کۆماری کوردستان

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 3 خولەک  1372 بینین

ئەو ساڵەش ساڵی دامەزراندن و دەسەڵاتی کۆماری کوردستانە کە مەهاباد پایتەختی بوو و زۆری دەسەڵاتی لە ناوچەی موکریاندا بوو.

مێژوونووسان دەتوانن زۆر شتی ڕەنگین دەربارەی ئەو ساڵە بنووسن و نیشتمانپەروەران و شاعیران و شۆڕشگێڕانیش لە تۆماری یادگارا زۆر وێنە و تابلۆی ئازایەتی و فیداکاری بۆ بەجێ بهێڵن. بەڵام بۆ ئەم باسەی ئێمە، ساڵی ١٩٤٦ ئەو ساڵەیە کە زمانی کوردی بە زمانی ڕەسمیی ئەو ناوچەیە ناسرا کە دەسەڵاتی کۆماری کوردستانی تیا بوو. فەرمانی سەرکۆمار بەو زمانە دەردەچوو، کار و باری دەستگای دەوڵەت بە کوردی بوو، قوتابیی کورد بە زمانی زگماکی خۆی کەوتە خوێندن. تاقە چاپخانەکەی (کوردستان) لە مەهاباددا کەوتە گەڕ و هەموو شتێ بۆ کاروباری کۆمار و قوتابخانە چاپ دەکرد و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی کەوتنە دەرچوون.

ئەو زمانە ئەدەبییەش کە بۆ ئەم مەبەسانە بە کار دەهێنرا هەر ئەو زمانە بوو کە لە دەوری بابانەوە گەشەی سەندبوو. تەنانەت لە ڕووی خوێندنەوە هەر بەرهەمی تەجروبەی بیست و چوار ساڵەی ناوچەی سلێمانی برا و بەپوختەیی لەوێ سوودی لێ بینرا. هەر وەک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کۆمارەکەشدا کاری ئەم تەجروبەیە زۆر دیار بوو.

لەم ساڵەدا ڕێڕەوی دواییی بەیەک شێوە نووسینی موکریان لەگەڵ سێ بەشە دیالێکتەکەی تری کرمانجی خواروودا جێگیر بوو و وای لێ هات کە هەر وەکوو تا ئێستا دەنگی سروودی ئەو سەردەمە لە گوێی ئەو لاو و کاڵانەدا دەزرنگێتەوە کە ئەو سەردەمەیان بە قوتابێتی یا گەورەیی دیوە. هەروەها تەئسیری جێگیربوونی ئەو شێوە نووسینەش لە بەرهەمی ئەو نووسەر و شاعیرانەدا دیار بێ کە لەو ناوچەیەدا پێ دەگەن یا لە بنەچەدا لەوێوە هاتوون.