هەموو شتێ ئەچێتەوە فەنا، باقی هەر خودایە

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  771 بینین
پیری هات و زەوق و وەزعی نەوجەوانی تێپەڕی
تەن لە زوعفا بۆ تەحەموول بارگرانی تێپەڕی
قابیلی دووبارە دیتن قەد نییە دەوری زەمان
ئاوڕێ ناداتەوە هەر کەس نیهانی تێپەڕی
لەززەتی عەیش و سرووری ئەم جیهانەی بێ وەفا
ماڵ و جاهـ و سوحبەتی یاران بە ئانێ تێپەڕی
خوا بەقوربانی ئەوەم کا هەر وەکوو من بەد نەبێ
هەر وەکوو مەردان بە ڕەنگی ئەرغەوانی تێپەڕی
هەر کەسێ چاکەی هەبێ ناوی بە ڕەحمەت باقییە
ئەو لە کاتی مردنا گەرچی نیشانی تێپەڕی
کاروانی ئەهلی دونیا مۆڵەتی دوو ڕۆژە بەس
هەر چی هات و موددەتێ ڕۆیی زەمانی تێپەڕی
وەک موسافیرخانەیە دونیا ئەوەی ڕووی تێ دەکا
چەند ڕۆژێکە کە نۆبەی نان و خوانی تێپەڕی
گوڵشەنیش خوڕڕەم بوو چەند ڕۆژێ لە فەسڵی نەوبەهار
وا ئەویش ئیمڕۆ بە قەهری بای خەزانی تێپەڕی
وەزعی ئەم عەسرەش لەناو یاران محەببەت کەم بووە
نیکخواهی و دۆستیی و میهرەبانی تێپەڕی
جوملە مەوجووداتی عالەم غەیری زاتی پاکی حەق
کاروانی ئەووەڵی گەر هات و ساتی تێپەڕی
دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان بەم جیهانەی بێ بەقا
خادیمناسناوی ئەدەبییش باقی نەماوە بۆتە فانی تێپەڕی