فائیدەی سەعی و کۆشش و خەبات

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  595 بینین
خەبات کە، بڕۆ، بۆ مەنزڵ بە پێ
ئەگەرچی ڕووت بی، بێ کەوش و دەرپێ
بۆ ڕێگەی مەقسوود بڕۆ مەوەستە
گەیشتنە قۆناغ خزم و هەم کەستە
بەجێ مەمێنە لە ڕێگەی خەبات
دەستت ئەکەوێ لەم ڕێگە نەجات
کاروان ئەڕوا، دەنگی زەنگی دێ
ئەڵێ بمگەنێ، ئەهلی شار و دێ
هەتا نەبینی ئەزیەت و هەم ڕەنج
نابینییەوە تۆ ئاڵتوون و هەم گەنج
تەنبەڵ ڕێوییە و کارگەر چەشنی شێر
دەستی ماندووە لەسەر زگی تێر
ئارەقی کارگەر لەسەر ڕوخساری
قەترەی گەوهەرە لە ڕووی دەباری
هەر کەس بە نەوعێ ئەبێ خەبات کا
خۆی لە هەژاری هەتا نەجات دا
ئەوەی عالیمە بە عیلم و عیرفان
بە سنعەت بدا نەجاتی ئینسان
ئەوەی جاهیلە با کۆڵ بکێشێ
تا بە ئیسراحەت پێ ڕابکێشێ