باسی زەواڵی دونیا و نیعمەتەکانی

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  740 بینین
خامەیی قودرەت ئەنووسێ مونشیئی کەون و مەکان
هەر کەسێ زاوە بە حەتمی هەر ئەبێ بمرێ جوان
تا بە چەپ چەپگەرد ئەسووڕێ حاڵی دونیا وا ئەبێ
ڕۆژ و شەو هەر ڕۆژ و شەو دونبالی یێکن بێ گومان
هەر سەحەر دەرگا و دوکانی تاجیری ئەکرێتەوە
ئەم ئەبێتە مشتەری ئەویانە خۆی خاوەن دوکان
مشتەری خواهانی چی بێ هەر ئەوەی قیسمەت ئەبێ
خۆی ئەبێ عەقڵی هەبێ بۆ کالەی سوود و زیان
ئاشی دونیا هەر لە کارایە لەژێر دەستی قەدەر
ئاش بەتاڵی بۆ چییە دەستی قەزایە ئاشەوان
دانەیی تەڕ موددەیەکی پێ ئەوێ تا وشک ئەبێ
پاشی وشکی تالیبی هاڕینە تا ئەکرێ بە نان
یەک لە قەسری خۆی بە تار و عوودەوە مەستی شەراب
یەک لە کۆڵان فەرشی ئەرزە پێخەفێتی ئاسمان
ئەم بە سەییارە ئەکا سەیر و سەفەر بۆ سەڵتەنەت
ئەو بە کۆڵی گرانەوە ئەڕوا پیادە بۆ ژیان
ئەم هەموو دەم بیست تەعامی دێتە سەر کاسەی تەعام
ئەو بە نان و دۆیە جەژنی دائیما ژینی بە ژان
ئەم لە لایێ گەنجی بێ ڕەنجی بە ئاسان دەست ئەکەوت
ئەو بە ڕەنج و ئەزیەتی پەیدا ئەکا یەک تیکە نان
کاروانی ئەهلی دونیا یەک لە ڕێیە یەک لە جێ
بۆ فەنا ئەڕوا موحەققەق هەر کەسێ هاتە جیهان
ئەهلی حیکمەت عاجیزن لەم حیکمەتە چی تێ دەگەن
گەر فلاتوون خۆی لە خوم نێ، نابێ ئەم سڕڕە عەیان
ئەنبیا سەرگەشتە و حەیرانی ئەم حاڵەن هەموو
ئەولیا بەو داغەوە چوون مەلایک هیچ نەزان
ئەو کەسەی دونیا و مەخلووقی هەموو هێنا وجوود
خۆی ئەزانێ ئینتیزامی کار و ئەوزاعی زەمان
گەرچی یەک موحتاجە، یەک موستەغنی، یەک شا، یەک گەدا
قابیلی قیسمەتیە هەر کەس، عادیلە خۆی حوکمزان