وەزعی زەمانە تێک چووە لەم عەسرەدا

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  820 بینین
وەزعی ئەهلی ئەم زەمانە هیچ لە جێگای خۆی نییە
هەر چی ئەیبینی لە عالەم کردەوەی باشی نییە
تەربیەی مابەینی گەورە و گچکە شیرازەی پسا
مەسخەرەی منداڵە هەرچی پیری حەفتا ساڵەیە
هەرچی ئەیبینم لە شێخ و پیر و هەم حاجی و مەلا
بۆ تەمەع هیچی لەسەر ئادابی ئیشی خۆی نییە
شێخ ئەڵێ من واسیتەی بەینم ئەتان گەیەنمە خوا
خوا ئەزانێ درۆ ئەکا ئاگای لە مام شابی نییە
بۆتە میهنەی بۆ ئیدارە تەفرەی عالەم بدا
بەم سەر و مەندیل و ڕیشە تۆ ئەزانی سۆفییە
کەشفی ڕیشی گەر بکەی تۆ مەخزەنێکی پارەیە
هەم لە عیلم و حیکمەت و فەندا سەریشی خاڵییە
مام مەلا تۆ بۆچی شەرعی خۆت دەگۆڕی بۆ تەمەع؟
مەحکەمەی عەدل و نیکاحی ڕاستەقینەت بۆ نییە؟
تۆ نیکاحی تازەجوانی بۆ لەگەڵ پیرێ ئەکەی
تۆ بە هاوکوفی ئەزانی لای خودا هاوکوف نییە
دایک و باوکی بۆ تەمەع، تۆش بۆ تەمەع فتوا ئەدەی
تۆ سوئالی لێ بکە، ئاخۆ بزانە ڕازییە
لازیمە بۆ هەرچی حوڕڕە یەک سوئالی لێ بکە
ئەو نیکاحەی تۆ کە ئەیکەی جارییە بۆ «جاری»یە
تو خودا تۆش پێم بڵێ تۆ بۆچی بێ ویجدانی وا
پیری حەفتا ساڵە بووکی حەڤده ساڵەت بۆ چییە؟
حاجی بۆ ڕێگەی حەڵاڵ تۆشەی حەرامی حازرە
فەرقی ناکا هەر ئەوەندە پێی بڵێن ئەو: حاجییە
بۆ مەکە بەم نەوعە ئەڕوا پێی بڵێن قەت وا مەکە
خوا لە سیدقی دڵ ئەگا، کاری بە حیلەی بۆ چییە؟
عالیمی سڕڕ و عەیانە فێڵ لە خوا قەت ناکرێ
ئیش و کار و نییەتی پاک مەسلەکی ئینسانییە