کرمانجیی ژووروو (بۆتان)

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 4 خولەک  1813 بینین

پاش ئەو بەرهەمەی شاعیری لوڕ، کە تاقە بەرهەمێکی گەورەی ئەو سەردەمە و دیالێکتەیە لە مێژووی ئەدەبیاتماندا، ئەو دیالێکتە دێتە پێشەوە کە ئێستا بە (کرمانجیی ژووروو)ی ناو ئەبەین و «بۆتانی و هەکاری و بادینانی و بایەزیدی و ئاشتایی» هەریەکە بەشێکن لەو.

شارەکانی ئەدەبیاتی کرمانجیی ژووروو لە سەدەی پانزەهەم و سەدەی حەڤدەهەمدا هاتوونەتە ناوەوە (چونکە زۆرترین ڕا لە سەر ئەوەیە کە مەلای جزیری و فەقێی تەیران و عەلی هەریری لەو سەدەیەدا ژیاون، خانیی مەزنیش دیارە شاعیری سەدەی حەڤدەهەمە).

بەرهەمی شاعیرانی ئەم دیالێکتە بەشی بۆتانییەکەی کردووە بە بنکەی دەربڕین و هەوڵی ئەوەی داوە کە سوود لە دیالێکتەکانی تری کوردی ببینێ و زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو لەو کۆمەڵە دیالێکتە و لە تەئسیری ئەدەبیات و وشەی زمانانی دراوسێ پێک بێنێ.

مەلای جەزیری کۆمەڵێ (تەشبیهـ و ئیستیعارە و ڕازاندنەوەی بەلاغەی) لە ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبییەوە وەرگرتووە و خستوونیە قاڵبی کوردییەوە و لەگەڵ بنکە بۆتانییەکەی خۆیدا تێکەڵی کردوون و زمانی ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەی لێ پێک هێناون، بە جۆرێک کە عەلی هەریری لە شاری هەریردا ژیاوە و بەو زمانە شیعری نووسیوە، کە دیارە لە زمانی ئەو سەردەمەی خەڵکی هەریر نەچووە.

گەر عەلی هەریری لە بنەڕەتدا خەڵکی شەمدنیانیش بێت، ئەوە لە جەوهەری ئەم بیرەی ئێمە ناگۆڕێت و، شاعیرێک لە هەریر شیعر بە زمانێکی ئەدەبی بنووسێ کە مەلای جزیری لە بۆتان پێی نووسیوە، هەر بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو دیالێکتە پەلی ئەوەی هاویشتووە کە ببێتە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو.

خاسیەتی زمانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی لەوە جیا نییە کە لە شیعری مەلای جزیریدا ئەیبینین.

خانی خۆی ئەم ڕاستییەمان تێ ئەگەیەنێ و بەم جۆرە لەو زمانە ئەدوێ کە مەم و زینی پێ نووسیوە:

کوردی، عەرەبی، دەری و تازی
تەرکیب کردن بە هەزل و بازی
بوهتی و مەهمەدی و سلێڤی
هەن لەعل و هەنەک ژ زێر و زیفی

وا دیارە خانی دیالێکتی کوردیی لەو کاتەدا بەم سیانە تێ گەیشتووە. گەشەسەندنی کرمانجیی ژووروو بەتەواوی بەستراوە بە مێژووی پەرەسەندنی دەسەڵاتی میرنشینی بۆتانەوە و لە ڕەگەزەکانی پەیدابوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد جیا ناکرێتەوە.

خانی لە لووتکەی دەسەڵاتی میرنشینەکەی خۆیدا هاواری یەکێتیی کوردستانی کردووە و ئاواتی بەوە خواستووە کە میرنشینەکان ببنە پاشانشینێکی یەکگرتووی هەموو کوردستان.

گەر دی هەبووا مە پادشاهەک
لایق بدیا خودێ کولاهەک

خانیی بلیمەت لەو سەردەمەشدا باوەڕی بە میر و مەزنان نەبووە و کۆمەڵانی خەڵک و ڕۆشنبیرانی بە خاوەنی مەسەلەکە زانیوە و لە زۆر شوێندا ئەم ڕایەی دەربڕیوە.

کە دێتە سەر داگیرکەرانی ڕۆم و عەجەم، ئەڵێ:

تابعی وان ئەگەرچی عارە
ئەو عارە ل خەڵکی نامدارە
نامووسە ل حاکم و ئەمیران
تاوان چییە شاعیر و فەقیران

هەر لە بەر ئەمەشە خانی هەوڵی ئەوەی داوە کە بۆ ئەو کۆمەڵی خەڵک و شاعیر و فەقیرانە بنووسێ و ئەو زمانە ئەدەبییە تێکەڵەی خۆشی کە بنکەکەی بەشە دیالێکتی بۆتانی کرمانجیی ژوورووە، بکات بە زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوو کە هەموو شاعیرانی کورد پێی بنووسن. هەرچەندە بۆ خۆی بۆتی نەبووە و خەڵکی بایەزیدە.

بەڵام خەو و ئاواتی خانی لەگەڵ لەناوچوونی میرنشینی بۆتاندا لەناو چوو؛ پەلهاویشتنی ئەو زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە بۆ هەموو کوردستان سەری نەگرت. هەرچەندە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئەم سەدەیەی کورد چەند جارێک هەوڵدانەکەی زمانە ئەدەبییەکەی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیی لە گەڵ خۆیدا هێناوەتەوە ناوەوە. بەڵام ئەو هەوڵدانە لە گەڵ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکانی کوردی تورکیا و نەمانی کۆمەڵانی هێڤی و تەعالیی کوردستان و خۆیبووندا نەئەما و، لە کاتی پەلهاویشتنەکەشیدا، هەمیشە ئەم سنوورە تازەبابەتە پاسەواندارە دەستکردەی نێوان بەشەکانی کوردستان کۆسپێکی گەورە بووە لە ڕێگەی پەرەسەندنیا.