قەسیدەی بەهاری ژیان
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
3 خولەک
825 بینین
بڵێم ئەم شارە دەشتی خەتایە
بۆ خەتا فەخرە بۆ من خەتایە
سارای هەر وەکوو سارای مەحشەرە
میزانی حیساب لە دەست دولبەرە
لە هەر لا سەفی قەد نەونیهالان
ئەسووڕێنەوە هەر وەک غەزالان
وەک کەوی کەوی دەستەمۆی یاران
هەر یەک خاوەنی یەک لە دڵداران
شیرین غەزاڵان باڵا شمشاڵان
گەردن پڕ خاڵان خاوەن کەماڵان
یەک لەیلا ئاسا خاوەنی نازە
مەجنوون بە دەوری خاوەن نیازە
شەکەر لەب شیرین شیرین جەماڵی
فەرهاد مەگەسوار خاوەن ئەحواڵی
یەک وەک گوڵی سوور پشکووتوی بەهار
بلبل بە سەریا بە چریکە و هاوار
یەک ئەبرۆکەمان هەم خەدەنگ موژگان
جەرگی دڵداران ئەکەن بە نیشان
عوزرا عوزاران زولف زەنناران
پابەندی دڵی وامیق هەزاران
گوڵ ئەندام ئاسا یەک پەری پەیکەر
غەمدەر و غەمبەر، دڵدەر و دڵبەر
بەزمارای مەحفەل نەشئەدەر بە دڵ
عەنبەرین پەرچەم، پەرچەم لەسەر مل
لە دەشتی بەهەشت سەفی حوریان
بڵاو بووبوون ئیمڕۆ ئەچوون بۆ سەیران
منیش لەو کاتە ئەچووم بۆ سەحرا
هێزی ڕەفتارم بە یادی عەسا
لەناو ئەو جوملە ئاهو نیگاهی
پێشانی ماهی، گێسوو سیاهی
ئاشنا ڕازی بێگانە نازی
بەهانە خوازی، بەهانە خوازی
پرسی لێم گوتی: ئەی مامەپیرە
بۆ کوێ ئەچی تۆ چی ئەکەی لێرە؟
ئێرە سەیرانگای گوڵعوزارانە
ئێرە جێ بەزمی خاسی یارانە
جێ مەشقی عەشقی وەحشی حاڵانە
جێ شیرین ڕەفتار نەوغەزاڵانە
دوولا بوویتەوە چاو پڕ لە خەوی
چیت لێ ون بووە، ئەنواڕییە زەوی؟
گوتم گیانەکەم، مام بە فیدات بێ
ئومێدم وایە بۆ من وەفات بێ
ئەنواڕمە زەوی، جوانیم ون کردووە
پیری هاتووە جێی ئەوی گرتووە
منیش زەمانێ، دڵێکم هەبوو
هەر وەکوو بلبل گوڵێکم هەبوو
چاوم لە دەست و پەنجەی ساقی بوو
شەوان تا سەحەر مەستیم باقی بوو
مەستی چاومەستان گوڵعوزاران بووم
بەزمارای مەحفەل هەر شەوگاران بووم
گوێم ڕەهنی دەنگی موتریب و نەی بوو
چاویشم ڕەهنی سوراحی و مەی بوو
مەزاق شیرینی شەکەرلەبان بووم
شامە مەسرووفی بۆنی گوڵان بووم
لەمسم ئیلتیماس پەنجەی مەحبووبان
حەواسی خەمسەم نەیکردبوو زیان
لە هەر کوێ شەمعی جیلوەی دیار با
بەزمی نەی و مەی لەوێ لە کار با
بە دەوری شەمعان من پەروانە بووم
بۆ سووتانی خۆم بە پەروانە بووم
لە هەر کوێ لەیلا بووبا مەجنوون بووم
لە فیتنەی چاوی مەستان مەفتوون بووم
بۆ شیرین لەبان وەکوو کوهکەن
بە ناخوون سینەی خۆمم هەڵئەکەن
هێزیان لێ ساندم عەشق و هەم پیری
گیانی شیرینم چییە تەدبیری؟
ئەو دڵەی کە بووم ئێستا ون بووە
نازانم چی بوو، لەبۆ کوێ چووە؟
مەعلووم ئەزانم لای گوڵڕوخانە
شکم لای تۆیە بمدەوە گیانە
بە خەندە و بە ناز لێوی کردەوە
دووبارە یەغمای دڵمی کردەوە
گوتی ئەو دڵەت ئەسیری منە
پابەندی زوڵفی زنجیری منە
نایەتەوە لات، جێگەی زۆر خۆشە
لە بادەی وەسڵم، دایم سەرخۆشە
گوتم گیانەکەم ئەمانەتت بێ
لەگەڵ ئەو دایم عینایەتت بێ
ماڵ ئاوا «خادیمناسناوی ئەدەبی»، لە دڵ و لە تۆ
لە سارای مەحشەر ببین ڕووبەڕوو