وەڵامی خادیم بۆ محەممەد فیدا و فانی

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 3 خولەک  672 بینین
ئیمشەو لە خەڵوەتخانەی نیهانی
دوور لە بەزم و یار بێ هاوزوبانی
سەر ئولفەتی بوو بە ئەژنۆمەوە
خەیاڵم پەرت بوو هەر لە خۆمەوە
نە شەوقێ لە دڵ، نە جۆشێ لە دڵ
نە پەروانە و شەمع، نە بلبل، نە گوڵ
نیگاهی تیژ بوو تەسەوور لەولا
حیرەت ساغیری پڕ مەی ئەهێنا
دڵ لە خەیاڵی جۆشی گوڵ و موڵ
مەی ئەڕژایە ناو مینا بە قول قول
سەر لە جۆشی شەوق بێخودی ناز بوو
دەماغ هەم مەستی ساغیری ڕاز بوو
تەماشای مەیلی گوڵزاری کێ بوو؟
غوبار ئارامی بۆ ڕێگای کێ بوو
دڵ بێتابی بوو بۆ نامەی یاران
هەر ئەتلایەوە وەک گەزتەی ماران
تەمەننا سۆزی سەودای ئیخباری
تەڵەب سەرگەشتەی ڕێبازی یاری
لە ناکاو سەبا هێنای بۆ دەماغ
بۆنی پیراهەن بۆ دڵی پڕ داغ
کوڵبەی ئەحزانی بۆ کردمە گوڵزار
ڕووناکی دایە چاوی ئینتیزار
نامەی عەنبەرین، شەمامەی مەلیح
ورد و پڕ مەعنا بەلیغ و فەسیح
وەرم گرت بە شەوق بە دەستی تەعزیم
لە سڕڕ و مەعنای وەرم گرت تەعلیم
لە لەفز و مەعنا و ئەسراری وردی
فەسیح و بەلیغ وەک ئەبی وەردی
لەلایەن برای عەزیزم فانیکەس
نووسراوی جوانی وەک نەقشی مانی
کولبەی ئەحزانم زوڵمەتستان بوو
لە ناکاو کە دیم یوسفستان بوو
چەند شیعرێکم دی لە وەسفی موخلیس
ئەم گەنجە دوورە لە پیاوی موفلیس
حوسنی نییەتە ئەوەی فەرمووتە
وەئیللا من چی و ئەم تاق و جووتە
دڵت ئاوێنەی ئەسراری نوورە
لە ژەنگ و تۆزی حادیسە دوورە
زەمیرت ڕۆشن شەمعی شەوانت
بۆ فکری ورد و قسەی جوانت
لە هەر شەپۆلێ بە چەشنی دەریا
بۆ تۆی دەردەخا گەوهەری مەعنا
سەری پڕ هۆشت خەزێنەی خەیاڵ
تاجی «كرمناعەرەبی» بۆ ئەوە حەڵاڵ
شوکری خوام هەیە بۆ فانیکەس و فیداکەس
ڕازی بوون بە من بوونە ئاشنا
فەخرە بە هەر سێ بوومە ئاشنا
لە دەریای عیلمیان تا بکەم سەنا
زهنیان بە وردی خەتتێ بکێشێ
تیژی مەعلوومە موو ئەقڵێشێ
ڕازی بوون بەوە تا بێنە یانەم
یانەی ڕووخاو و سەد جار وێرانەم
قەدەم ڕەنجە کەن بە کاشانەی دڵ
بەم گەنجە شاد بێ تا وێرانەی دڵ
تەحەییوور مەتڵەب لەم ئارەزوویەم
تەپیدەن حاسڵ لەم جوستوجۆیەم
لە کام خەڵوەتە ڕێ بۆ ویسالتان
لە چ ئاوێنەی دیارە جەمالتان
دڵ بۆ دیتنتان زۆر لە خرۆشە
جگەر بەم ئاگرە هەر وا لە جۆشە
بێ قەرارە دڵ، هەر وا وەک مەجنوون
کاسەی ئیختیار بووە سەرنگوون
تەمەننا جیلوەی ڕازی ئێوەیە
تەماشا نەغمەی سازی ئێوەیە
فەرمووتە جیهان هەر خەونە و خەیاڵ
بۆیە دڵبەستەی نین ئەهلی کەماڵ
زاهیر هەنگوینە مەگەس لە دەورەی
نێشی لەدوایە ئەم نۆشە گەورەی
ئەمڕۆ وەهایە لای ئەهلی وەباڵ
کە ماڵی نەبێ، کەس نایبێ کەماڵ
من وا ئەبینی حوسنی زەننی تۆ
وەئیللا لە خار چۆن گوڵ ئەچنی تۆ
لای ئەهلی کەماڵ زانست کەماڵە
نەزان هیچ نییە چەند خاوان ماڵە
ئەدەب پەروەردەی ئەدیبی کوردم
«خادیمناسناوی ئەدەبی»ی ئەهلی زانست و وردم