زمان، زمانی یەکگرتوو، زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 8 خولەک  1274 بینین

زمان کە هۆیەکە لەو هۆیانەی کە مرۆڤ بە کۆمەڵەوە دەبەستێ، لە سەرەتای دەست بە پەیدابوونیەوە تا دوا شێوەی داچەسپاندنی ئەمڕۆی ڕیزە ڕووداوێکی دیوە. ڕەنگە هەر زمانە و ڕێبازێکی تایبەتیی خۆی بووبێ، بەڵام وەک لە هەموو دیمەنێکی ژیانا تێگەیشتنە تایبەتییەکەی فەلسەفە دەبینرێ، کە هەموو شت «گشتی» و «تایبەتی»ی تیایە، هەموو زمانێکیش لە ڕێڕەوی دروستبوونی خۆیدا بەم «گشتی» و «تایبەتی»یەدا تێپەڕیوە. دیمەنی گشتیی بەرەوپێشچوونی هەموو زمانەکانی جیهان یەکە و هەر زمانەش ڕێبازی تایبەتیی هەیە.

ئەنجامی بەرەوپێشچوونی زمان ئەوەیە کە گەلێک یا نەتەوەیەک «زمانی یەکگرتوو»ی خۆیی دەبێت.

جاری وا هەیە زمانێک لە ئەنجامی تێکەڵبوونی چەند دیالێکتێکەوە پەیدا دەبێت، یا جاری وا هەیە زمانی نەتەوەیەک لە تێکەڵبوونی زمانی چەند گەلێکەوە پەیدا دەبێت؛ ئەوەش دەبێت کە ڕەگەزی ئەو چەند زمانە یەک بێت یا جیاواز بێت.

هەندێ جار کە وڵاتی گەلێک داگیر دەکرێت، زمانی گەلە داگیرکراوەکە لەناو دەچێت. ڕووداوی واش لە مێژوودا هەیە کە گەلە داگیرکەرەکە زمانی خۆی لەبیر چووبێتەوە و زمانی گەلە داگیرکراوەکە زاڵ بووبێ.

دەربارەی چەشنی دروستبوونی زمانی کوردی تا ئێستا چەند لێکۆڵینەوەیەکی باشمان لێرە و لە دەرەوە هەیە. ئەمە باسی ئێستای ئەم نامەیە نییە. بەڵام ئەوەی لەم باسە وەردەگیرێ ئەوەیە کە هەرچەند زمانی یەکگرتووی کوردی لە چەند دیالێکتێکەوە پەیدا بووە، بەڵام دروستبوونی زمانی یەکگرتوو فەوتان و نەمانی دیالێکت ناگەیەنێ، چونکە زمانی یەکگرتوو شتێکە و دیالێکت شتێکی تر.

لەگەڵ گەشەسەندنی زمانی یەکگرتووشدا دیالێکتەکانی زمانیش هەر یەکە بە ڕێگەیەکدا گەشە دەستێنن و دەبنە گەنجی وشەوەرگرتن و دەوڵەمەندکردنی زمانەکە. پەیدابوونی زمانی یەکگرتوو زۆرتر بەستراوە بە پەیدابوونی نەتەوەوە —مەبەس نەتەوەیە بە مانای عیلمیی تازە . بەڵام، زۆر جار پێش ئەوەش کە مەرجەکانی نەتەوە لە گەلێکدا تەواو ببێت، کە زمان یەکێکیانە، زمانی یەکگرتوو پەیدا دەبێ.

زمانی یەکگرتووی کوردی دەمێکە پەیدا بووە، بۆ سەلماندنی ئەمەش با بزانین ئەو مەرجانە چین کە زمانێکیان پێ دەبێت بە زمانی یەکگرتوو. فیلۆلۆژەکانی هەموو جیهان ئێستا لەسەر ئەو باوەڕەن کە یەکبوونی سێ شت لە چەند دیالێکتێکی زماندا ئەو زمانە ئەکات بە زمانێکی یەکگرتوو. ئەم سێ شتەش ئەمانەن:

١. گراماتیکی زمان

٢. فۆنەتیک

٣. بنەڕەتی فەرهەنگی زمان

ئەوانەی مارکسیزم ئەکەن بە چرای بیرکردنەوەیان لە هەموو زانستێک، دەبێ لە ڕووی زمانەوانییەوە ئاگاداری موناقەشەکەی نێوان «ماڕ»ی زانا و «ستالین» بن. ئەوەش دەزانن کە ستالین لە کاتی خۆیدا هەر گراماتیک و بنەڕەتی فەرهەنگی زمانی کردبوو بە نیشانە بۆ یەکێتیی زمان. بەڵام فیلۆلۆژە مارکسییەکانی ئێستا «فۆنەتیک»یش ئەکەن بە نیشانە و مەرجێکی تریش ئەهێننە کایەوە، کە ڕەنگە هەندێ لەو زانایانەی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلان بە دروستکەری هەموو دیمەنێکی مێژوو و ژیان نازانن، بە ناوی زانست و مەوزووعییەتەوە دان بەو مەرجەدا نەنێن. ئەو مەرجەش «ڕای میللەت»ە دەربارەی زمانەکەی خۆی. بۆ نموونە، پێش شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، لە باسەکانی زمانەوانە ڕووسەکاندا ئەنووسرا دیالێکتی ئۆکراینی و دیالێکتی بیلەڕووسی، بەڵام پاش ئەو شۆڕشە زمانەوانە سۆڤێتییەکان ئەنووسن زمانی ئۆکراینی و زمانی بیلەڕووسی چونکە ئەو دوو گەلە خۆیان بە گەلی سەربەخۆ دەزانن و زمانەکەیان بە زمانێکی سەربەخۆ دەزانن—هەرچەندە شۆڤێنییە ڕووسەکانی پێش ئۆکتۆبەر ئەمانیان بە نەتەوە نەزانیوە و زمانەکەیانیان بە دیالێکتی ڕووسی زانیوە.

زمانی کوردی، بە هەموو دیالێکتەکانیەوە، بە زمانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو ئەژمێررێ.

هەندێ لە زاناکان، بەتایبەتی بێگانەکان کە دێنە سەر باسی زمانی کوردی و دیالێکتەکانی، تەنیا لە دیمەنی جیاوازی نێو دیالکتەکان دەدوێن، بەڵام لێکۆڵینەوەی وردی هەندێ زانا ئەوە دەسەلمێنێ کە زمان یەک زمانە.

کاتێ کە ئەم باسە دەچێتە قاڵبی ئەو لێکۆڵینەوە فراوانەوە کە باسمان کرد، پشت بە زانست ئەوە دەسەلمێنین کە گراماتیک و فۆنەتیک و بنەڕەتی فەرهەنگی هەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردی یەکن؛ وردە جیاوازییە کە هەیە، هەر ئەوەیە کە لە دیالێکتی هەموو زمانەکانی جیهاندا بە زیادەوە هەیە. ئەمە ڕای گەلیش لەولاوە بووەستێ، کە لە هەر کوردێک بپرسی: «لە هەولێر لە ماردین یا کرماشان یا هەورامان کە ئەو زمانەی پێی ئەدوێ چییە؟»

ناڵێ: «سۆرانی، کرمانجی، لوڕی، گۆرانی (هەورامی)» بەڵکوو ئەڵێ: «کوردی.»

زمانی یەکگرتوومان هەیە. زمانەکەش چوار دیالێکتی گەورەی هەیە و هەر دیالێکتیش چەند لقێکی لێ ئەبێتەوە. ئەم دیالێکتانە نە یەک ئەگرن و نە دەبێ یەک بگرن و نە یەکنەگرتنیان دەبێتە بەڵگەی نەبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی. بەڵکوو مانەوە و گەشەسەندنیان زمانە یەکگرتووەکەمان و زمانی ئەدەبیی یەکگرتوومان دەوڵەمەند ئەکات.

پرسیار ئێستا دەربارەی «زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو»ە کە ئەمە شتێکی جیاوازە لە «زمانی یەکگرتوو.» هەندێ کەس لای وایە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوومان نییە، وا دەزانم زۆرتری شارەزایان، ئەوەی زانست ئەکەن بە چرای بینین، لەسەر ئەو ڕایەن کە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستی کردووە بە دروستبوون و ڕێگەی خۆی گرتۆتە بەر و لە گەشەسەندنایە. زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو شتێک نییە کە ئارەزووی ئەم پاشا یا ئەو زانا دروستی بکات، هەروەک شتێکیش نییە کە چەند زانایەک بەپێی نەخشەیەک یا کەتەلۆکێکی ئامادە دروستی بکەن. بەڵکوو مێژووی نەتەوە خۆی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو دروست ئەکات و هەر نەتەوەیەش ڕێبازی تایبەتی خۆی هەیە لە دروستکردنی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوودا. ئادەمیزاد دروستکەری مێژووە، بەڵام مێژووی گەلانیش ڕێڕەوێکی هەیە بەرەو پێشەوە کە بە ئادەمیزاد ناگۆڕدرێ، با بۆ ماوەیەکیشی کۆسپی بهێنرێتە ڕێگە. لە دروستبوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووشدا، زانایانی نەتەوەیەک بەوەی کە لە مێژوو ئەگەن و زاناشن، دەتوانن «پێشبین» بن و بزانن مێژوو بەرەو کوێ ئەڕوات و ئەوانیش لە گەڵ بەرەوپێشچووندا بن و نەبنە کۆسپی سەرەڕێ.

زانایانی کوردیش دەتوانن لەگەڵ ئەو ڕێڕەوەدا بن کە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ئەم سەدەیەمان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە گرتوویەتیە بەر و خێراتر بەرەوە پێشەوەی بەرن.

کە واتە دەمێکە زمانی یەکگرتووی کوردی پەیدا بووە کە زمانی کوردییە و خاسیەتی تایبەتی خۆیی لە ڕووی گراماتیک و فۆنەتیک و بنەڕەتی فەرهەنگەوە هەیە و هەموو نەتەوەی کورد بە زمانی خۆیانی دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا کە زمانی کوردی چەند دیالێکتێکی جیاوازە و هەر دیالێکتەش چەند بەشەدیالێکتێکی لێ دەبێتەوە. ئەوەی زانا توفیق وەهبی بە «بێچووە دیالێکت – لهجە»یان دائەنێت. بەڵام خاسیەتە یەکگرتووەکانی ئەو زمانە کوردییە لە هەموو دیالێکت و بەشەدیالێکتەکاندا دەبینرێت. هەر یەکە لەم دیالێکت و بەشەدیالێکتانە خاسیەتی جیاوازی خۆی هەیە، کە لە زمانەکەی جیا ناکاتەوە و نایکات بە زمانی جیاواز، بەڵکوو شەقڵی تایبەتی دیالێکت و بەشەدیالێکتی جیای ئەداتێ و سامانی وشەی جیاوازی ئەڕژێتە ناو زمانە یەکگرتووەکەوە و دەبێتە سەرچاوەی وشەی هاوجۆر، کە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو سوودی لێ دەبینێت و پێی دەوڵەمەند دەبێت. کەواتە دەمێکە گومان لەوەدا نییە کە زمانی یەکگرتووی کوردی هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەسەردوان و لێکۆڵینەوەی دەوێت زمانی ئەدەبیی یەکگرتووە.