یادی یاران

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 5 خولەک  1120 بینین
شنێک هات بەری بەیانی
ئەو شنەم خۆش هات لە گیانی
لە سەران گەییە داوێنێ
زانیم بۆنی یاران دێنێ
وڵاتی داگرت خوار و ژوور
نە نیزیکی هێشت و نە دوور
هات و هێنای بۆنی بەهار
هەموو جێی هەر کردە هەوار
هات و هەزار فەخر پێوە
پێی نا کوردستانی نوێوە
هات و هاتنی وەک هەتاو
ناوەندێک و پڕشنگ بڵاو
هات و هاتنێکی ئەوتۆ
نەیهێشت خەم داگرم ئەوڕۆ
هات منی خستە گڕوگاڵ
وەزمانی هێنام وەک مناڵ
هات و وای گرت دەوروبەرم
هەوای زۆزان کەوتە سەرم
تا لەوێ بشکێنم تاسەی
زیندوو کەمەوە حەماسەی
ئەوڕۆ منم و دوو قارەمان
هەردووکیان شانازی زەمان
دوو ڕێبەر، دوو یاری گیانی
دوو پێشمەرگە، دوو بارزانی
سەیری من و هاوسەفەرم
ئای ئەگەر من بەختەوەرم
ڕێگا ڕێک و سرووشت دڵخواز
هاوڕێی شاز و دنیایەک ڕاز
دەچم هەڵدەکشێم بۆ سەران
ناو چەپەران سەر سەنگەران
دەرفەتێکە لەگەڵ یاران
دیدارێک بە شێوەی جاران
هەڤاڵی وی بێ وەفا نین
جا چ هەڵگووردە و چ سەفین
زەرد و ماه و لێڕ و گەڵی
هەموو ئاشنان لەگەڵی
لەبن سێبەر و دەراوان
پێی وی دەنێنە سەر چاوان
مازو داری دەوروبەری
چەتر هەڵ دەدەن لەسەری
دێن بۆ پاڵەپشتی گابەرد
ڕایەخی دەچنێ شیناوەرد
هەر بزانن بارزانی دێ
وەخۆ دەکەون جێ بەجێ
مەتین لەوێ ڕادەپەڕێ
قەندیل لە بەفراو دەگەڕێ
بێ خاڵ ئاوپڕژێن دەکا ڕێی
کوڕەک سەر داوێتە بەر پێی
کەوی شاخی بۆی دەخوێنن
وەک خۆیانی بەخێر دێنن
ماندوو هەر نابن لە خوێندن
خوێندن نە قاقای سەرکەوتن
شیرین بە سەد ئاواتەوە
ئامێزی بۆ دەکاتەوە
لە کاروخ هەتاوی بێتێ
زۆزگ سێبەری داوێتێ
حەمرین لێیان دوور بوو ساڵان
ئەوساڵ گەییەوە هەڤاڵان
هەموو لای چیا سەنگەرن
پێشمەرگەی وی بەخەبەرن
دڵسۆزی خاوەن سپاردە
هەموویان ئازای بژاردە
حاجی بیڕوخی لەسەرێ
دوژمنی داوەتە بەرێ
مەحموود کاوانی لەولاتر
چیای لێ کردوونە ئاگر
لە پیرسێ مەلاشنی
سولەیمان میرخان خەردنی
میرە عوزێر دۆڵە مەڕی
لێیان بۆتە ڕقەبەری
داخوا شەونخونی شەوێ
کێهەیان وەپێش دەکەوێ
کەنگێ پێویستی کرد پرس
لە کوێ سەری هەڵدا ترس
ئەسعەد خۆشەوی دەنێرێ
کار بە کارزانی دەسپێرێ
لە تەقەی «مامەند شیروانی»
بارزانی تا توانی ڕوانی
چ «تەلیە شینۆی» تەیاری
چ مێری وەک «عیسی سواری»
چ «حادێ حەسکۆ» چ «حەدۆ»
چ هورمزی مەلیک چەکۆ
ئەوانیش وەک «مەلا ئەمین»
هیچیان دەربەستی مەرگ نین
هەر بۆیەش ئەوان بچنە کوێ
ترس دەڕوا، مردن هەڵدێ
ئەو کارە چارێکی نییە
ئێرە بازاڕێکی دییە
لە هەرێمی سەوداسەران
دەکرێ سەودای گران گران
ئەوەی ئەو مەکتەبەی دانا
پسپۆڕێک بوو، ئازای زانا
شێری شەڕی پارتی زانی
نەمر مستەفا بارزانی
هات ڕاپەری و بە کردەوە
گەلی خۆی تاقی کردەوە
سەربەرزان دەورەیان لێدا
چەندی ویستی خوێنیان پێدا
هەر خوێن خوێنی هاتە پاڵی
تا وا دوژمنی ڕاماڵی
ئیدریس قەترەی دەریای وی بوو
کەوا دەریای دنیای دیبوو
بەڵام بریا و هەزار بریا
لەو تۆفانە دوور با دەریا
لە ئەڤیندا ئیدریس و مەم
هەردوو یێکەمی بێ دووهەم
هەردووکیان هەڕەتی لاوی
دڵی ئەستاندن گراوی
ئەو زین بوو هەموو ئاواتی
ئەو دەسووتا بۆ وڵاتی
بێ وادە هەردەکی بردن
بەڕاستی بێ شەرمە مردن
٭٭٭
من وەڕەز و قافیە تەنگ
دەبینی خەیاڵ دێتە دەنگ
خەمخۆری ون و نادیار
وێژەری بێ زمان و زار
کە ئەو ئوستورەی وان دێنێ
من بیری ترم نامێنێ
بەسەرهاتی زۆر لە کنە
ئەو نوکتەی گەلێک شیرنە:
کوڕ وەک باوک، باوک وەک کوڕ
ناویان سەر زەوی کردووە پڕ
لەگەڵ کۆمەڵ چ ئەو، چ ئەو
وایان پەیوەند کردووە پتەو
دایک کۆرپەیان دەنوێنن
بە بەیتی وان دەی لاوێنن
شوان و وەرزێر جیاجیا
بەوان هەڵدەڵێن لە چیا
فۆلکلۆربێژی هونەرمەند
ناوی وان دەکاتە سەر بەند
بەڵام زانی دەبیری پیر
وتەی زاران دەچن لە بیر
کردەوەی وانی دێڕ بە دێڕ
هێنا و نووسی بە ئاوی زێڕ
نەخشی هەڵکەندن لە بەردی
پێی گران کرد نرخی هەردی
هەتا وتەی زار و زمان
وەک بەڵگە کەوتە دەست زەمان
فەرمانی مێژوویی دەرچوو
چوون بوونە کاکڵ بۆ مێژوو
تا ئەوانەم دێتەوە بیر
هەڵبەست سوپایە و من ئەمیر
هێز لە هەموو لاوە دێنم
لە لووتکان دای دەمەزرێنم
چون بە هیچ چەکێ نامرن
هەر جێیە سەختە دەی گرن
ئەگەر لێ گەرێ تەمی خەم
خەیاڵ پێک دێ لەگەڵ وتەم
دەکەومە باسی ئەڤینم
کە هەست گڕی گرت دەبینم
وشەم چەندی بۆی هەمە
وشەی وەک وان بەرزم کەمە
لە بیرەوەری کۆن و نوێم
زۆر بوون ئەوڕۆ لێیان بدوێم
ڕاستی نەهێنا زمانم
بەڵام من هێندەی دەزانم
لەناو فەرهەنگی مێرانی
واژەی یەکەم تۆی «بارزانی»
چی پێ دەکردم کارەسات
ئەودەم خۆشەویستی تۆ هات
دەستی گرتم بوو بە هانا
سووچی پۆشیم، چاکەی ڕانا
ڕیشەی داکوتا لە گیاندا
منی سووتاند، منی هان دا
خوا تۆی نارد هەر بۆ پەنا
سایەی تۆ پیرۆز بوو دەنا
ئەوڕۆ لە شوێنێ بۆ شوێنێ
دەبوو با تۆزی من بێنێ
دڵی من ئەگەر بەسۆیە
تۆ ئەو کەسەی «هێدیناسناوی ئەدەبی» بۆیە
وەک کۆیلە نەوەک هاوڕازت
سەری خستۆتە ڕێبازت
پێی بنێ سەر مەڵێ وردە
سەر فیدای تۆ بێ سەرکردە