زمانی ئێستای ئەدەبیات

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 4 خولەک  765 بینین

کە واتە ئەم شێوە نووسینەی ئێستا لە بەشی زۆری کوردستانی عێراق و ئێراندا پێی دەخوێنرێ و دەنووسرێ و زمانی ئەدەبیاتە، شێوە نووسینێکی یەکگرتووی کوردییە کە هەموو خاوەنانی کرمانجیی خواروو (سنە، سلێمانی، سۆران، موکریان) و نووسەرانی کوردی (گۆران) و هەندێ نووسەری کوردی لوڕ بەکاری دەهێنن. ئێمە ناتوانین بە هیچ جۆرێک بەم شێوە ئەدەبییە بڵێین شێوەی سلێمانی، چونکە هەر وەک نووسینەکەی خۆی، تەنانەت نووسینی شاعیران و نووسەرانی شاری سلێمانییش لەگەڵ قسەکردنی ناو ماڵیاندا جیاوازییەکی بچووکی هەر هەیە. هەروەها وردە وردە گەلێک وشەی ئەم بەشە دیالێکت و دیالێکتانەی تری تێکەڵبوو هەر وەک هەندێک بنەڕەتی گراماتیکی ئەوانیش جێی خۆی تیایدا دۆزیوەتەوە و هەندێک لە جیاوازییەکانی فۆنەتیکی خەڵکی سلێمانییش لێرەدا جێگەی نەبۆتەوە.

زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو لێرەدا لە سەرچاوەیەک دەچێ کە لە سەرەتاکەیدا، واتە لە ژێر زەمینەدا، چ لە دیمەن و تام و پێکهاتنیدا هەر ئاوی ڕوونە و بریتییە لە دوو بەش: هایدرۆجین و بەشێک ئۆکسیجین (H2O) بەڵام کە ماوەیەک بە ژێر زەمیندا دەڕوا زۆر ڕەگەزی تری تێکەڵ دەبێ و تا لووتکەی تێربوون لە ئاوەکەدا دەتوێتەوە و کە بە ڕەگەزی تر گەیشت، هەندێ لە تواوەکەی پێشوو دادەنێ و هەندێ شتی تر دەتوێنێتەوە. تا لە ئەنجامدا و لەو کاتەدا کە هەڵدەقوڵێ لە ئەنجامی ئەنالیزدا هەر (H2O) دەرناچێ، بەڵکوو شتێکی تر دەردەچێ کە ڕەگەزی یەکەمی ئاوە، هەرچەندە دیمەنی دەرەوە و ڕواڵەتی هەر لە ئاوی سادە یا لە ئاوێکی پەتیی ڕوون دەچێ.

بەم چەشنە ئەو زمانە ئەدەبییەی ئێستا بووە بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان و ئەو کوردانەی بە سێ دیالێکتی کوردی دەدوێن، بەو زمانە دەخوێنن، دەنووسن و، زمانی نووسینی ئەدەبیاتیانە. ئەو زمانە لە سەرەتاوە لە شاری سلێمانیدا بوو بە زمانی ئەدەبیات و بڵاو بۆوە و هەموو ئەو تێکەڵبوون و تواندنەوە و ڕۆچوونەی بەسەردا هاتووە کە بەسەر زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو گەلاندا دێت، تا دەبێتە زمانی ئەدەبیی هەموو نەتەوەکە. ئەم زمانە لەگەڵ شێوەی قسەکردنی شاری سلێمانیدا جیاییی هەیە، هەرچەندە ڕەواڵەتەکەی هەر شێوەی ئەو شارەی پێوە دیارە.

بەڵام ئایا ئەم زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە بووە بە زمانی یەکگرتووی هەموو نەتەوەی کورد؟ گەر نەبووە دەبێ بپرسین ئایا نەتەوەی کورد ئەمڕۆ دوو زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەیە یا یەک؟ ئایا زمانی ئەدەبیی کوردی کردن بە دوو لە گەڵ ڕێڕەوی مێژووی نەتەوەی کورد و قازانجی زەحەمتکێشانی ئەو نەتەوەیەدا دەگونجێ یا نا؟ ئایا پەیداکردنی دوو زمانی ئەدەبی لەگەڵ پێداویستەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد (کوردایەتی)دا یەکە؟ گەر یەک نەبێت، ئەو چەشنە هەوڵە لە مێژووی نەتەوەی کورد و کوردایەتیدا بە چی دەژمێررین؟ پاش وڵامی ئەمانە ئایا ئەم زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە ئێستا لە قاڵبی ئێستایدا لێ دێ و دەتوانێ ببێ بە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو نەتەوە؟ وە چۆن دەتوانین ئەو ڕێبازە بدۆزینەوە کە مێژوو بۆ دروستبوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی هەموو نەتەوەی داناوە و چۆن ئەمەی ئێستا وای لێ دەکرێ کە ببێ بە بنکەی پەیدابوونی ئەو زمانە؟

لەم لاپەڕانەی دواییدا هەوڵ دەدەین بەپێی ڕای خۆمان و بەپێی ئەو باوەڕەی لە ئەنجامی خوێندنەوە و تەجروبەوە پەیدا بووە، وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.