پەری گیان
لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
1 خولەک
1120 بینین
ئەی تەختی هەنێت، تەختی سزا دانە پەری گیان
وەی چاڵی چەنەت قوژبنی زیندانە پەری گیان
شمشێری برۆت پارە دەکا جەرگی ئەویندار
خنجێری موژەت قاتڵی لاوانە پەری گیان
بسکت شەوەیە، ئاڵی دڵە ڕوومەتی ئاڵت
ئەم خاڵ و خەتەت قابزی سەد گیانە پەری گیان
چاوت چەتەیە، پیاوکوژە، سێدارەیە بەژنت
رووت ڕێگرە، کەزیەت پەتی خنکانە پەری گیان
بەرگێکە بڕاوە بە قەد و قامەتی شۆخت
ئەم جەور و جەفا و خەڵکی بە کوشت دانە پەری گیان
لێوت وەکوو یاقووتە، بزەت قووتە، ددانت
مروارییە، یا خۆ دوڕە مەرجانە پەری گیان
چاومەستی و تەڕدەستی و ئاشق کوژی و ناز
تەننازی و عەییاری لە تۆ جوانە پەری گیان
چاوم نییە، زۆر موستەحەقی خێر و زەکاتم
ماچێ بدە بەم کوێرە بەسەزمانە پەری گیان