فەرمانڕەواییی شێخ مەحموود

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 2 خولەک  840 بینین

ئەم تەوژم و پێشکەوتنە کاڵای ماندووییی لە ساڵی ١٩٢٢دا کردەوە و پشتێنی بەئاسوودەیی-ڕۆیشتنی تا ماوەیەک لێ بەست.

ساڵی ١٩٢٢ لە مێژووی کورددا سەرباسێکی زێڕینە. گەر لە مێژوودا ئەو ساڵە بێت کە لە ناوچەیەکی کوردستانا یەکەم قەوارەی تازەبابەتی کورد دامەزرا و شێخ مەحموودی پێشەوا بەڕەسمی بە مەلیک مەحموودی یەکەم، ئەوا بۆ ڕۆشنبیری و خوێندەواری و کەڵچەری کوردی بە ساڵی ڕەسمیی لەدایکبوون دەژمێررێ و، لەو ساڵەدا ئاواتەکانی خانی هاتەدی و زمانی کوردی بە ڕەسمی ناسرا و وەک ئەو دەیفەرموو: «نەقدێ مە بوو بە سکەی مەسووک.» لە ڕۆژانی پاشایەتیی شێخ مەحمووددا، زمانی کوردی بەڕەسمی بوو بە زمانی دائیرە و دەستگای دەوڵەت و قوتابخانە. هەر «شێخ» لە دەستبەسەریی هیندستانەوە گەڕایەوە پایتەختەکەی و، قوتابیی کورد یەکەم سروودی خۆیان بە کوردی بۆ وت. یەکەم جار بوو لە مێژووی قوتابخانەی تازە و هاودەمدا زمانی کوردی زمانی ڕەسمی بێت.

ڕۆژنامەگەریی کوردی لەم دەورەدا چالاکانە پەرەی سەند. شیعر و ئەدەبیات بوو بە چەکی پاراستنی شۆڕش و ئەو قەوارەیەی کورد. ئەو زمانەش کە لە هەموو ئەم کەینوبەینەدا بەکار دەهێنرا، هەر ئەو شێوە کوردییە بوو کە لە ڕۆژانی نالیدا دەستی پێ کردبوو و لە دەوری هەردوو داگیرکەردا پەرەی سەندبوو.