بادینان - مێژووی و ئێستای

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 13 خولەک  1057 بینین

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێ تاوێک لای مێژووی بادینان و لای بەشەدیالێکتی بادینان بوەستین. بەداخەوە تائێستا لە ناوچەی ئێمەدا زۆر لە خوێندەواران هەوڵی ئەوەیان نەداوە کە لە مێژووی ڕاستەقینەی ناوچەی بادینان بگەن و گەر لە مەیدانی ڕۆشنبیریدا دواکەوتنێک لەو ناوچەیەدا ببینین، ئەوا هەوڵی ئەوە نەدراوە کە لە هۆی ڕاستەقینەی ئەو دواکەوتنە بگەین بۆ ئەوەی بەتەواوی بە ڕێبازێکی ڕاستدا چارەسەری بکەین. هەروەک هەندێ لە خوێندەوارانی بادینانیش چەشنە هەستێک وایان لێ دەکا دان بەو دواکەوتنەدا نەنێن و لە ئەنجامیشدا هەر بەلای چارەسەرکردنی ڕاستەقینەدا نەچن.

بادینان، کە زۆرتر، بەتایبەتی لە سەرەتای پێکهاتنی میرنشینی بادیناندا، بریتی بوو لە ئامێدی و دەوروپشتی، بەڵام لە هەندێ کاتدا پەرەی سەندووە تا گەیشتۆتە میرنشینی داسنی و شووشی و سلیڤانی و تا زاخۆ و سندی و شیروانیشی گرتۆتەوە

ئەم ناوچەیە لە کۆندا خاوەنی مێژوویەکی کۆنە و لە پێش ئیسلامیشدا شوێنی شارستانی بووە و لە سەدەکانی دواییدا میرنشینی خۆی هەبووە و لەم دوو سەدەیەی دواییدا مەڵبەندی خەباتێکی نەسرەوتی بێ پشووی خوێنین و قارەمانانە بووە. پەیوەندیی بادینان لە ڕووی شێوەی زمان و نزیکیی سنووری لە وڵاتی بۆتانەوە وای کردووە لە شێوەیەکی خەباتکاریدا پەیوەندیی لە گەڵ ڕاپەڕینەکانی کوردی بۆتان و هەکاریدا هەبێ و لە سەرەتای ئەم سەدەیەشدا بێ پشوو خۆی جێگەی خەباتی چەکدار و خوێناوی بێت و هەر لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانەوە ئازایانە بەرامبەر بە ئیمپریالیزمی ئینگلیز و نێرراوەکانی ئیمپریالیزمی ئەمەریکاش بوەستێ و لە زۆر جاردا کوردستان بکات بە چاڵی گیانکێشانی نوێنەرانیان.

لە ڕووی هەستی نەتەوەیی و بەشداریی خەباتی نەتەوەی کوردەوە ناوچەی بادینان بە هوشیاری و لە پێشەوە ناسراوە و تۆمارێکی ڕەنگینی قارەمان و شەهیدی زۆری خۆی هەیە. بەڵام وەک لە دەوری داگیرکەری عوسمانیدا نزیکیی بادینان لە خاکی تورکەوە وای کرد دەسەڵاتی یەکسەری تورک نەختێ لە ناوچەی سۆران و سلێمانی بەهێز بێ. هەروەها لەپاش دروستبوونی دەوڵەتی ئێستای عێراقیش بەستنی بادینان بە لیوای مووسڵەوە وای کرد کە لە ڕووی ژیانی ئابوورییەوە وەک دێهاتی ئامادە بۆ بازاڕی مووسڵ و بۆرژوازیی گەشەسەندووی مووسڵ تەماشای بادینان بکرێ و، ئەم تەماشاکردنە لە ژیانی ئابووری و ڕۆشنبیریی ئەم ناوچەیەدا دیار بێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە بە هەموو چەشنێک مانای عیلمییەکەی «لادێ»ی شارستانی مووسڵ لێرەدا بێتە دی و هەوڵی ئەوە نەدرێ کە پیشەسازیی تیا پەیدا ببێ و تەنیا بەرهەمی کشتوکاڵ و میوە بۆ مووسڵ بەرهەم بهێنێ و کرێکاری لە دەست دەرەبەگ ڕاکردووی بە هەزران ببەخشێ بە پیشەسازیی شار و بازاڕێکیش بێت بۆ ئەو شتانەی لە کارگەی شاردا دروست دەکرێن.

جا هەر وەک بە مەبەسی بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتە هەمیشە هەلی بەهێزکردنی دەرەبەگێتیی خۆماڵیی بادینان دراوە، هەروەها هەوڵی ئەوەش دراوە کە گیانی کوردایەتی لەم ناوچەیەدا بمرێنرێ و ڕێگەی ئەوە نەدرێ کە هیچ چەشنە دەسگایەکی ڕۆشنبیری کە لە ناوچەی سلێمانی و سۆراندا هەبوون، لێرەدا دروست ببن. لەبەر ئەمە هەر لەو کاتەدا کە خوێندنی کوردی لە سلێمانی و کەرکووک و هەولێردا خۆی دەپاراست یا پێش دەکەوت، لێرەدا بە کوردی ئاخافتن لە زۆر قوتابخانەدا لە ڕۆژانی «هێمنی»شدا قەدەغە دەکرا. ئەم بارە کە پەنجا ساڵێکی خایاند، چووە سەر ئەو دواکەوتنە گردەوەبووەی دەوری عوسمانی و کارێکی تەواوی کردە سەر ئەوەی کە نەک خوێندنی کوردی و بە کوردی خوێندنەوە لە بادیناندا نەبێ، بەڵکوو ڕادەی خوێندەواری و ژمارەی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لێرە لە شوێنەکانی تری کوردستانی عێراق کەمتر بێت. بادینان لە کۆندا هەروەک میرنشینی خۆی هەبووە، هەروەها مەڵبەندی خوێندەواریش بووە و لە مزگەوتە گەورەکانی بادیناندا قوتابخانەی وەک ئەوانەی ئامێدی و شووش و باڵەتە و قوتابخانەی قوباد هەبووە؛ زانای گەورە و شاعیری تێدا پێگەیشتووە. بەڵام باری ئەم دوو سەدەیەی دوایی تەواو کاری کردۆتە سەر ژیانی ڕۆشنبیری و خوێندەواریی کوردی و گەر کاری ئەو گزنگەی بۆتان نەبوایە، لەوانە بوو بارێکی خراپترمان بدیبایە.

کە واتە دەبێ بەباشی لەم بارە بگەین و لەوەش بگەین کە ئەم ساڵانی کارەساتە هۆشیاری و هەستی نەتەوەییی خەڵکی بادینانی بەرز کردووەتەوە و، خەباتی خوێناویی ڕەنگینی دوو سەدە سامانێکی گەورەی فۆلکلۆر، بەتایبەت «لاوک»ی دروست کردووە، کە هێشتا دەستی کۆکردنەوە و نووسینەوەی نەگەیشتۆتێ و لە خۆیدا سامانێکی گەورەی فراوانکردنی زمانی ئەدەبیمانە.

دەبێ دروستبوونی موحافەزەی دهۆک بکەین بە هەنگاوێک و بە دەرگای خوێندەواریی کوردی لە بادیناندا. بەڵام دیسانەوە دەپرسینەوە و چۆن بنووسین و چۆن وا بکەین کە زمانە ئەدەبییەکەی ئەمڕۆمان بچێتە بادینانەوە.

سەرەتا دەبێ لەو کتێبانەوە دەست پێ بکەین کە بۆ قوتابخانە دەنووسرێن. پاش ئەوەی بڕیارمان دا کە دەبێ لە هەموو کوردستانی عێراقدا دەبێ یەک چەشنە کتێب هەبێ نەک دوو، دەبێ دانەر و وەرگێڕی کتێب کە جاران تەنیا بە دەربەست تێگەیشتنی قوتابیی سڵێمانی و هەولێر و کەرکووکەوە بووە، ئەمڕۆ بە دەربەست تێگەیشتنی قوتابیی بادینانیشەوە بێت. بۆ ئەمە دەبێ لە نووسین و داڕشتنی کتێبدا لە ڕووی گراماتیک و فۆنەتیک و فەرهەنگەوە ئەو پەیڕەو و وشانە بەکار بهێنرێن کە لە هەموو دیالێکتەکاندا یەکن. ئەوەش کە جیایە ئاسانترینیان بەکار بهێنرێ و وردە وردە قوتابی فێری پەیڕەوەکەی بەرامبەری بکرێ بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا و پاش چەند ساڵی تر کە هەر خوێندەوارە چەند پەیڕەوی جیاوازی زانی، زەوقی گشتیی ئەوە دەدۆزێتەوە کە ئاسانتر و ڕەوانترە؛ ئەمە بۆ فەرهەنگ و وشەش تەواو ڕاستە. کە قوتابی بەرامبەر بە زۆر وشە چەند هاوتای زانی، وردە وردە یا یەکێک بەم هاوتایانە لە زمانی ئەدەبی جێگیر دەبێ، یا هەندێ وشەی ئێستا لە زمانی ئەدەبیدا یەکە، ئەوسا هەر لەو زمانەدا چەند وشەیان بەرامبەر دەبێ کە دەچنە فەرهەنگی زمانی ئەدەبیی هەموو نەتەوەوە و لە سنووری ناوچەی خۆیان دەچنە دەرەوە.

هەر بە مەبەسی تێگەیشتنی قوتابیی بادینان لە کۆتاییی هەموو دەرسێکی قوتابخانەدا فەرهەنگێک بۆ وشەکان بکرێت، کارێکی سووددارە.

بێگومان ئەم سەرەتایە کە لە قوتابخانەوە دەست پێ دەکات، دەبێ لە قوتابخانەوە بەرەو هەموو گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڕوات و بە جۆرێکی خەمڵیو بەرهەمی نووسەرانیش بگرێتەوە.

ئەم کارەی باسی دەکەین شتێکی زۆر ئاسان نییە و بەشێوەیەکی میکانیکی پێک نایەت، بەڵکوو دەبێ کارێکی زیندوو و پڕ لە ئیبداع و ساکار بێت و زۆرلەخۆکردنی تیا نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی شاعیران و نووسەرانی کوردستانی خواروو. ئەویش بەباشی ڕووکردنە سامانی کرمانجیی ژوورووە. گەر نووسەر و شاعیرانمان بەباشی لەو سامانە بگەن، ئەوسا زۆر لەسەرخۆ و بەبێ داتاشین و زۆرلەخۆکردن، هەر لە خۆیانەوە هەنگاو بەرەو زەمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوو دەنێن کە باشتر لە ناوچەی بادینان جێی ببێتەوە، هەروەک خۆشیان لە وشکبوونی کەرەستە و سامانی زمان ڕزگار دەکەن کە زۆریان ئێستا تێی کەوتوون و وشە و کەرەستەی نووسینیان هەر ئەوەیە کە لە هۆنراوە و نووسینی لەمەوبەرەیاندا نووسراوە. لەم بارەیەوە دەبێ ئەو بەڵگە زیندووەمان لەبیر نەچێت کە ئەدەبیاتی ئەم سەردەمەی ئێمە تۆماری کردووە، ئەویش ئەوەیە کە چ پیرەمێرد و چ گۆران لەو زمانە کوردییە پەتی و پوخت و پاراو و دەوڵەمەندەدا کە بەکاریان هێناوە، قەرزاری ڕووکردنە دیالێکتی هەورامی و ئەدەبی فۆلکلۆرن. لەم بارەیەوە دەبێ زۆربەی نووسەر و شاعیری کوردستانی خواروو دان بە کەموکووڕییەکی مەزنی خۆیاندا بنێن کە ئەویش دووریی ئەوانە لە سامانی ئەدەبیاتی کرمانجیی ژووروو. بێ وەستاندن دەتوانین بپرسین:

چەند لە شاعیرانی کوردستانی خوواروو شارەزای شیعری مەلای جزیرین؟ چەندیان بەوردی «مەم و زین»ی خانییان خوێندۆتەوە و سوودیان لێ وەرگرتووە؟ خۆ لە فەقێی تەیران و حەریری و گرگاشی و ئەرزی و پرتە و بەگی هەکاری نابێ لای ئەوان بپرسین و تەنانەت کەم کەسیش دەبینین کە دوو دێڕ لە جیاوازیی هۆنراوەی جگەرخوێن و قەدری جان بزانێ. یا بەدڵ شوێن ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی کەوتبێ و شتێکی لە بەرهەمی دامەزرێنەری ڕۆمانی کوردی «عەرەب شەمۆ» خوێندبێتەوە.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر بۆ ئەمڕۆ ئەو لاوک و فۆلکلۆرە دەوڵەمەندەی ناوچەی بادینانە کە بەپیتترین زەوی و ڕوونترین سەرچاوەن بۆ دامەزراندنەوەی داستانی هۆنراوەی کوردی و بۆ نووسینی ڕۆمان و دەوڵەمەندکردنی زمان و وێنە و تابلۆی شیعر.

کەواتە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەدەبی پاڵ بە نووسەر و شاعیری کوردستانی خوارووەوە دەنێ کە بەڕاستی ڕوو بکەنە ئەو سامانە. بێگومان لە تەمەنی نەوەیەکدا بەری ئەم هەوڵ و تەقەلایە دەبینین و ئەو کاتەی لە بادینان نووسەر و شاعیری وا پێ دەگا کە باش شارەزای سامانەکەی ژوورووە و لەو کتێبانەوە دەرگای فێربوون و تێگەیشتنی سامانی ئەدەبیاتی خوارووی بۆ کراوەتەوە کە بەم چەشنە نووسراون کە باسمان کرد. هەروەک نووسەری ئێستا، لاوی خواروو تێگەیشتنی سامانی ژووروو توانا و بەهرە و زمانی ئەدەبیاتنووسینی ئەوی قاڵ کردووە. ئەو کاتە ئەم دوو نووسەرە هەردووکیان شتێکی لە یەکەوە نزیک دەنووسن و ڕەنگە نەوەی دوای ئەوان هەر تەواو وەک یەک بنووسن.

ئەو زمانی خوێندن و نووسین و ئەدەبیاتەی بەم چەشنە دروست دەبێ، گەر ئێستا دیمەنی دەرەوەی بەشەشێوەی سلێمانی بێت و جەوهەرەکەی تێکەڵی بەشەکانی کرمانجیی خواروو و هەندێ لە دیالێکتی گۆران و لوڕیی تیا بێ، ئەوا لە هەنگاوی یەکەمدا نیسبەتێکی لە پەیڕەو و وشەی بادینان تێکەڵ دەبێ و تا دێت ئەم نیسبەتە پتر دەبێ و ئەمە لە تێکەڵاوی (تفاعل)ێکی ڕاستەقینەی زیندوودا لە بۆتەی ژیاندا قاڵ دەبێ و شتێک لە دیمەن و ناوەڕۆکی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ئەمڕۆی کوردستانی خواروو دەگۆڕێ و وا لەو زمانە دەکا کە بەتەواوی ببێ بە زمانی یەکگرتووی هەموو کوردستانی عێراق و ئێران و لە ئێستا زیاتر بۆ ئەوە بشێ کە ببێ بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو نەتەوەی کورد. هەروەک دروستبوونی ئەم زمانە یەکگرتووەی ئەدەبیاتنووسین خۆی شتێکی میکانیکی نییە، هەروەها ناتوانین لە ئێستاوە وەک دەرمانێکی گیراوە نیسبەتی هەر ڕەگەزە یا دیالێکتەی تیا دەستنیشان بکەین یا بڕیار بدەین کە بە چەند ساڵ ئەم زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە پێک دێ. چونکە هەروەک زمان شتێکە لە کۆمەڵدا پێک دێ و هۆی بەستنی ئادەمیزادە بە کۆمەڵەوە، هەروەها ئەم تێکەڵبوون و دروستبوونەش تەنیا ڕووداوێکی زمانەوانی نییە کە کۆمەڵ و پەیوەندی و ڕووداوە سیاسی و ئابووری و شۆڕشگێڕییەکانی کاری تێ نەکەن. لەبەر ئەمە زۆر دوور نییە کە ژیان خۆی بەو هەموو بەسەرهاتانەوە کە دەیهێنێ، زۆر لەم تابلۆیە بگۆڕێ کە ئێستا وا لەبەرچاوی ئێمە و نەخشەی بۆ دەکێشین. یا ڕووداوێکی چاوەڕێنەکراوی ژیان تەئسیری زیاتری هەبێ لە پەیدابوونیدا، یا بە زووتر لەوە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، دروستی بکات.

بە هەموو جۆرێ ئەو زمانە ئەدەبییەی یەکگرتووەی وا دروست دەبێ کە ئێستا لەبەرچاومانە زۆر لەوەی ئێستا پتر دەتوانێ بچێتە هەموو ناوچەکانی کرمانجیی ژوورۆوە؛ گەر توانای واش پەیدا بوو، کە وەک ئەمڕۆ دەتوانین خوێندن لە بادیناندا بکەین بە کوردی، لە کوردستانی تورکیاشدا منداڵی کورد بە زمانی خۆی بخوێنێ و لای کوردی ئەو ناوچەیەش ڕێگەی پەرەپێدانی ئەدەبیات هەبێت، ئەوا ئەو کاتەش هەموو پرسیارەکانی ئێستا دووبارە دەبێتەوە. ئەوسا لەسەر بناغەیەکی تازە نەخشە بۆ زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو کورد دادەنێین کە مێژوو خۆی هەر دروستی دەکات، بەڵام ئەم تەجروبەیەی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق تەواو ڕێگا بۆ ئەو یەکگرتنە خۆش دەکات و ئاسانتری دەکات و ئەوسا نەتەوەی کوردیش با وەک هەموو گەلانی جیهان بە چەند دیالێکت و بەشە دیالێکت بدوێ، بەڵام هەر بە یەک جۆر دەنووسێ: بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی.