سەرەتا
لەم ڕۆژانەدا و بەبۆنەی دەرچوونی یاسای ئەکادیمیای زانستیی کوردییەوە، لە زۆر شوێن و تەنانەت بە نووسینیش، باسی زمانی کوردی و دیالێکت (لهجة)کانی و زمانی یەکگرتوو و زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو هاتۆتە ناوەوە.
زۆر کەس هەوڵی ئەوە ئەدات لە سنووری زانینی خۆیدا، شتێک لەو بارەیەوە بڵێ، یا بنووسێ: بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە زۆر کەس بەبێ ئەوەی هەست بە مەسئوولیەتی دواڕۆژ بکەن، یا بێ ئەوەی تۆزێکیش سەروسیمای سواری ئەم مەیدانەیان هەبێ، ئەسپی خۆیان بە ئارەزووی دڵی خۆیان تاو ئەدەن و نەخشەی دواڕۆژ بۆ زمانی کوردی و بۆ شتێک کە بەهەڵە ناو نراوە یەکگرتنی زمانی کوردی ئەکێشن و ڕەنگە لە بارێکی وڵاتیشدا کە (تەرازوو)ی ڕاستەقینەی زانست جێگەی خۆی نەگرتبێ، قسەی ئەمانە بخوات و ڕاوێژ و نەخشەیان تۆزێ کۆسپ بخاتە ڕێگەی ئەو بەرەوپێشچوونەی زمانەکەمان کە وەک مێژوو خۆی ڕێگەی بەرەو پێشەوە هەر ئەبڕێ و ڕۆڵ (دەور)ی خەڵکیش یا پاڵپێوەنانی ئەو بەرەوپێشچوونەیە، یا کۆسپ لە ڕێگەیا دانانە، بەڵام بێ ئەوەی بتوانن ڕایگرن یا لەسەرەنجاما بەرەو دواوەی بەرن.
ئەم باسە ئەنجام و بەرهەمی بە دوای ڕاستی و زانستییا گەڕانی ئەم مەیدانەیە. زانستێکیش کە سوودی ژیانی گەلی تیا بێ بریتییە لە دوو بنەڕەت: تیۆری (نظریة) و پراکتیک (تطبیق).
لەم مەیدانەشا تیۆرییەکە نووسینی زانایان و ڕای شارەزایانە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەنجامی چەند سەد ساڵەی کۆششی عیلمییە.
پراکتیکەکەش بریتییە لە بینینی زەمینی پەیدابوونی ئەو تیۆرییە کە گەلانی زیندوون و بیستنی قسە و باس و خوێندنەوەی ئەدەبیاتیانە.
ئەم گەرموگوڕییەی لێدوان و لەسەرنووسینی باسەکە و شوێنی بڵاوکردنەوەشی بووە هۆی ئەوەی ئەم باسە لەم فۆرمەی ئێستایدا بڵاو کەینەوە. ئەم وتارە لە باریا هەیە لە دواڕۆژدا ببێتە بناغەی لێکۆڵینەوەیەکی عیلمیی فراوان و گەلێ بەڵگەی لە ڕای زانایان بخرێتە پاڵ، بەڵام ئەمە هیچ لە ناوەڕۆک و ئەنجامی باسەکە خۆی ناگۆڕێ.