کە هەستا زولفی ڕووی داپۆشی من لەو داغە سووتاوم
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
1431 بینین
کە هەستا زولفی ڕووی داپۆشی من لەو داغە سووتاوم
ئیلاهی! ئەی ڕەقیب، ڕۆژی قیامەت بێیە پێناوم!
قەراری دا بە ڕۆحم تیری نازی چوو لە قەلبمڕا
مەپرسن چەند ئەمن لەو حەسرەتەی دڵ پڕ لە زووخاوم
دەمێکە هەر لەتوێی ئاوری دەروون و ئاوی چاوم دام
لە دووری تۆ عەجەب ماوم؛ نەسووتاوم؛ نەخنکاوم
تەبیبێکم نییە دەردی دەروونم بێ موداوا کا
هەتا ماوم بە ئوممێدی شیفا هەر چاوەڕێی ماوم
دڵم بۆ تۆ دەسووتێ، دیدەکەم بۆ تۆ دەبارێنێ
دەمێک وابێ، ئەمان! ئەی جێت لەنێو دڵ، پێت لەسەر چاوم
ئەتۆ ڕۆحت دەوێ ئەمنیش ئەدەب هەر تالیبی وەسڵم
مەکە مەنعم، بە دووری چاوەکانت! پیر و خەرفاوم
بە ڕۆح جۆیایی وەسڵە ڕەمزی چاوی، باوەڕیم نایێ
لە مەردوم هێند خیلافی وەعدە من دیتوومە ترساوم
لەلایێ بارشی چاوم، لەلایێ سۆزشی جەرگم
نە پێی دەمرم، نە پێی دەگرم، کەبابی نیوە برژاوم
لە سۆزی گریە جەرگم ڕەش بووە، چارم چییە چ بکەم؟
وەکوو ماسی بە نێو ماوم نە سووتاوم نە خنکاوم
بە بێ تۆ قەت نەژیم، شادیم نەمێنێ، دیدە بێ نوور بم!
دەمێک ئارامی ڕۆحم بە، حەیاتم، عومرەکەم، چاوم!
لە دەست ئەو شۆخە وا زولفان بە ناز دێنێ و دەبا، هاوار!
وەفاییناسناوی ئەدەبی ڕۆژی لێ کردوومە شەو، عومری بە با داوم