تاقانە
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
931 بینین
غەزەلێک ئەوڕۆ بە بەژنت دەبڕم وەک ئەتڵەس
غەزەلی وا دەبێ نەیدیبێ لەبەر خۆیدا کەس
هێندە ناسک بێ، ئەویش ڕایەڵوپۆی وەک پەڕی گوڵ
فەرقی پێ نەکرێ لەگەڵ خۆت و بژاکێ بە نەفەس
وەک خوناو پاکە ئەڤینی من و تۆ، بەو شەرتە
وەسوەسەی ماچی دەمت لێگەڕێ نەیکاتە هەوەس
نێرگزت دوو هەیە، لیمۆ دوو، گوڵی ئاڵیش دوو
ئەوی خوی تاق بێ لەبەر دیدەکەما، تۆی و بەس
دل لە من زیز بێ، لە داوی کەزی تۆ پێوە دەبێ
ئەتۆ دێوانە لە زنجیری دەکەی، من لە قەفەس
خاڵی کۆڵمەی تۆ کە گیرۆدە نەبێ، بۆ ئاوا
لەسەر ئەو ئاگرە، پیرۆزە دەکاتە قەقنەس؟
دوینێ دەمدی کە شەماڵ بسکی ڕەشی شانە دەکا
ڕێبوارە و دێ، ئەویش عومری منی داوەتە دەس
دەردی ئاوارەیی خۆشیی بە وتەی «هێدیناسناوی ئەدەبی» نەهێشت
تۆ لە فریام وەرە، با کێوی خەمان بێنێ هەرەس