خوێندەواری خۆشەویست

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 4 خولەک  858 بینین

هەوڵی لە مەسەلە گەیشتن و گەیشتنە ئەنجامێکی عیلمیی ڕاست دەربارەی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو پاڵی پێوە نام کە لە زۆر سەرچاوەدا بۆ ئەم باسە بگەڕێم و لە ڕێگەی مێژووی خۆمان و گەلانی ترەوە و لەسەر بناغەیەکی پتەوی باوەڕ و فەلسەفە کە زمان لە کۆمەڵ و میللەت و مێژوو جیا ناکاتەوە، نەخشەیەک لە بیری خۆمدا بۆ ئەو زمانی ئەدەبیی یەکگرتووە بکێشم کە زۆر هۆ وامان لێ دەکا بە ئاواتی بخوازین.

پاش ئەوەی ئەو نەخشەیەم لا جێگیر بوو، وە پاش ئەوەی باسەکە لە چواردیواری دانشگا و دەسگای زانست دەرچوو و بوو بە باسێک و ئەرکێک لە ئەرکەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئێستای بەرەوپێشچوونی زمانی ئەدەبیاتی کوردیمان و بوو بە مەسەلەیەک کە باری ژیان و بەسەرهاتی ئەمڕۆی وڵات چارکردن و نەخشەکێشانی بوێت و بڕیاری خێرای دەربارەی بوێت، پاش ئەمە بە پێویستم زانی کە ئەو نەخشەیە بخەمە بەرچاو بە هیوای ئەوەی کە زانا و ڕۆشنبیر و شارەزایانی کورد لە داچەسپاندن و هەوڵ بۆدان یا لە لێگۆڕین و پوختەکردن و موناقشەیدا بەشدار بن.

لەبەر ئەوە، لە شێوەی وتارێکی درێژدا بەشی یەکەم و دووەمیم لە گۆڤاری «برایەتی»دا بڵاو کردەوە. بەڵام هەندێ هۆ وای کرد کە هەمووی بڵاو نەکەمەوە و هەر بەو هیوایە و بۆ سوودبینین لەو ئەرکی خوێندنەوەیەی کێشام، ئەم باسە بوو بە کەرەسەی چەند دەرسێکی قوتابییانی بەشی کوردیی کۆلێجی ئادابی دانشگای بەغدا. دیارە دەرسەکان لە شێوەی لێدواندا بوون و نەنووسرابوونەوە، بەڵام ئارەزووی قوتابییانی ئەو بەشە لەلایەک کە حەزیان بەوە دەکرد ئەوەی بیستوویانە بەچاپکراوی بیخوێننەوە و ئارەزووی خۆشم لەلایەکی تر کە حەز بەوە دەکەم کە باسەکە بخەمە بەردەمی هەموو ڕۆشنبیران بۆ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە و لێی بدوێن و ئەنجامی لێدوان و لەسەرنووسینی ئەوان سروشتی بڕیارێکی عیلمی بدا بەو ئەنجامەی من گەیشتوومێ. ئەم دوو ئارەزووە پاڵی پێوە نام کە کورتکراوەیەکی پوختەی ئەو دەرسانە لەم چەند لاپەڕەیەدا چاپ بکەم. وە لەبەر ئەوەی باسەکە بەم جۆرە هاتە کایەوە، بۆیە لە پەیڕەوی تازەی کتێبدانان نەختێ لام دا و لاپەڕە بە لاپەڕە ئەو سەرچاوانەم نیشان نەدا کە سوودم لێ وەرگرتوون. بەڵکوو زۆر نموونە و ڕای وەرگیراوم تۆمار نەکرد، کە بۆ ئەم باسە ئامادە کرابوون.

بەکورتی ئەمەی دەیخوێنیتەوە کورتکراوەی کتێبێکی گەورەیە کە ئەم باسە گرنگە ڕوون بکاتەوە، بەڵام ئەو زرووفە تایبەتییە وای کرد کە کورتەکەی پێش کتێبەکە خۆی بنووسرێ و چاپ بکرێ. دیارە لێدوانێکی عیلمیی هێواشی ئەم باسە یارمەتیی تەواوم ئەدا کە زووتر و پوختەتر و بەپێگەیشتوویی ئەو بەرهەمە ئامادە بکەم و ئەرکی سەرشان بەرامبەر بەم مەسەلە گرنگەی دواڕۆژی ڕۆشنبیریی نەتەوەکەمان بەجێ بێنین.

ئەوەی دەیخوێندنەوە ڕایەکی ڕێک و ڕەوانە و گەر لەگەڵ عاتفیە و ئارەزووی هەندێ کەسیشدا نەگونجێ، ئەوا پەڕاندنەوەم هەر بە دڵسۆزیی بێپایان و بێمەبەسە بۆ نەتەوەی کوردی مەزن و دواڕۆژ و مەسەلە و بەختیاریی ڕەنجکێشانی، بە خۆبەخشین و تەرخانکردنە بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبیات و وشەی پاکی.

وا ئەزانم پاکی و دڵسۆزی و تەرازووی زانست لەبەرچاودانانیش دەمانگەیەنێتە ڕاستی و دەمانخاتە سەر ڕێبازی ڕاستەقینەی خزمەتی میللەت و هیوای مەردانەی ئادەمیزاد.

بە هیوای لێدوان و ڕادەربڕین و گەیشتنە ڕاستیی هەموو ڕۆشنبیرانی کورد ئەم چەند لاپەڕەیە پێشکەش دەکەم.