سوپاس بۆ مەهاباد

لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
 3 خولەک  953 بینین
کانگەی شەڕەف و غیرەت و ویژدانە مەهاباد
چاوگەی کەڕەم و هیممەتی مەردانە مەهاباد
جێی حورمەت و ڕێزگرتنی میوانە مەهاباد
بووژێنەرەوەی ڕووت و هەژارانە مەهاباد
ئامادەیی خزمەت بە غەریبانە مەهاباد
سابڵاغی لە ڕێی پیاوەتیا قەت نییە ترسی
کامی لەچەرە، بێتوو لە ئاکاری بپرسی
وەک حاتەمە، ئەو کاتە خەڵک کەوتە مەترسی
بۆ یارمەتی داماو و تەسەلکردنی برسی
ڕازێنەرەوەی خوانە، قەدرزانە مەهاباد
کێ بەرهەم و ڕەنجی لەبەین بردووە لافاو
کێ ماڵی هەموو ئاگری تێ بەربوو لە ناکاو
هاواری بگاتە گەلی ئەم شارە بە پڕتاو
بۆی دێ لە جل و بەرگەوە تا پارە بە لێشاو
ڕزگاری دەکا فەوری لە تەنگانە، مەهاباد
سابڵاغی سەتی دەی لە خەمی بوون و نەبوونە
باقی دی شەریکی خەمی داماو و زەبوونە
خەڵکێکی نیەت پاکن و بیریان هەموو ڕوونە
ئەم شارە لە بۆ کاری بەجێ بۆتە نموونە
تاریفی لە ناو خەڵکی وڵاتانە مەهاباد
لێ بووردن و ڕەحم و بەزەیی لێرە کە باوە
میراتە لە پێشینەوە بەم خەڵکە بڕاوە
ئازایەتی و غیرەت و هیممەت لە خوداوە
هەستێکە لە پاڵ میللەتی ئەم شارە نراوە
دڵپاکی و بێباکی لە خۆی جوانە مەهاباد
دڵیان پڕە سابڵاغی لە ئیخلاس و ئیرادەت
ڕووخۆش و گەشن، بێ غەرەزن، دوور لە حەسادەت
لایەنگری مزگەوت و ئەوینداری عیبادەت
دینداری و تاعەت چووەتە ئەوپەڕی عادەت
سەرچاوەیی خواناسی و ئیمانە مەهاباد
لەم شارە بڕێ کاربەدەسن، خێوی مەعاشن
بیستی لە سەدا خاوەنی سامان و قوماشن
داخم کە بەشی زۆرتری دەس کورت و لەپاشن
بۆ دەست و دڵ و خزمەتی خەڵکی هەموو باشن
ئەرکێکی گەلێ قورسی لە سەر شانە مەهاباد
دڵسۆزی بەرەی لارەمل و بێدەسەڵاتن
یاریدەدەری خەڵکی ڕەش و ڕووتی وڵاتن
ئەهلێکی بەشەردۆست و بە بەخشین و خەڵاتن
لای گشتی لە مەیدانی کەڕەم، شەرمە هەڵاتن
چون مەرکەزی دەس گرتن و ئیحسانە مەهاباد
کەمیان لە خەمی سەروەت و زۆرکردنی ماڵن
زۆربەی تەشەنی مەعریفەت و کەسبی کەماڵن
لاگیری هەقن، دژ بە خەڕافات و بەتاڵن
لێزان و بە بیرن، لە قەڵەم دا هەموو قاڵن
لانەی گەلی بیرڕوون و بزۆزانە مەهاباد
شارێکی چ خۆش دیمەن و جوان و بە حەشیمەت
لاوانی چ خوێن شیرین و پیتۆڵ و بلیمەت
گەنجی هەموو گەنجینەیی هێژا و بەقیمەت
پیرانی پتەوبیرن و بۆ ئێمە غەنیمەت
زانستگەیی پسپۆر و ئەدیبانە مەهاباد
من لێرە کەسێکم کە دەزانن هەموو ناوم
سی ساڵە لەناو میللەتی ئەم شارە ژیاوم
پیرم بە ڕواڵەت؛ چل و نۆ ساڵی تەواوم
پێم وایە لە سایەی سەری دۆستانەوە لاوم
خۆشی بە گەلی هاوەڵ و دۆستانە مەهاباد