بە یادی تۆ بارزانی

بە تاسەی تۆوە ئیدریسی خۆشەویست
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 4 خولەک  796 بینین
ساڵ لە سووڕانێ بە لەزن
سواری کەحێلی خۆش بەزن
ڕێگا بێ کەند و کوڵۆیە
ڕێبوارەکەش سەرەڕۆیە
ڕۆژ دێ مانگ هەڵدەوێزنێ
مانگ پرزەی ساڵێ دەچنێ
چ وەرزە، چ کات، چ ساتە
پڕ لە کێشە و کارەساتە
هەر مانگێ دێ تێ دەپەڕێ
هەر جارێ ساڵ وەردەگەڕێ
هەر ڕۆژێ کە سەر دەردێنێ
تاسەی کەسێک دەمتاسێنێ
گێژ و وڕ دەبم سەردەمێ
چی کاتێ هەمە دەیدەمێ
بەدوای ئەودا خەمێکی تر
دامدەگرێ سەردەمێکی تر
ئەویش گەلێک ناخایەنێ
یەکی تر هەڵی دەکەنێ
کەسەر خۆ نە یەک نە دووە
زۆر گەنجی وام لە دەست چووە
کە چەرخ و خولی زەمانە
لەدوای ئەو هەموو گەڕانە
جێگای پڕ نەکردوونەوە
کەلێنی هەر هێشتوونەوە
بەڵام من لەو دەردە چ بکەم
ژانی زۆر و دەرمانی کەم
خەمێک کە خەوێ دەستێنێ
کە دێ ئەو پەیامە دێنێ
مردن بۆ گەل ئەرکی مەیە
هەر کەس سپاردێکی هەیە
دەبینم گشت کاتێ لەنوێ
بارزانییە بۆ من دەدوێ
هەست و هۆشم دادەگرێ
هێند بەرزە تەفسیر ناکرێ
بە ڕابردوومدا دەچمەوە
جوان وەبیر خۆم دێنمەوە
خەیاڵ دێ دەورم دەتەنێ
ئەو بە هێز و من بەتەنێ
بەهێز و باریکتر لە موو
ئەو باڵ دەگرێ منیش لەدوو
پێم ناکرێ وەدووی نەکەوم
من گیرۆدەی دەستی ئەوم
خەیاڵ دەیکاتە هاتوچۆ
بۆم دەبێتە ڕایەڵ و پۆ
خەیاڵ مەکۆم لەدەست دەنێ
ئاوا تافتەم پێ دەچنێ
چۆن بوو وا لام دا لە مەبەست؟
چ بوو هات ڕێگای منی بەست؟
هەر چی بوو خەیاڵ پێی کردم
ئەو هات بۆ لای تری بردم
٭٭٭
هەر ئەو هەست ئەکا بە حاڵم
من لەڕاست هەستی خۆم لاڵم
زۆر وشەی وام لە زارایە
مان دەگرێ لە فریام نایە
کاتێ تەنیاش دادەمێنم
دەست لە ئەژنۆیان وەردێنم
وشەم خۆ ناگرن ناسرەون
وەپێش فرمێسکم دەکەون
یان بۆ وشێک مات و گێژم
یان زۆرن دایان دەبێژم
خۆم لە دزێوان دەبوێرم
کامیان جوانن لێی دەژمێرم
تا بە شێوەی وێژەوانی
یادی تۆ بکەم بارزانی
پەیامی هەڵدەگرم دەڕۆم
ئیتر سنوورێ نییە بۆم
دەبمە سروەی بای بەهاری
دەچمە جەرگەی کوردەواری
گەڵی و شیو و دۆڵ و چەمان
گەوە و لاپاڵ و ئەستەمان
لوتکە و تەرت و ڕژ و نشێو
ناو لێڕەوار و دار و چێو
شاخ و کێو و خڕ و دۆڵان
ناو کەویە بەفر و زەندوڵان
لە پێدەشت و شینا وەردان
لەناو سەنگەر و بن بەردان
لە ڕێدا هەرچی دەیگەمێ
ڕاسپاردەی ئەویان دەدەمێ
کوڕان دێن و دەورەم دەدەن
ئەو پەیامە دێنن و دەبەن
هەروا کە گوێ لە من دەگرن
لەبەر خاوەن پەیام دەمرن
پێکەوە دەیکەن بە سروود
بە گەڵ بۆی دەنێرن دروود
بەڵام نەمزانی هۆی چییە
ئیدریس لە ناویاندا نییە
خۆ ئەو لە سرەوتن بەدوور بوو
ئەو هەر لەسەر بڕوای سوور بوو
ئەی هاوڕێی چیا و ڕازانم
مەکۆی نهێنی و ڕازانم
ئیدریس دەریای دڵ بەپەرۆش
وەرە ڕازهەڵگری خامۆش
وەرە گەنجی بە زانست پیر
گەنجینەی پڕ لە هەست و بیر
وەرە هیوای لێقەوماوان
وەرە پێت بنێ سەرچاوان
وەرە نیازی بێ نازان
شاز لەناو هەموو دڵخوازان
ئیدریس پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ
قەدەم ئاسنی قەڵەم زێڕ
سەنگەرگری سوڵح ئافەرین
سەرکەوتووی شەڕی هەندرین
بڕستبڕی دەرفەت ئەستێن
نەرماژۆی هاروژاو پسێن
یەک ڕەنگی هاودەنگ بێ ژمار
دوو باڵی شەشپەڕ لێ دیار
هەستە ڕاپەڕە لە خەوێ
وەرە گەلێ گەل تۆی دەوێ
نەکەی زیز بی لە هەڤاڵان
نەشکێنی لە برای خۆت باڵان
بە شانازی ئەوڕۆ لێرە
پەیامهێنەر پەیامنێرە
گەرچی لە دووری ئاڵۆزە
لەسەر ئەو گۆڕە پیرۆزە
دەڵێ: سەرۆکی خۆشەویست
تۆ ژیانت بۆخۆت نەویست
هەرچەند کەوتە ناو جیایی
بنوو تۆ بە دڵنیایی
مەڵێ دوژمن بە دهۆیە
ئێستەش کاسی زەبری تۆیە
ئەگەر دڵ پڕ لە ناسۆرە
ڕێبواری ڕێگەی تۆ زۆرە
باڵت بێنە بیکە پەنا
من سایەی تۆم کەمە دەنا
بە هیچ هێزێک نایەن لەبن
پێشمەرگەی تۆ و هەڤاڵی من