زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی لە مێژوودا

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 3 خولەک  849 بینین

زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردییش تەجروبەیەکی تەواو تایبەتی خۆی هەیە.

مێژووی ئەدەبیاتی کوردی چەند تەجروبەیەکی پەیدابوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردیمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چەند هەنگاو بەرەو پێشەوە چووە، بەڵام ئەو کۆسپ و ناسۆرانەی بەسەر نەتەوەی کورددا هاتوون، بوونەتە هۆی کزکردن یا مراندنی ئەو تەجروبەیەی کە پاش ماوەیەک یا سەدەیەک لە شوێنێکی تری وڵاتەوە سەری هێناوەتە دەرەوە.

مێژووی گەلان و مرۆڤایەتی هەمیشە بەرەو پێش ئەڕوات، بەڵام هەندێک ڕووداو لە ژیانی نەتەوەیەکدا ڕوو ئەدات کە ماوەیەکی زۆر مێژووی پێشکەوتنی ئەو نەتەوەیە دەباتە دواوە، بەڵام سروشتی ژیان و مێژوو کە گیانێکی کۆڵنەدەرانە و خەباتکەرانەی داوە بە گەلان، وا دەکات کە ئەو نەتەوەیە پاش ماوەیەک لەژێر باری سەختی کارەساتدا سەر بێنێتەوە دەرەوە و بەرەو پێشەوە بڕواتەوە.

نموونەی ئەم ڕاگرتن و بەرەودوابردنانەی مێژوو، هێرشە خوێناوییەکانی مەغۆلن (هۆلاکۆ و تەیمووری لەنگ و جەنگیز خان) بە هەموو کارەساتی خوێنین و کتێب و بەرهەمی بیر سووتاندنێکیانەوە، هەروەها دوو جەنگە جیهانییەکەی ئەم سەدەیەش لەو ڕووداوانەن. بۆ کوردیش لەم بارەیەوە خانیی مەزن ئەو ڕاستییەی باش دەربڕیوە کە وتوویەتی:

ئەڤ قەڵزەمی ڕووم و بەحری تاژیک
هەندێ کۆ دکەن خرووج و تەحریک
کرمانج دبن د خوین مولەتتەخ
وان ژێکڤە دکەن میسالی بەرزەخ

بەم جۆرە چەند تەجروبەی پەیدابوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی خەڵتانی خوێن کرا، بەڵام پاش چەند سەدەیەک تەجروبەیەکی تازە لەلایەکی ترەوە سەری هەڵئەدایەوە. تا ئەم تەجروبەیەی ئێستا کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامە و بەرەو پێشەوە ئەڕوات، هاتە کایەوە. تەجروبەی پەیدابوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی، هەرچەندە بەستراوە بە دیمەنێک لە دیمەنەکانی گەشەسەندنی ئەدەبیاتی کوردییەوە، بەڵام ئەدەبیاتی کوردییش هەمیشە بەرەوپێشچوونی، پابەندی باری سیاسی و گەشەسەندنی دەسەڵاتی سیاسیی کورد خۆی یا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی بووە.

گەر لە پەنجەرەی ئەو دیالێکتەوە تەماشای مێژووی ئەدەبیاتمان بکەین کە ئەو ئەدەبەی پێ نووسراوە، یا وردتر ئەوەیە کە بڵێین زۆربە و بەرزترین ئەدەبیاتی سەردەمی پێ نووسراوە، ئەوا چوار هێڵی ڕۆشن ئەبینین کە چوار سنوورمان پیشان ئەدەن و ئەبنە سنووری یەکێ لەو دیالێکتانەی کە لە سەردەمێکدا بۆتە زمانی یەکگرتووی ئەدەبیات و هەوڵی ئەوەی داوە لە سنووری ئەو ناوچەیە بچێتە دەرەوە کە بەو دیالێکتە قسەی تیا دەکرێت کە ئەدەبیاتەکەی پێ نووسراوە. بەڵام ئەو پەلهاویشتنە بە زەبری دەسەڵاتی دوژمن و خەڵتانی خوێن بوونی کورد گەڕاوەتە دواوە.

گەشەسەندنی ئەدەبیات بە دیالێکتێک بە هیچ جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسیی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کورد جیا ناکرێتەوە. بۆ نموونە: