆی چەوتە، چەوتی تیایە
وەک ئەبی وەردی لە عیلما ورد بی
فەسیح و بەلیغ بە دەست و برد بی
کە ماڵت نەبوو کەماڵت نابێ
چەماڵت نەبوو جەمالت نابێ
تا دەوڵەتت بێ غەمت زیاد ئەبێ
تا ئیشت زۆر بێ، ئێشت زیاد ئەبێ
یەک پارەت ئەخوا ئەیکا بە پڵاو
لە ڕێ ئەتگاتێ لێت ناکا سڵاو
چەند تەعام ئەخوا ئەو بە ماڵی تۆ
تۆش هەر غەم ئەخۆی وایە حاڵی تۆ
ئەو بە ڕۆژ بە کەیف پێ ئەخولێتەوە
تۆش بە شەو لە غەم هەر ئەتلێیتەوە
یا لە لایێ تر قافڵەی تیجارەت
جەردە لێ ئەدا ئەیبا بە غارەت
یا زۆردار بە زۆر خۆی لێت ئەسێنێ
بەندی جگەرت بەوە ئەپسێنێ
با بەس بێ باسی پارە و ئەمیری
با تۆزێ بکەین باسی فەقیری
دەردی گرانە حاڵی هەژاری
مەگەر وەک ئەو بێ نەخوێندەواری
بە زگی تێری بە سەد زگ برسی
کەس نییە جارێ لە حاڵت پرسی
موحتاجی دەستی نامەردان ئەبی
بۆ هەموو کارێ سەرگەردان ئەبی
بە هەردوولاوە دونیا ناخۆشە
هەر کارێ ئەیکەی هەمووی هەر بۆشە
ئەتەوێ دایم دڵت بێ غەم بێ
قەناعەتت بێ زۆر بی یا کەم بێ
دڵت بە دونیا هەرگیز مەبەستە
دڵ بە خوا بەستە چونکی ئەو بەستە
خۆی فەرموویەتی خیتاب بە بەندە
«أَلَيْسَ اللَّهُ بِكَافٍ عَبْدَهُعەرەبی»
دڵ ڕەحەت نابێ غەیری ئەم ڕێیە
«خادیمناسناوی ئەدەبی» دەمێکە ماڵی لەوێیە