دەبێ چۆن بنووسین؟ بە یەک جۆر یا دوو؟

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 12 خولەک  622 بینین

دووەم پرسیار کە وەڵامدانەوەی دەوێ ئەوەیە کە ئایا دەبێ کورد بە جۆرێک بخوێنێ و بنووسێ و یەک جۆرە زمان لە کاروباری ڕەسمی و ئەدەبیاتدا بەکار بێنێ کە لە هەندێ وڵات زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو و لە هەندێ لا زمانی «ستاندارد»ی پێ دەڵێن یا دەبێ دوو جۆر بە کار بهێنێ. تا ئێستا کەس بە نووسین یا ڕاستەوڕاست ئەوەی دەرنەبڕیوە کە دەبێ کورد بە دوو جۆر بنووسن، بەڵام زۆر کەس و زۆر جێگا بە کردار ئەمەیان دەرخستووە.

ڕادیۆی بەغدا لە بەیانیی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ەوە کرا بە دوو شێوە. لە ساڵی ١٩٥٦دا ڕۆژنامەیەکی نیشتمانیی نهێنی بەهۆی ئەوەوە کە دەرکەران و نووسەرانی لە ڕاستیی مەسەلە نەگەیشتبوون، وتاری بە دوو شێوە بڵاو کردەوە. دوابەدوای ئەو، پاش چواردەی تەمووز زۆر ڕۆژنامە و گۆڤار ئەم ڕێبازەیان گرت و ئێستاش زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانمان وا دەردەچێ، تەنانەت گۆڤاری «برایەتی» ماوەیەکی زۆر کرابوو بە دوو بەشەوە، بەشێک بەو زمانە ئەدەبییەی ئێستا دەنووسرا و بەشێک بە ناوی بەشی کرمانجییەوە هەندێ وتاری بە بۆتانی و هەندێکی بە بادینانی تیا بڵاو دەکردەوە - وەک گۆڤارەکە بە دوو زمان دەربچێ.

دەسگاکانی هۆشیاریی ئێران، بەتایبەتی ئێستگەکانیان زۆر هۆشیارانە سوودیان لەم دوو بەشییە دی و ئەوان لەباتیی دوو بەش، چەند بەشیان دروست کردووە. گەر ئەم ڕێبازە هەر وا تەخت بێت، ئەوا هەر لە کوردستانی عیراقدا تابلۆی چەند ساڵێکی ترمان بەم جۆرە دەبێ:

دوو ئێستگە، دوو تەلەڤیزیۆن، دوو چەشنە گۆڤار و ڕۆژنامە، دوو چەشنە قوتابخانە، لە هەموو پۆلێکی دانشگای کوردستان یا کۆلێجی ئەدەبیاتی کوردیدا دوو لق، هەر لقە بە شێوەیەک. لە هەموو دەسگا پێویستیدارەکانی کوردستاندا تەرجومانێک - بۆ کوردی کردن بە کوردی. گەر سەربەستیی کوردی-بەکارهێنان بەشی تری کوردستانیشی گرتەوە، ئەوا ئەم تابلۆیە فراوانتر دەبێ و وردە وردە لە زمانی یەکگرتووی کوردی، کە زۆر دەمێکە هەیە و یەکی گرتووە، لەجیاتیی ئەوەی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو دروست ببێ، دوو زمانی ئەدەبی یا زیاتر دروست دەبێ و، لە ئەنجامدا زمانە یەکگرتووەکەش دەبێ بە دوو زمان و نەتەوەی کورد کۆڵەکەیەکی پەیدابوون و بوونە نەتەوەی خۆی لەدەست دەدا و دەبێ بە دوو نەتەوە یا زیاتر. جا ئەو نووسەرانەی ڕێبازی جیاکردنەوەی نووسینی کوردییان گرتووە و ئەو دەسەڵاتدارانەش کە پشتی ئەمانیان گرتووە، هەستیان پێ کردبێ یا نەکردبێ، ڕێبازی ئەوەیان گرتووە کە زمانی کوردی بکەن بە دوو زمان و نەتەوەکەش بکەن بە دوو نەتەوە. دیارە کە لە باسێکی عیلمیی وەک ئەم باسەدا دەبێ لەوەش بدوێین، کە ئایا ئەم بەدووبوونە ڕێبازی مێژووی نەتەوەی کورد خۆیەتی یا نە؟ ئایا ئەمە یەکێکە لە مەبەسەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی یا پێچەوانەی ئەوە؟ ئایا ئەمە قازانجی کۆمەڵانی فراوانی خەڵکی کوردستانی تیایە یا زیان بە دواڕۆژی ئەوان دەگەیەنێت؟

بێگومان: هەستی یەکێتی لە زۆر کۆنەوە لە ناو کورددا بەقووڵی تەشەنەی سەندووە کە نەتوانین سەرەتای بۆ دابنێین. گەر ئەحمەدی خانی (سەدەی حەڤدەهەم) بە ڕابەرێکی نەتەوەیی ئەوتۆ دابنێین کە بەرنامەیەکی ئاشکرای کوردایەتیی خستبێتە بەرچاو، ئەوا پێش ئەو مەلای جزیری خۆی لە سنووری بۆتان هانیوەتەوە دەرەوە بۆ سنووری فراوانی کورستان و وتوویەتی:

گوڵی باخی ئیرەمی بۆتانم
شەبچراغی شەبی کوردستانم

بەڵگەی مێژووییی کۆن و تازە و ئێستا زۆر بەدەستەوەن کە ئەوەمان پێ بسەلمێنن کە هەموو کورد لە کوردستانی گەورەدا خۆیان بە کوڕی یەک نەتەوە دەزانن و سەرکەوتن و سەرگرتنی ئامانجیان لە یەکێتیی نەتەوەکەدا دەبینن و، پێشکەوتنخوازانی کوردیش خێر و خۆشیی ڕەنجکێشانی کوردستان لە یەکگرتنی نەتەوەی کورددا دەبینن.

لەبەر ئەمە، زمانی کوردی کردن بە دوو، کە سەرەتای کورد کردن بە دووە، هەروەک پێچەوانەی بەرنامە و مەبەسی بزووتنەوەی کوردایەتی و چاکە و ئاوات و ئارەزووی نەتەوەی کورد و کۆمەڵانی فراوانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانە، هەروەها تەوژمێکی کزی بەپێچەوانەهاتووی ڕێڕەوی مێژووشە کە هەمیشە بەو لایەدا بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتن دەڕوات کە خواست و چاکەی گەلان و ڕەنجکێشانی تیایە.

گەر ئەم چەشنە هەوڵە ماوەیەک و لە ناوچەیەکدا سەریش بگرێت، ئەوا ئەنجامی دوایی هەر سەرنەگرتن و نەمانە و دەچێتە ڕیزی ئەو تەوژمە پێچەوانانەی لە مێژووی سیاسیی گەلاندا جاروبار هاتوون کە پێشکەوتن بوەستێنن، بەڵام دوایی هەر تەوژمی بەرەو پێشەوەی گەلان و مێژوو ئەوانی ڕاماڵیوە.

ئەم چەشنە تەوژمە کزانەی بەپێچەوانەوە دێن، چ لە کۆڕی مێژوودا و چ لەم مەیدانانەدا دەتوانن بەو تۆزە سەرکەوتنەی کە تەمەنی نییە، ڕۆیشتنی مێژوو خاو بکەنەوە یا تەنانەت هێندەی ئەو تەمەنە کورتەی خۆیان ڕایبگرن، بەڵام ناتوانن بەرەو دوای بەرن و لە پێشکەوتنی دوایی و کۆتاییی بخەن.

کە واتە: پاش ئەوەی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ زمانی ئەدەبیی کوردی هەر یەک بێت، دەبێ بپرسین ئەو زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە کامەیە و دەبێ چۆن بێت؟

هەندێ لەوانەی هەوڵی ئەوەیانە کوردی بکەن بە دوو زمان و خۆیان بەکردەوە ئەو ڕێگەیەیان گرتووە، بە ناوی ئەوەوە کە کرمانجیی ژووروو زمانی ئاخافتنی بەشی زۆری کوردە لایان وایە کە دەبێ هەموو کورد کرمانجیی ژووروو بکەن بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی خۆیان.

ئەم ڕایە، بەلای ئێمەوە، نە ڕاستە و نە دێتە دی. چونکە: ئەو بنەڕەتە دیموکراتییەی باس لە سەرشۆڕکردنی بەشی کەم بۆ بەشی زۆر دەکا، لە مەیدانی زماندا ڕاستیش بێت، ئەوا لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە و ئەو ئەنجامە ناگەیەنێ کە ئەوان دەیانەوێ. هەرچەندە مەسەلەی زمان و بڵاوبوونەوەی و داچەسپاندنی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو کاری مێژووە و ئەو شتی ڕاست دەچەسپێنێ و هەوڵی ناڕاست ناهێڵێ، بەڵام گەر بڕیاردان بۆ ئێرە ڕاستیش بێ و هەر لەسەر ئەو پەیڕەوە دیموکراتییە بڕیاریشمان دا کە کرمانجی ببێ بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو، ئەوا مەیدانی هێنانەدیی بۆ ئێستا و وا دیارە بۆ ماوەیەکیش (کە ماوەی ئەوە نییە دەستەوسان چاوەڕێی تیا بکەین) هەر کوردستانی عێراق دەبێ چونکە توانایەکی وامان نییە کە لە شوێنی تردا بڕیارەکەمان بەجێ بهێنین.

کە واتە مەسەلەی زۆر و کەمەکە بۆ کوردستانی عێراق پێچەوانە دەبێتەوە و لێرە کە ئەمڕۆ مەسەلەی خوێندن و نووسین کاری ئەمڕۆیە و بڕیار و بەگورجی هێنانەدیی دەوێ. ئەوەی بە کرمانجیی ژووروو دەدوێن بەشی کەمن و، ئەوەی بە دیالێکتی تر دەدوێن و زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوویان هەیە بەشی زۆرن.

پاشان وەک وتمان، گەر ئەم چەشنە بڕیارە ڕاستیش بێ و هەوڵی هێنانەدیی بدرێ، ئەوا بۆ کرمانجیی ژووروو کردن بە زمانی ڕەسمی کادر و خاوەنتوانامان نەک بۆ هەموو کوردستانی عێراق، بەڵکوو بۆ ناوچەی باودینانیش نییە. گەر ئێستا بتوانین لە چەند ساڵێکدا زمانی کوردی بکەین بە زمانی خوێندن و نووسین و کاری ڕەسمیی ناوچەی بادینان، ئەوا بەکارهێنان و ئامادەکردنی شێوەکەی خۆیان بۆ ئەم مەبەسە چەند ئەوەندەی تر ساڵی دەوێت. خۆ گەر ئەمە بۆ هەموو کوردستانی عێراق بێت، ئەوا، بێ زیاد پێوەنان، دەبێ لە دەوری بابانەوە دەست پێ بکەینەوە.

گەر سەرگرتنی ئەم ڕایە بە شێوەیەکی ساکارتر بخەینە بەرچاو، ئەوە لە ڕاستییا ئەوە دەگەیەنێت کە لە ڕۆژانی بابانەوە تا ئێستا چی کراوە و نووسراوە لا ببرێ، یا وەک دەڵێن فڕێ بدرێتە ڕووبارەوە. ئەمەش لە مەیدانی تری ئیشی وڵاتدا هەر لەوە دەچێ کە بڵێین بۆ ئەوەی کارگەی میوەی قوتوو لە دهۆک بکەینەوە، دەبێ کارگەی چیمەنتۆ و جگەرەی سلێمانی نەمێنێ. یا بۆ ئەوەی هاوینەهەواری هەورامان پێش بکەوێ، دەبێ شەقڵاوە و حاجی ئۆمەران و پیرمام و سۆلاڤ هەر لە بنەڕەتدا نەهێڵین، کە ئەم چەشنە بیر کردنەوەیە بنەڕەتی عیلمیی نییە و لەگەڵ پێشکەوتنی نەتەوی کوردیشدا ناگونجێ.

کە واتە: دەبێ چۆن بنووسین و زمانی ئەدەبی یەکگرتوومان کامەیە.

وەک وتمان: زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی نەتەوە مێژوو دروستی دەکا و ئارەزووی تاقەکەس و دەستەیەک ڕۆڵێ کاریگەریان لە بەرەوپێشچوونی مێژوودا نییە، بەڵام تاقەکەس دەتوانێ ڕێڕەوی ڕاستەقینەی مێژوو بەدی بکا و لە گەڵیدا بڕوات و پاڵ بە خێرا ڕۆیشتینەوە بنێت و نەبێتە کۆسپ لە ڕێگەیدا و نەبێتە هۆی دواخستنی ئەو پێشەوەچوونەی.

لەم جۆرە هەڵوێست و تێگەیشتن و تەجروبەیەوە لامان وایە کە نەتەوەی کورد زوو یا درەنگ زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی خۆی دروست دەکا، کە دەبێ بە زمانی ڕەسمیی خوێندن و نووسین و ئەدەبیاتی هەموو کورد، کە ئەم زمانە هیچ یەکێ لەم شێوانەی ئێستا نییە —هەرچەندە دیمەن و تەئسیری شێوەیەکیان لەو زمانەدا زیاتر دیار دەبێ. کە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووش پێک هات، مانای وا نییە کە شێوەی ئاخافتنیش دەبێتە یەک، بەڵکوو کوردی هەر لایە وەک خۆی دەدوێ، بەڵام هەموو کورد وەک یەک دەنووسن.

هەرچەندە شێوەیەک دیمەنی لەوانی تر زیاتر بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووەوە دیار دەبێ، بەڵام ئەو زمانە زۆر ڕەگەزی تێکەڵی شێوەکانی ئێستای تیا دەبێ. واتە لە هەر شێوەیە شتێک خۆی لەو زمانەدا دادەچەسپێنێ. لەبەر ئەوەش کە زمانەکانی جیهان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە خۆیان لە ئاڵۆزی و سەختی ڕزگار بکەن، لە بەر ئەوە دەتوانین بڕیاری ئەوە بدەین کە پەیڕەوە ئاسانەکانی گراماتیک، ئیتر گەر گشتی بن یا لە یەک دیالێکتدا بن، خۆیان لە زمانی ئەدەبیدا دادەچەسپێنن. لە ڕووی فۆنەتیکیشەوە زیاتر ئەو شتانە لە زمانی ئەدەبیدا جێگر دەبن کە لە هەموو دیالێکتەکاندا یەکن، یا لە زۆربەیندا لەیەک دەچن.

بۆ وشە و فەرهەنگ (مفردات)یش ئەوا ئەو زمانە ئەدەبییە تا دێت فراونتر و دەوڵەمەندتر دەبێ و وشەی هاوتای تیا زیاتر دەبێ و سەرچاوەی ئەمەش دیالێکتە جیاکانی زمانی کوردی و فێربوونی ئەو دیالێکتانەیە لە لایان خوێندەواران و نووسەرانەوە.

کەواتە: پاش ئەوەی داسەپاندنی کرمانجیی ژووروومان بە ڕاست نەزانی، پرسیارێکی ئاشکرا و ڕەوا دێتە پێشەوە کە ژیان خۆی و پێداویستیی ئەمڕۆش وەڵامی ئەو پرسیارەی دەوێ. ئەویش ئەوەیە:

ئایا چۆن بنووسین و کام شێوە ببێتە شێوەی نووسین و خوێندن و کاروباری ڕەسمی، کە لەوە بووینەوە کە ئەم نووسینە دەبێ بۆ هەموو کورد یەک چەشن بێت. ئایا ئەم زمانە ئەدەبییە یەکگرتووەی ئێستا ئێمە لە بەشی زۆری کوردستانی عێراق و ئێراندا بەکاری دەهێنن لە باری ئێستادا بەکەڵکی ئەوە دێت کە ببێتە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو کورد؟ یا وردتر بڵێین، ئەم زمانە کە واقیعی ژیانی ئەمڕۆمان وای لێ کردووە کە لە دەرگای ناوچەی «بادینان»دا بواستێ و ببێ بە زمانی کاروباری ڕەسمی و خوێندن و نووسین لەو ناوچەیەدا و لە ماوەیەکی دووردا ببێتە زمانی ئەدەبیاتیش، ئایا ئەم زمانە لەم بارەی ئێستایدا دەتوانێ ئەو جێگەیە بگرێ و دەرگای بادینانی لێ بکرێتەوە؟