هێزی هیوا لە وجوودی بەشەر
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
1 خولەک
797 بینین
ئومێد سیفاتی ئینسانی ژیرە
کاری پیاوی ژیر هەر بە تەدبیرە
پیاوی خیرەدمەند ئومێدەوارە
شادی ئەبینی لەم ڕۆزگارە
نائومێد نابی کاتی تەنگانە
«بعد عسر يسرعەرەبی» قەولی یەزدانە
لە ڕەشایی هەور ئەبینی جاری
بارانی سپی وەک دوڕ ئەباری
هیوات بەهێز بێ لە تەنگانەدا
شتێک هەر هەیە لەم هەمبانەدا
ڕوو لە خوا بکە مەنواڕە هەر سوو
چونکی فەرموویە «ولا تيٲسواعەرەبی»
پایانی شەوی زۆر تاریک و ڕەش
ئەبێتە سەحەر ڕووناک و هەم گەش
ئومێدەواری مەعنای ژیانە
بێ ئومێدبوونیش مەعنای نەمانە
ئومێد موئنەسی کاتی غەمخواری
ئومێد شیفایە بۆ دەردەداری
ئومێد ئەشیعەی نووری خودایە
بۆ تاریکی دڵ شوعلەی چرایە
بۆ دڵی ساردت گەرمی بەخشی شەوق
بۆ تاڵی زارت شیرین بەخشی زەوق