زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی گەلان: عەرەب، فارس، ئینگلیز، ڕووس

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 4 خولەک  654 بینین

هەروەک مێژووی گەلانی جیهان هەموو چوارچێوەی گشتیی لەیەک دەچێت و، مێژووی هەر گەلەش هەندێک خاسیەت و دیمەنی تایبەتیی خۆی هەیە، هەروەها مێژووی پەیدابوونی زمانی یەکگرتوو و زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی گەلانیش چوارچێوەی گشتییان یەکە و، هەر زمانەش ڕێبازێکی تایبەتیی دروستبوونی خۆشی هەیە.

گەر زمانی یەکگرتوو -لای زۆر نەتەوەی جیهان- کۆکردنەوەی خاسیەتە لەیەکچووەکانی هەموو دیالێکتەکانی ئەو زمانە بێت، ئەوا زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو، لەپاڵ خاسیەتە یەکگرتووەکانی هەموو زمانەکەدا، زۆر لە خاسیەتی یەکێ لە دیالێکتەکانی زمانیشی تێدایە.

چونکە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو، لای زۆربەی نەتەوەکانی جیهان، لە بەر هۆیەک لە یەکێ لە ناوچەکانی وڵاتدا دروست دەبێت. هەر لە بەر ئەوەش، زۆربەی خاسیەتەکانی دیالێکتی ئەو ناوچەیەی تیا دەبێت کە ئەو زمانە ئەدەبییە یەکگرتووەی تیا دروست بووە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو زمانە ئەدەبییە یەکگرتووە، ئەوسا لەگەڵ دیالێکتەکانی زماندا بەیەکدا دەچن و جۆرە تێکەڵبوون (تفاعل)ێک لە نێوانیاندا پێک دێت. گەر تەماشای دروستبوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو بکەین، ئەوا لای هەر نەتەوەیەک تەجروبەیەکی تازە دەبینین.

لای عەرەب باری ئابووریی مەککە و قوڕەیش و بێدەرامەتی و وشکوبرنگیی وای کرد کە کوڕانی «عەبد شەمس» هەر یەکە ڕێگەیەک بگرنە بەر بۆ ڕزگاربوون لەو بارە ناقۆڵایە. بۆیە هەر لە کۆنەوە «ئومەیە» کەوتە بازرگانی و «هاشم» کەوتە زەیەوانیی کەعبە و هەر یەکە لە ڕێبازی خۆیەوە دەرامەتی بۆ تیرە و ناوچەکەی خۆی پەیدا دەکرد. بازاڕی «عوکاز (عکاظ)» یەکگرتنێکی ئەم دوو ڕێبازە و جۆرە تەوژمێکی پڕوپۆگاندەی ئەو زەمانە بوو بۆ هەردوو ڕێبازەکە. بەم چەشنە لەگەڵ بازاڕی مەککە و بازاڕی بتپەرستیدا، بازاڕی «عوکازیش» بە شیعر و «شێوەی قوڕەیش» کەوتە پڕوپۆگاندە بۆ هەردوو بازاڕ و لەپاڵ هەموو شوێنەوار و تەئسیری دوو بازاڕەکەدا ئاوازی شیعری «جاهیلی» و هەڵواسراوە هەڵبژاردەکانی دەرگای کەعبەی بە دیالێکتی قوڕەیش لەناو عەرەبدا جێگیر کرد. گەر تەئسیری «عوکاز» بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم دیالێکتە لە سنووری تیرەکانی حیجازدا بووبێت، ئەوا قورئانی پیرۆز و ئایینی ئیسلام بوونە هۆی پەیدابوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی عەرەبی. هەرچەندە لە «حەوت خوێندنەوە»ی قورئاندا دیالێکتی تیرەکانی عەرەب ڕەچاو دەکرێت، بەڵام قورئانی پیرۆز بە دیالێکتی ئەو کاتەی قوڕەیشە، کە پێغەمبەر ﷺ لەوان بووە و ئاینی ئیسلامیشی لەو ڕێگەیەوە بەوان گەیاندووە و وردە وردە وای کرد کە دیالێکتی قوڕەیش ببێت بە سەرچاوە بۆ ئەو زمانە ئەدەبییە یەکگرتووەی ئەمڕۆی عەرەب کە سەردەمێک زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی گەلانی موسوڵمانیش بووە و دیارە کە وردە وردە لەگەڵ دیالێکتە زۆر و فراوانەکانی تری عەرەبی تێکەڵ بووە، بەڵام خاسیەتە قوڕەیشییەکەی لەدەست نەداوە.

لای فارس «خاکی پاکی شیراز» هەروەک مەڵبەندی شیعری حافز و نووسینی پەخشانی سەعدی بوو، هەروەها سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئە و زمانە ئەدەبییە یەکگرتووەی ئەمڕۆی فارسە کە تێکەڵەیەکی شێوەی شیراز و تارانە. واتە بوونە پایتەختی تاران «دەسەڵاتی سیاسی»ی تێکەڵ بە زمانی ئەدەبیی شیراز کردووە و زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی فارسیی لێ پەیدا بوو کە ئێستا هەموو فارس پێی دەنووسن و دەخوێنن، لە کاتێکدا کە هەر کەسە بە دیالێکتی خۆی ئەدوێت.

ئەم تەجروبەیەی فارس لە هەندێک دیمەنیدا لە دروستبوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ئینگلیزی دەچێت، کە ئەویش تێکەڵبوونی ئەدەبیات و شیعری «چۆسەر»ە لەگەڵ شێوەی لەندەندا کە شیعری «شکسپیر» ڕۆڵی خۆی هەبوو لە بڵاوبوونەوە و داچەسپاندنیدا.

زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی «ڕووسی»ش بە هۆی دەسەڵاتی سیاسییەوە دروست بووە. لە سەدەی پانزدەهەمدا موسکۆ بوو بە پایتەختی دەوڵەتی یەکگرتوو و نووسین و کاروباری ڕەسمی بە هەموو وڵاتدا بە دیالێکتی ئەو ناوچەیە دەهات و دەچوو. شاعیران ڕوویان کردە پایتەخت و چیرۆکی ڕووسی سەری دەرهێنا و ئەو شێوەیە بوو بە زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوو بۆ هەموو نەتەوەی ڕووس.