حەجمان چۆنە؟

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 29 خولەک  834 بینین
حەجمان چۆنە؟

مامەحاجی! بمبوورە کە عەرزت بکەم حەجەکەتم بەدڵ نییە. حەجی عەزرەتی ئیبراهیم پەسند ئەکەم کە بتەکانی شکاند و خوای تاکپەرستی دامەزراند.

ڕەنگە بفەرمووی جا کوا بت؟ بت نەماوە تا بیشکێنم؟ بەڵێ ماوە و زۆر لە جارانیش زۆرتر و حەستەم ترن. بتی ئەودەم بەرد و دار بوون؛ بێئازار بوون؛ کردن و خواردنیان نەبوو. نە چاکەیان لە دەس دەهات نە خراپە. بەڵام بتەکانی ئێستا زیندووون؛ دەبزوون؛ دەخۆن؛ دەکەن. بتی ئێستا بەڕیشەوە، لای سەرووی لێ بڕیویەوە. خاوەنهێزە؛ دەستی دەڕوا؛ کۆشک و سەرای تازەی دەوێ؛ پووڵپەرستە؛ زێڕ و زێو کۆ دەکاتەوە و بە ڕیشی پیاوی ساویلکەی وەک من و تۆ پێدەکەنێ.

حاجی گیان! حەج نە ئەوەیە لەو دەشتە ڕەمڵە تۆز بکەی؛ گەرما بتگەزێ و مۆز بکەی و بارێک متومۆر بۆ دیاری لە مەکە و مەدینە بکڕی و بە کەشیدێکی زەردەوە بەرەو ماڵ بی و شەکراو بدەی بە جیرانان.

حەجی بەڕاستی ئەمەیە لە دیمەنی ئەو هەزاران هەزار کەسەی لە ناو پۆشاکی ئیحرامدا هەمووی وەک یەک دێتە بەرچاو، لێت حاڵی بێ کە خوای مەزن پایە و مایەی سەر دنیایە بە هیچ دەگرێ و لە دەرگای ئەو نەجیمزادە و بۆرەپیاگ و نەدار و دارا وەک یەکە و بە چاوێک تماشا دەکرێن.

حەج بۆ وەبیرهێنانەوەی ئیبراهیمە کە فرزەندی خۆشەویستی بە قوربانی خودا دەکرد. تۆ پێنج فەرزە ماڵێکت کردۆتە ڕووگە و ڕووی تێدەکەی. لە حەجیشدا چەندین جاران دەوری دەدەی. لە حەجیش کە گەڕایتەوە، سوێندی گەورەت بە کابەیە. هیچ پرسیوتە ئەم ماڵە کەی بنیات نرا؟ بۆ کراوە؟ بۆچی ئەوەندە پیرۆزە؟ هیچ پرسیوتە: گورگە لۆقەی سەفا و مەروایە بۆ چییە؟ لێم ڕوونە نا. با پێتبڵێم: کەنیزێکی بەزێڕکڕاوی هاجەرناو، لە برایم زگی پڕ ببوو. برایم هێنایە مەکە و لەو چۆڵە وازی لێ هێنا. هاجەر لەوێ کوڕێکی بوو سمایل ناو. ژنەی زەیستان تینووی بوو. بۆ ئاو لە نێوانی سەفا و مەروادا ڕای دەکرد. برایم هات ئەم ماڵی کابەی بۆ هاجەر و مناڵەکەی ساز کرد. بە فەرمانی خودای گەورە ئێستا ئەو ماڵە ڕووگەیە و ئەبێ حەجاج بە دەوریدا بوخلێنەوە و لەو شوێنەدا -کە هاجر لە ئاو گەڕاوە- وەک ئەو گورگەلۆقە بکەن.

رەنگە ئێستا سەرێکی بۆ ڕاوەشێنی و لەبەر خۆتەوە بپرسی: پیاو نەمابوو لە دنیادا ماڵەکەی بکرێ بە ڕووگە، تەنیا چاوەخانووی ژنێک نەبێ کراوە بەو جێ پیرۆزە؟ بەڵێ خودا ویستوویەتی حاڵیمان کا کە لەبەر بارەگای ئەودا، هەر چاکی و پاکی لە کارە. باس باسی ژن و پیاو نییە؛ بێناو یان خاوەنناو نییە. ژنێکی بێکەس و کڵۆڵ لەو بیابان و چۆڵەدا بێدەرەتان، زەیستانە. تینگی زۆری هێناوە. لەو بێروون و قاقڕەشدا، نە ئاوە، نە ئاوەدانی، نە شینکەیە، نە چێنکەیە، نە زنە، نە کوێرەکانی. لمی گەرمە و تینی هەتاو. دیمەن ئەوەندە بەسامە زراوی پیاوی زۆر ئازاش دەکاتە ئاو؛ چجای ژنێکی لێقەوماو. بەڵام هاجەر، هاجەری پاک و خوداناس -کە بڕوای وایە خودای ئەو خاوەن بەزەیی و توانایە؛ لە تەنگانە و لێقەوماندا جێگەی هومێد و هانایە- داوێنی هومێد بەرنادا و چاکی لێ دەکا بەلادا. سەرکەوتن لە خوا دەخوازێ و بە نیازی ئاو پەیدا کردن بۆ خۆی، بۆ کۆرپەساواکەی، دەکەوێتە کۆشش و تەقالا و خەبات و سەرەنجام دەگاتە ئاوات.

خودای گەورە کە چاوەخانووی ئەو ژنەی بە خانەی خۆی ناو بردووە و شوێن پێ هەڵگرتنی ئەوی کردۆتە ئەرکی حەجاجان، بێ سوڕ نییە. ویستوویە حاڵیمان بکات کە بڕوای پاک و بێخڵتە و لە ژیندا ناهومێد نەبوون و هەوڵدان بە تەمای خودا، چەند بەنرخە و ناڕوانێ نێرە یان مێیە.

ڕەنگە بێژی دەیسا ئەگەر کارەکە هەر دەورەدانی ماڵی کابە و گورگەلۆقەی نێوان سەفا و مەرواکەیە، دەکرا تاکە- تاکەش بکرێ. نەیگەرەک بوو ئەم هەزارەزیلەی حاجی لە کاتێکی تایبەتیدا گشتیان لە مەکە کۆ بن و پێکەوە ئیحرام ببەستن...

مامەحاجی! کۆبوونەوەی بە دەستی جەم لەم شوێنەدا، کۆنگرەی حیزبی ئیسلامە کە ساڵە و ساڵ دەبەسترێ. خوا ویستوویە موسوڵمانان -کە برای دینن- پێکەوە ساڵێ جارێک چاویان بەیەکتر بکەوێ؛ لە دەرد و مەرگی یەکتری بەئاگا بن؛ دەهانای زۆرلێکراوان بێن. بەڵام بە ناشکوری ناڵێم لە هەزار حاجی یەکێکی نازانێ بۆ دەچێتە حەج. کابرایەک لە ناو ئاوایی یان لە گەڕەک بە مەڕ و ماڵ یان بە کەلوپەل و کووتاڵ، لە چاو هاوماڵەکانی خۆی بە ئێروتر دێتە بەرچاو. مەلا و کوێخا و دەر و جیران دەوری دەدەن کە تۆ حەجت لێ کەوتووە و ناشێ لە دانی وامی خوا خۆ ببوێری! قەرزکوێر دوژمنی خوایە. کابرا لە ڕوو دادەمێنێ؛ پسوولەی سەفەر وردەگرێ؛ پووڵ و پارەیەک هەڵدەگرێ و دەچێتە حەج. دەگەڵ هەزارانی وەک خۆی لەو ناوە تۆز و خۆڵ دەخوا. وێڕای خەڵک، لە دەوری کابە خول دەخوا. لە نێوان سەفا و مەروادا لە غاردان پشووی سوار دەبێ. بۆ گەیشتن بە مینایە ملە دەکا. شەیتان پیسە؛ ئەشێ کوچکی لێ بوارێ. چەند چەوێک دەشەیتان دەگرێ. هەرکە وتیان حەج تەواوە و سەریان تاشی، بەرگی ئیحرام دادەکەنێ و بە پەلەپەل ئەکەوێتە کەلوپەل کڕین بۆ دیاری. دیارە ئەوی ئەو دەیکڕێ زۆربەی ماڵی ئەمریکا و ژاپونییەکان و خوانەناسەکانی ترە. واتا لە جیاتی مام حاجی کە ئەشێ لەو چوونە حەجەی لە زیارەتی ماڵی کابە و لە یادی بتشکاندنی ئیبراهیم و گیان بەخشینی سمایل لە ڕاهی خوادا بەهرە بەرێ، قازانجەکە بە گیرفانی بێدینانی خوانەناسی پیشەسازی لاوە دەگات!

بە فەرموودەی ئیمام مووسای کازم: «چەقەچەق زۆر و حاجی کەم». بەڵێ چەقەوهەرا و ماندوو بوون و لە گەرمان ئارەق کردن و دیاری کڕینی لێ دەرکەی، چیتری دەس نەکەوتووە. مەگین بێژین کەشیدە لە سەر نانەکەی، لەپی دەست ڕامووسانەکەی، خەڵک بە خۆی بێژن حاجی، بە خێزانەکەی حاجی ژن. هەروا کەم نین: لەوە بەولا سوێند بە ئاڵقەی کابە دەخوا و کڕیارە دیندارەکانی هاسانتر بۆ فریو دەدەرێ.

دێمەوە سەر باسی قورعان

باوە! فەرمووت ئیمانم بە قورعان هەیە. منیش ئیمانم بە قورعان زۆر پتەوە. ئێستا وەرە با تێک بگەین. تۆ مەبەستت کام قورعانە؟ ئەو قورعانەی کە نازانی چی تێدایە؟ یان ئەوەکەی بۆ فریودان بە نووکەڕمیانەوە کرد؟ یاخۆ نیازت ئەو قورعانەس کە لە چارەگە چەرخێکدا هەزاران هۆزی عارەبی پێخواسی خودانەناسی هیچ نەزانی یەکترکوژ و لێک دوژمنی لە دەوری یەک کۆ کردەوە؟ سەد ساڵی تەواو نەخایاند دەوڵەتێکی وای دامەزراند کە دەوڵەتە هەرە بەهێزەکانی ئەو ڕۆژەی تاواندەوە. مەبەستی من قورعانێکە بە ناوی خوا دەس پێدەکا و بە ناوی مەردم دوایی دێت. زۆربەی زۆری ناوەرۆکی دەربارەی باری ژیان و پێشکەوتن و زانابوون و گەشەداری کۆمەڵگایە. لە سوورەتەکان بڕوانە! بەشی زۆریان باسی سروشت و خۆکرد و ئاکار و خووی باش و بە کەڵکە لە ژیندا و تەنیا بەشێکی زۆر کەمی دەربارەی نوێژ و تاعەت و ژینەوە و قەبر و قیامەتە. خوا قورعانی بۆ کەسێک نارد کە لە خوێندن و نووسین بەشی نەبوو. کەچی هەوەڵین سوورەتی لەسەر خوێندن و نووسینە. (بخوێنە بە ناوی خودات... بە قەڵەم فێری مرۆی کرد). لە شوێنێکیتردا دەڵێ: (ماسی. سوێند بە قەڵەم. بەوەی کە پێشی دەنووسن.) زانایان دەڵێن پێشینان مەرکەفیان لە جۆرێک ماسی ساز دەکرد.

تۆ قورعانێکت خۆش دەوێ و بە ممبارەکی دەزانی کە هەر بەرگەکەی دەبینی بە نەخش و نیگار ڕەنگاوە و لە سەر تاقە داندراوە و بە پیتی ماڵی دەزانی. ئەو قورعانەی کە بە بێداری نایزانی و نازانی باسی چی دەکا، بۆ خەو بن سەنیری دەخەی. بۆ چارکردنی سەرێشە و پشت و باداریت گەرەکە. لات وایە بۆ زیندوو نابێ؛ لەسەر مردووانی دەخوێنی. بەشی زۆر لە گۆڕستانان دەخوێندرێ و خێرەکەی بە مردوو دەدرێ. هیچ گا بیرمان نەکردەوە کە لە مانای تێبگەین و بایەخ بەو پەندانە بدەین کە خودای خاوەن بەزەیی بۆ بەختەوەری و سەروەری و گەشە کردنمان دایداوین.

پێویستە فەرمانی خودا بخوێندرێ؛ تێبگەین و تێگەیەندرێ. نەک لەسەر ڕفحە دابندرێ و لە دوورەوە تماشای بەرگەکەی بکرێ.

گەلێک مەلای وامان هەبوون گوتوویانە وشەی قورئان لە «قەرەئە»وە نەهاتووە کە وەخوێندن دەگەیەنێت؛ لە ڕیشەی «قەرنە»یە کە بە مانا نزیک بوونە. واتا هەر دەبێ بیبینی و نەیخوێنییەوە! دەڵێن ئەگەر خوێندیشتەوە نابێ بپرسی دەڵێ چی و ناشێ دەماناکەی بگەی! چونکە مانای ئایەت زانین لە وزەی مرۆ بەدەرە. ئەوەندە سەخت و دژوارە ئەگەر زانا و تۆژەرەوی زۆر لە زەبریش هەزار ساڵان خۆ ماندوو کا، بۆ مانای تەنها ئەو بێیە کە لە پێش بیسمیلا دایە، پەی پێ نابا و ئەوەندە قووڵە پەی نادا. وتیان قورعان بە ماناوە حەفتا توێژە هەر توێژەی حەفتا گنجی هەس؛ هەر گنجەشی حەفتا چینی تێکەوتووە؛ هەر چینەشی حەفتا کون و کاژێڕی دیکەی تێدایە و تا هەتایە هەر پەردە لە سەر پەردەیە و تا پێدا بڕۆی حەفتایە! کەوابوو چار هەر ئەمەیە ئەگەر خوێندت وا بە ڕەشخوێنی بیخوێنە و لە ماناپرسین واز بێنە. هێندێکیترمان لەوانەی بە ناو زانان و لە ژێرەوە دوژمنی ئێمە و خۆشیانن، قەوانێکیتریان سەرخست. گوتیان ئەم قورعانەی ئێستا لە ناو موسوڵمانان هەیە، دەگەڵ قورعانە ڕاستەکەی خوا بۆ پێغەمبەری ناردووە یەکێک نییە. ئەم قورعانە هەڵبەستەیە. قورعانی ڕاست لە لای ئیمامی یەکەمین هەڵگیراوە و بە نهێنی دراوە بە دووەمین ئیمام و هەر ئیمامەی داویەتە دەست شوێنگیرەکەی تا گەیشتۆتە ئیمامی دوازدەهەمین و جگە لەو چەند ئیمامانە کەس قورعانی ڕاستەقانی لەلا نەبووە.

کاتێ ئیمامی دوازدەهەمیش وەکوو مانگ پەنای گرتووە و لەبەر چاوان نەدیو بووە، قورعانەکەشی بردووە و تا خۆی دەرنەکەوێتەوە، لە قورعانی خوا بێبەشین. هەرگا ڕۆژێ لە ڕۆژاندا ئیمام خۆی ئاشکرا بکا، چاومان بە دیداری خۆی و قورعانە ڕاستەقینەکە ڕۆشن دەبێ. ئەوسا ئیمام مانای قورعانی ڕاستیمان حاڵی دەکا و دەزانین دین دەبێ چۆن بێ.

هێندێکی دیش -کە لەوانە نەرم و نیانتر ئاخاوتوون- فەرموویانە ئەم قورعانە زۆربەی دەگەڵ قورعانی ڕاست یەکە؛ بەڵام دەسکاری کراوە و هێندێک ئایەت و سوورەتی لێ دزراوە و هێندێکی وەسەر خراوە. هەرگا ئیمامی زەمان هات، پاک و پووک لێک هەڵدەبژێرێ و دزراو بەسەر دەکاتەوە و وەسەرخراو دەرداوێژێ.

هەرکەس تۆزێک بە ژیری بیر بکاتەوە و سەروبەری ئەم گفتانە لێک داتەوە، زوو تێدەگا کە دین دوژمنانی ئێمە لە درێژایی مێژووی موسوڵمانەتیدا، چەند خەریک بوون دینەکەمان لێ تێک دەن و قورعانمان لەبیر بەرنەوە. زانیویانە تا قورعان لە ناو موسوڵمانان مابێ و بەرانبەر بە فەرموودەکانی ببزوونەوە، دەداوی ئەوان ناکەون و هەمیشە هەر سەردەکەون. بەرە-بەرە پێداهاتوون؛ جارێک بەوەندە ڕازی بوون هەر دەبەرگەکەی ڕامێنین و هەر بە پیرۆزی بزانین؛ ئیتر نەیخوێنین. نەخێر وەختێ دیتوویانە ئەو ممبارەک زانینەش لە قازانجی ئەوان نایە، بە زێڕ، بە زۆر، بە هەرچی لە بەردەستیانە، مەلای بە ڕواڵەت دینداری بێئاکاریان دنەداوە کە ئەم بەستانە هەڵبەستن و هەڵوەستێکی وا ڕێک بخەن کە قورعان لە ناو موسوڵمان هەر ناوەکەشی نەمێنێ؛ بڵێن دەسکاری کراوە؛ بڵێن زۆری لێ دزراوە؛ بڵێن وەسەری خراوە؛ بڵێن تێک و پێک دراوە؛ بڵێن، بڵێن... تا موسوڵمانان لەو قورعانەی کە هەیانە دوودڵ دەبن. ئەوسا بڵێن ئەو قورعانە دەگەڵ قورعانە ڕاستەکەی خوا ناردوویە و سپاردوویە کە بە پیرۆزی بزانین، زۆر لێک جیان. قورعانی ڕاست وا لای ئیمامی نادیاری و تا خۆی نەیە کەس نایبینێ. وەک دەشزانین هەتا سەرێک ئەم پیلانە سەری گرت و ئەم ژەهرە موسوڵمانکوژە لەسەر ڕووپەری کتێبان بە نووسراوی هاتە بەرچاو؛ چاوی زۆر کەسیان پێ نووساند. دیسان چا بوو خودا و ڕاستان دەستەیەک لە زانایانمان بەرامبەر بەو فکرە وێستان و لە تەشەنەی ئەم ئاهۆیە بوونە لەمپەر و نەیانهێشت پیلانی شەیتان سەرکەوێ. ڕایانگەیاند کە ئەم قورعانەی هەمانە هەر هەمانە کە خودا بۆ پێغەمەری نارد و بێ زیاد و کەم گەیشتۆتە دەستی ئێمە. تۆزکاڵی لێ نەدزراوە و هیچی لێ پیڵۆز نەکراوە.

مەلا دەڵێن ئەگەر عارەبیش بزانی، نابێ بە بێپرسی ئێمە مانا لە قورعان دەیەوە. چونکە پێغەمبەر فەرموویە: «هەرکەسێ بە ئارەزووی خۆی مانا لە قورعان داتەوە، لە ئاگری جەهەندەمدا جێ خۆش دەکات». ئەوان ئێمە بە جەهەندەم دەترسێنن. بەڵام خۆیان بە ئارەزووی دڵی خۆیان مانا بۆ ئایەت دەتاشن و بە هەر بارێ گەرەکیانە دەیچەرخێنن. چەند ئایەت هەن کە مانا لێدەرەوەکانی زانا! لایان وایە ئەم ئایەتانە چەند جوێن و تیر و تانەن بۆ کۆمەڵێک لە یارانی پێغەمبەر و خوا ئەوەندە لە پەردەدا ئەم جنێوانەی پێداون کە هیچی لێ تێنەگەن و دڵیان نەشکێ و تووڕە نەبن.

جا کەوابوو خودا لە ڕووی بەندەی خۆیدا تەقیە دەکا و دەپەردەدا جنێو دەدا. وا دیارە ئەو ئەسحابانە ساویلکە بوون؛ دە فیکی خۆیان نەگەیون؛ تا مامۆستاکانی خۆمان- کە زۆر زیرەک و بەهۆشن- توانیویانە مەتەڵەکان شی کەنەوە و بە وردی لێکی دەنەوە و پێمان بڵێن خودا زیپکی دە ئەسحابەکان گرتووە و تێنەگەیون.

برادەری ڕۆشنبیرم!

لێم ڕوونە تۆش باش دەزانی دیندوژمنان چەند لەو قورعانە دەترسن. دەسا وەرە تۆیش بیزانە ئەوەی دوژمن لێ ترساوە، چی تێدایە؟ هیچ نەبێ لێت حاڵی دەبێ کە قورعان بۆ ناردراوە و چۆن دەردێکی پێ دراوە؟ ئەو قورعانەی کە دەبوایە لە ژیاندا بەرنامە و ڕێینموونمان بێ و تێبگەین و دەکاری کەین، کرا بە نوشتە و فاڵنامە؛ خەونی پێ لێک دەدەنەوە؛ لەسەر سفرەی ژن مارەکردن دادەنرێ؛ بە لانکەوە هەڵداوەسرێ. ئەو کەسەی بە سەفەر دەچێ گەرەک بە بنیا ڕاببرێ. جادووگەر جادووی پێدەکەن؛ جنۆکە و دێوی پێ دەگرن؛ ئاڵە و شەوەی پێ دەردەکەن؛ دەمی گورگی پێ دەبەستن. مانگای بێشیر وە شیر دەخا؛ بەرەکەت وە هەویر دەدا. لە جیاتی دەرمان و دوکتور دەکار دەکرێ. دەرمانە بۆ دەردەداران؛ زەنجیرە بۆ شێت و هاران. بە بێ ئەوە هیچ لە ماناکەی تێبگەن، هەموو کارێکی پێدەکەن. ئەوا وتمان قورعان فەرموودەی خودایە و ئەگەر نەشزانین چی تێیدا، هەر بە پیت و بەرەکەتە. بەڵام بۆ دۆعا چی بڵێین؟ زۆر کەس لە ئێمە لای وایە ئەو دۆعایانەی مەلایان لە کتێبانیاندا نووسیوە -بۆ تەنگانە- لە قورعان فریاڕەسترن.

برادەرێکم پێی گوتم: لە زینداندا حەفتا کەس بووین لەسەر سیاسەت گیرابووین. گشمان دەربەستی مەزەب بووین. ڕۆژێک ویستم بۆ ئایەتێک چاوم بە قورعان بکەوێ، لە هەر کامم پرسی نەیبوو. بەڵام ئەم حەفتا کەسەمان سەد کتێبی نووشتە و نزامان لەلا بوو!

نرخاندن و لێ نەزانین!

برام! برای ڕۆشنبیرم! کاکی خوێندەوار و نووسەر! مامۆستای ئازادیخوازم کە پێت وایە موسوڵمانگەل لە داوی کۆنەپەرستی گرفتار و بێئاگا لە ڕۆژگارن و تاوانەکەش دەخەنە سەر قورعانەکە! ئاخر خۆت قورعان دەزانی؟ تێگەیشتووی چی تێدایە؟ یان هەر بەوەندەی کە هێندێک کۆلکە ئاخوندی بێئاگا لە قورعانەکە بۆی گوتووی، وا قوشقی بووی و دڵت لە قورعان بێزاوە؟ ئێستا ئەگەر کابرایەکی نەخوێندەوار ئەمە بڵێ، لۆمەی ناکەم. بەڵام تۆی پڕ لە زانست و هونەر ناشێ نەدیدە حوکم دەی. هەوڵدە قورعان بزانی تا زۆر باش بۆت ڕوون بێتەوە کە ئەوانەی وە دەم خۆیان ئێژن موسوڵمانین، چەندی ڕاستە؟ ئەمانە بە ناوی ئایین پڕوپووشی پڕوپووچیان دەمێشک و دڵ ئاخناوە. بوونە سەد دەستە، سەد تیرە و هەمووشیان بە ناوی قورعان یەکتر بە کافر دەزانن. لە ناو خۆیاندا شەڕیانە. نە ژینیان هەس نە دینیان هەس. تۆ هیچ نەبێ مێژووی پێشوو بخوێنەوە تا بزانی ئەم قورعانە لە دنیادا چی کردووە. لەولاوە فەلسەفەی یونان خاوەرزەوینی تەنیبوو؛ لەم لاوە شارستانییەتی و دەسەڵاتی ساسانییەکان باڵی بە سەر خوێندەواری و ژیاری دنیادا کێشابوو. گەلی عەرەب لەو ناوەدا بێناو، بێنان، بێکەس، بێدەر، پڕژ و بڵاو، چۆڵپەرەستی دەوارنشین، نەخوێندەواری کۆڵەوار، بەرباری ڕۆمان و ئێران، خوا بە سەریان دەکاتەوە. پیاوێکیان لێ هەڵدەکەوێ دەبێتە ئەسپاردەی خودا؛ قورعانی بۆ بە خەڵات دێ. ڕاپەڕینێک ڕادەپەڕێ کە لە مەودایەکی کەمدا مێژوو هەڵدەگەڕێتەوە و گەلی چەوساوە و ژێردەستی دەبێتە دەسەڵاتدار و تەخت و بەختی زۆردار سەرەونخون دەکا و حوکمی زەمین وەدەست دێنێ. ئەگەر کەیفت بە مێژووی لەمێژیش نایە، وەرە شۆرشی جەزایر شیکەینەوە کە من و تۆش لە بیرمانە چۆن سەرکەوت. فەرحات عەبباس -کە سەرکردەی بەناوبانگی جەزایرە- لەمەڕ شۆرشەوە دەڵێ: «خەڵکی باکووری ئەفریقا زۆر بە زبوونی و زەلیلی لە ژێر دەستی داگیرکەری بێبەزەییدا دەژیان. خودا کردی شێخ موحەممەد عەبدەی میسری -کە شاگردی بە ئیمانی سەید جەماڵەدینی ئەفغانی بوو- هاتە ناومان؛ بوو بە هۆی ڕووناک بوونەوەی دڵ و چاومان. حاڵی کردین کە لە باتی نوقم بوون لە ناو کتێبی دوعا و نووشتە، ئەو گشتە باسی دەسنوێژ و مردوشۆری و تارەت گرتنە و هەزاران جڕ و جۆنگی وا- کە وە ناوی حیکمەت و کەلام و ئوسول خەریکیانین- ئاوڕ دەینەوە سەر قورعان و هەرچی فەرموویە وا بکەین. ئەم مەزەببازی و شەڕسازی بە ناوی ئایینداریەوە، لە ناو بەرین و بە دەستی گەل خەبات بکەین تا لە ژێر باری بێگاری داگیرکەران ڕزگار ببین».

فەرحات عەبباس لەسەر وتارەکەی دەڕوا و دەڵێ: «پەندی شیخ موحەممەد عەبدەمان دەگوێ گرت و بامان داوە سەر قورعان و بە ماناوە دەمانخوێند و مەلاکان دەچوونە لادێ و مانای ئایەتی قورعانیان بە خوێندەوارانیش دەگوت. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا قورعان زانین کردیە کارێ هەر مەپرسە! بەرگی مەزەب مەزەبێنی لەبەر ڕۆحانی فێڵباز و لەبەر مەلای فریو خواردووی بەستەزمانۆکە داماڵی. ئاوماڵک و لیتە و چڵپاوی پڕوپووچ و خەرافاتی لە مێشک و دڵان ڕاماڵی. هەمووی کردینە یەک هێز و بە دەستی گەل دەگژ فەرانسە ڕاچووین و کامڕەوا بووین. بەڵێ ئەو هەزارە زیلەی دیلەی کە لە باکووری ئەفریقا بە خۆیان دەگوت موسوڵمان، سەتان ساڵ بوو لە ژێر چەکمەی بێگانەدا دەیانناڵاند، لەبەر خواش دەپاڕانەوە کە لە ئاگری جەهەندەم بە دووریان کا. کەس لە بیری نەبوو بێژێ لەسەر دنیاش لە جەهەندەمی داگیرکەر ڕزگارم کە!»

ژەنەڕاڵی فەرانسەوی (ئارگۆ) دەڵێ: ساڵان سەرانسەری جەزایر و توونس و مووریتانیا و مەراکشیان تاڵان دەکرد. بەڵام تاڵان کراوان لەبەر زیارەتی قەبران و لە ترسی جەهەندەم گریان، وا سڕ ببوون، هەست و خوستیان لێ بڕابوو.

ژەنەڕاڵ سوستێل لەوێوە نامەی بۆ ژنی نووسیوە؛ کە ژن لە فەڕانسە بووە. بۆی دەنووسێ: وا من لە ناو لێڕەواری تەلمەسان خەریکی ڕاوم. وا کوڕەکەشمان فێر دەکەم تفەنگ باوێ و بێتە نیشانە هەنگێو. تا ئێستا چەند عەرەبێکی هەنگاوتووە. حەز دەکەم تۆ بە دەماغ بی. ئێمە لێرە زۆر بە شادی ڕادەبوێرین. زۆر بەکەیفم. سەگەکانیشم بە کەیفن؛ عارەبەکانیشم باشن. زۆر بێدەنگ و بەستەزمانن. سوستێل درۆی نەنووسیبوو. عارەبە موسوڵمانەکان -کە بەر تیری بەچکە ژەنەڕاڵ دەکەوتن و وەکوو کەروێشک ڕاو دەکران- لەبەر نوێژ و پاڕانەوە و خێر کردن و ڕۆژوو گرتن، لە ترسی چوونە جەهەندەم، نەیاندەکرا بیر لە دنیا بکەنەوە. دنیاکەیان دوژمنی کافر دەیبرد و ئەوان خۆیان بە بەهەشتی پاش مردنیان دڵخۆش دەکرد.

لەو ڕۆژەوە کە پیاوانی زانای دینی و ئازادیخوای وەکوو موحەممەد عەبدە و یارانی، لە خەونی خۆشی بەهەشتیان ڕاپەڕاندن و لە مانای فەرموودەی خوایان تێگەیاندن، ئیتر ئەو ساویلکە نەمان کە وەکوو ڕێوی ڕاو بکرێن و لە دنیا گزوفت بدرێن. تێگەیشتن کە ئەم دینە ئیسلامە پاکە بۆیە نەهات کە موسوڵمان بە تەنبەڵی پاڵ دەنەوە و هەر بە هۆمیدی دوای مردن دەستەوئەژنۆ دابنیشن و ئاوڕ وەژیان نەدەنەوە. خەزاکردن لە ڕای خوادا و خۆ ڕزگار کردن لە چنگی ستەمکار و داگیرکەران، ئەو پەڕی خوداناسینە. پێغەمبەری موسوڵمانان چەک بە دەست دەچووە مەیدان و بە گژ دوژمناندا دەچوو. ئەوی گوتوویە پێویستە لە بەرانبەر دەستدرێژکەر ملت کز کەی، پێغەمبەری فەلەکان بوو کە هەرگیز بە قسەشیان نەکرد. ئەگەر قورعان لەمەڕ تەرازووی خێر و شەڕ خەبەر دەدا، دەربارەی ئاسنیش دەدوێ. منەت لەسەر بەندە دەکا کە ئەم شتە بەنرخەی پێ ناساندووە. ئاسن واتا شمشێر و تیر؛ ئاسن واتا ئەسپابی ئاسوودە ژیان لە دنیادا.

قورعان دەڵێ: موسوڵمانان لەسەر کافر توند و تیژن؛ خاوەن بەزەن لە ناو خۆدا. تێگەیشتن کە ئەو هەموو گێرە و نێرە و هەرا و پێک هەڵپڕژانەیان لەسەر جەبر و ئیختیار و فتوای فڵان و فیسار و هەڵوا بۆ مردوو لێنان و زیارەتی چاک و پیران و دەستووری تارەت گرتن و ئاوی دەسنوێژ هەڵگرتن و مردوو شوتن، فڕی بەسەر دینە ڕاستەقینەکەوە نەداوە و هەر کەسیش ئەم جۆرە کارەی بە کۆڵەکەی دین زانیوە، نوێژ و حەج و زەکاتیشی بەهرەی نەبووە.

لە سایەی زانینی قورئان نامۆیی و هەرکەبۆخۆیی لە نێوانیاندا باری کرد. یەکدڵ و دەست و شانبەشان -وەکوو دیوارێکی پۆڵا- لە ڕووی داگیرکەر وێستان و بانگەوازی ئازادیخوازی بەرز بوو. داگیرکەری فەڕانسەیان لە وڵاتەکەیان دەر کرد و بوونە دەوڵەت.

زۆر لە پیاوانی زۆر زانای جەزایری کە دیندارییان زۆر بە هیچ و پووچ دەزانین و لایان وابوو ئایین ئەفیوونی گەلانە و تریاک کێش بۆ خەبات نابێ، بایان دایەوە سەر دین و ڕەگەڵ موسوڵمانان کەوتن. بۆ نموونە: عومەر ئوزغان- کە لە زانستی فەلسەفەی مارکسیدا بەناوبانگ و سەرۆکی حیزبی شیوعی جەزایر بوو- شۆڕشی شۆڕشگێڕانی موسوڵمانی زۆر بەدڵ بوو؛ مەزەبەکەی خۆی وێڵ کرد و بوو بە هاوبەش لە شۆڕشدا. کتێبێکی لەژێر ناوی بەرزترین پلەی خەبات دەربارەی شۆڕش نووسیوە. سەرەتاکەی فەرمایشتی پێغەمبەرە کە فەرموویە: «بە قسەش بە دەم، زوڵمکەران دادەیەوە کردارێکی خواپەسندە». جگە لە عومەر ئوزغانیش، یەکیەتی خوێندکارانی نیشتمانی لە جەزایر -کە چەپی بوو- هاتە ناو ڕیزی شۆرش و ناوی خۆی نا: یەکیەتی خوێندکارانی موسوڵمان لە جەزایردا. تەنانەت ڕۆشنبیرانی ئورووپاییش کە لەو ناوەدا دەژیان و دەیاندی شۆڕشی قورئان چەند لە کارە، دڵیان بۆ ئیسلام دەکورکا و لە خەباتی شۆرشگێڕان بەشدار دەبوون. بۆ نموونە: هەنری ئالگ، کە لە ڕۆژنامەی بە ناوی کۆماری ئەلجەزایردا -زوانی حاڵی کمۆنیستانی جەزایر- سەرنووسەر بوو، وازی لە حیزبەکەی هێنا و هاتە ڕیزی موسوڵمانانی شۆرشگێڕ. پولیسی فەڕانسی گرتی و لە زینداندا زۆریان جەزرەبە و ئازاردا. لە بیرەوەری ڕۆژانەی گرتووخانەدا دەنووسێت: «زۆریان چەرمەسەرە داوم؛ بەڵام شەرمە کە دەربارەی خۆم هیچ بڵێم. چونکە ئەوەی بەسەر ئەو موسوڵمانانەی دێنن ئەو بەجەرگی و نەترسانەی کە لەوانییەوە دەبینم، ئازاری من، ئازایەتیم، خۆ نانوێنێ. هەر ساعەتە شۆرشگێڕێکی موسوڵمان لە بەرزایی چەند قاتەوە هەڵدەدێرن. هیچ کامێکیان ئامادە نین قسەی دڵیان لە لای دوژمن بدرکێنن؛ سووریش دەزانن دەکوژرێن. هەریەکە لەو نەبەردانە کە ئاوا هەڵیاندەدێرن، لەو کاتەدا بە دەمی پڕ لە خوێنەوە شتێک دەڵێن کە هیچ دەمانەکەی ناگەم. بەڵام ئەوەندە دەزانم ئەو سروودە لە هەموو سروودێکی لە دنیادا بۆ هانەدانی شۆرشگێڕ بەهێزترە. بەو سروودە کە زۆر کورتە و لە چەند وشە تێناپەڕێ، ئەوەندە دەگەشێمەوە کە مەپرسە!

بەڵێ نزیکەی دوو چەرخ داگیرکەری ئورووپایی دوولینگەیان وەکوو دۆڵپا لە گەردنی موسوڵمانی ئەفریقایی هاڵاند. وەکوو گەنە خوێنی دەمژین و کەس نەبوو هاوارێک بکا. تا ئەوسا کە تێگەیەندران قورعان کتێبی خوێندن و ناوەرۆک بەکاربردنە نە بۆ موفەرک و سوێندخواردن. ئامۆژگاری ڕای ژیانە نە ودمی جادووگەرانە و دەرمانی سپڵ کوتان و قۆڵنج و ژانی ناوشانە. بە هاسانی داگیرکەریان ڕاوەدوونا و دین و دنیای خۆیان پاراست.

خوا فەرموویە: کاتێ قورعان دەخوێندرێ، بێدەنگ بن و گوێ ڕادێرن. واتا تێبگە چی تێیدا. ئەو کەسەی مانای نەزانێ بەهرەی لەو بیستنە چییە؟

لە سەرەتای ئیسلامەتی، قورعان نووشتەی پێ نەدەکرا؛ دەخوێندرا و تێی دەگەین و دەکار دەکرا. دیمان چەند زوو دەوڵەتی ئێران و ڕۆمی لەبەریەک برد. لەم چەرخەشدا لە ئەفریقا قورعانزانان پەتپەتێنیان بە داگیرکەری کافر کرد.

ژەنەڕاڵ سوستێل ئەو گورگەی کە ڕاوەعەرەبی دەکرد، لە دەفتەری بیرەوەریدا نووسیویە: «قورعان کتێبی ئایینی موسوڵمانان شەڕنامەیە. هیچ وەک کتێبی دین ناچێ. کتێبی پیرۆزی خۆمان پێمان دەڵێ: نابێ دنیاتان خۆش بوێ؛ ئاشتیخواز بن! ئەگەر جەزرەبەشتان بدەن گلە مەکەن! ڕک و کینە دەدڵ مەگرن! تۆڵە لە کەس مەستێننەوە! کەچی ئەم قورعانەی ئەوان موسوڵمانان دنە دەدا هەرچی کافرە بیکوژن! ژن و منداڵیشیان بەرن! لە تاڵانی دوژمنانتان ڕانەوەستن! لە ڕاستیدا ئەم قورعانە بۆ ئەو ڕووت و ڕەجاڵانە شەڕ و هەرا هەڵگیرسێنە. پڕ کراوە لە گفتی جادووگەرانە و بە دەنگ و سۆزێک دەیخوێنن کە گوێگر دەهارووژێنێ و دڵی بەرەو خۆی دەڕفێنێ. موسوڵمانان کە قورعانەکە دەبیسن، کرژ دەبن و لێمان دەبن بە ئاگر و بە هیچ بارێ چاریان نایە».

گلادستۆن، جوولەکە بەناوبانگەکەی سەروەزیری ئینگلیزەکان -کە لە دنیا داگیرکردن بەناوبانگ بوو- جارێک لە کۆڕی نوێنەران لە جەنگەی وتاردانیدا قورعانی بە مێزدا کوتا و بە تووڕەییەوە نەڕاندی: «هەتا ئەم قورعانە ماوە موسوڵمانگەل بۆمان نایەنە بەربار و ناتوانین وڵاتەکانیان بە هاسانی داگیر بکەین».

من ئێستا لەو بڕوایە دام دیندوژمنان، ئەوانەی چاویان بڕیوەتە ئیسلام خواردن، زۆرلە مێژ ساڵە تێگەیون کە بایەخی قورعان چەندە و زانیویانە ئەگەر ئێمە لە ماناکانی سەر دەرکەین و بیکەینە دەستووری ژیان، هەرگیز ناتوانن بمانخۆن. بگرە لەوانەشە ئێمە پەلاماری ئەوان بدەین و بەردەستیان کەین. جا کەوایە، بە هەموو هێز و توانایان کارێکی وایان کردووە کە تێ نەگەین چی تێدایە. کاکڵمان لێ بشارنەوە و لە دوورەوە بە دیمەنی تێکوڵەکەی بمانخافڵێنن.

جا هیچ بە دووری نازانم ئەو شتانەی هێندێک لە کۆلکەمەلایان خستوویانەتە ناو دین و هیچ فڕیشی بەسەر دینەکەوە نییە، دەڵاوی مێشکی گڵاوی کافری موسوڵمانخۆر بێ. تۆ بڕوانە ئەوا چەند ساڵ و زەمانە مەلاکانمان پێمان دەڵێن کە هەر دەرد و بەڵایەکی بەسەرمان دێ لە خواوەیە. بەڵاش خەڵاتی خودایە دەمانداتێ. دەبێ سوپاسگوزاری بین و هەرکەس لە هەموو حاڵێکدا شوکری خودا نەکا کافرە. دنیا لاکی بۆگەنیوە. ئەوانەی دنیا دەخوازن سەگەلێکن لە دەوری مشتومڕیانە. دنیا تا سەر بۆ کەس نابێ؛ دەبێ هۆشمان هەر لەولا بێ. ئەگەر بەهەشتت گەرەکە، گەرەک لە دنیا واز بێنی. دوو گوندۆرە لە دەستێکدا هەڵناگیرێن.

کەچی دیندوژمنی زانای ئاگا لە قورعان دەزانن دەستووری ئیسلام وا نییە. قورعان دەڵێ: بەگژ داگیرکەردا بچن! دیندوژمنانتان بکوژن! بۆ هیچ هێزێک لە دنیادا -جگە لە خوا- سەر کز مەکەن! ئازاد هاتوونەتە دنیاوە؛ ئازاد بژین!

قورعان دەڵێ: «ئەو کەسانەی فەرمانی خوا بەجێ دێنن، نوێژان دەکەن، بۆ کاری خۆ ڕاوێژ بە یەکتری دەکەن، لە ڕۆزیەکی کە ئێمە پێمان بەخشیون ئەوانیش لە ڕاهی خودا دەیبەخشن، ئەوانەیش کە تۆڵەی خۆیان لە زۆرکاران دەسێننەوە، لە بەرانبەر خراپەی خراپەکاردا خراپە دەگەڵ دەستدرێژکەر دەکەنەوە، خوا گازندەیان لێ ناکات.»

ویل دورانت ئەو نووسەرەی کتێبە بەناوبانگەکەی مێژووی تەمەدونی دنیای بۆ نووسیوین، لە شوێنێکدا نووسیویەتی ئەم ئایەتە: «هەرکەس تەعەدای لێ کردن ئێوەش بارتەقای تەعەدای تۆڵەی خۆتان بکەنەوە»، دەگەڵ ئەو ئایەتەی ئینجیل: «ئەگەر کەسێک زللەی لە لاڕوومەتی ڕاستت دا، تۆ ڕوومەتی لای چەپیشی بۆ ڕاگرە. ئەگەر کەوایان داوا کرد، تۆ عەباکەشتیان بدەرێ.» بەرانبەر بە یەکیان بکەین، زوو تێدەگەین ئایەتی قورعان دەرسێکە بۆ پیاوەتی و ئازایەتی؛ ئایەتی ئینجیل ئاکاری ژنانە فێری پیاو دەکا.

برای زانای ڕۆشنبیرم!

ببوورە کە عەرزت بکەم تۆ کە لە دواکەوتنی کۆمەڵگات پەرێشانی و لات وایە خەتای قورعانە کە تووشی ئەو تووشییەی کردووین، بە هەڵە چووی. تۆ مەڕوانە ئەو ئاپۆرەی ڕەمەکیانە کە هیچ دە قورعان نەگەیون چی تیایە و هەر چاویان لە دەم مەلایە و مەلاش یان لە گزیکاری، یان لە ساویلکەیی و کەمزانی وای فێر کردوون کە لایان وابێ قورعانیش هەر وەک نانی تەکیە وایە بۆ متفەرک نەبێ نابێ؛ وەک کێلی کۆنەقەبرانە هەر بۆ چلدانە گرتنەوە بەهرەی هەیە و هیچیتر نا. ئەو فێڵ بە قورعان کردنە لە مێژووی ئیسلامەتیدا زۆر کۆن و لە مێژینەیە. پیاوی وەکوو ئەبووزەری غیفاری پێ لە ناوبرا. چونکە دەیگوت قورعان چۆن دەڵێ، وا بکەن. قورعان کرا بە ئامرازی دەستی فێڵباز بە نووکەڕمبان داکرا.

بەر لە هەر شت پێویستە بۆ خۆت مانای قورعانەکە باش بزانی! ئەوسا بۆت ڕوون دەبێتەوە کە ئاخۆ مایەی نەگبەتە یان سەرمایەی سەرکەوتنە؟ بۆ نموونە کەربەلات وەبیر دێنمەوە:

کەربەلا -وەک مەلا دەڵێ و دەناو مێشکی خەڵکی ناوە- دەشتێکە ڕۆژێک لە ڕۆژان بووەتە شەڕگە. جەنگێکی بەسام ڕووی داوە؛ چەند کەسی تێدا کوژراوە. ئێمە دەبێ بۆ ئەو کوژراوانە بگرین و لە گریان و شین بەولاوە هیچ لەو بارەوە نەزانین.

کەچی ئەگەر زانایانە وەبەر محەکی بیری دەین، تێدەگەین کە ئەم ڕووداوە چەند گرینگە. کارەساتەکەی کەربەلا، نامەی ئازادی گەلانە کە بە خوێنی ئاڵ نووسراوە. گەورەترین دەرس و پەندە بۆ ئەوانەی لە بەرانبەر زۆردار و ستەمکاراندا ئازایانە خەبات دەکەن. فێرگەیەکە پێمان دەڵێ لە ڕێگەی ئاواتی پاکدا ئاوڕ وەسەر گیان دانەوە ڕەوا نییە.

دەوڵەتێکی هەرە گەورە بە سەد هەزاران چەکدار و شەڕکەرەوە دەبەر دەستی کەسێکدایە بە ناو خەلیفەی ئیسلامە و بە کردەوەش هەرچی خوا فەرموویە نایکا. زوڵم و زۆری لە هەژاران، دادنەپرسینی بێچاران، کرووسینەوەی بێدەستان، ڕمێنی دنیاپەرستان، ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەدایە و هەروا ڕیشەئاژۆ دەکا.

حوسێن ئەو خاوەن ئیمانەی بڕوای بە قورعان هێناوە و دەزانێ پێغەمبەر دەڵێ «ئەگەر زوڵم و زۆر هاتە ناو، پیاو دەبێ بە گژیدا بچێ. ئەگەر توانا هەبوو بە دەست، دەنا بە دەم. ئەگەر ئەویش نەکرا بە دڵ؛ کە سێهەمیان ئیمانی هەرەلاوازە» نایەوێ لە فەرمانی دەرچێ و ناشیەوێ هەر بە دەم و دڵ بەرەنگار بێ، دەس بە شمشێر بەرەوپیری مەرگی لە ڕای خوادا دەچێ. ئەو پێشمەرگەی بەرفەرمانە، ئەشێ بەرانبەر بە قورئان تێبکۆشێ تا بەدکاران لەناو دەبا یان گیانی خۆی بەخت دەکا. شۆرشی حوسێن کتێبە؛ شوێن و دەستوور و یاسایە بۆ هەموو ئازادیخوازان لە دنیادا؛ کە لە ڕێی دۆز و مەبەستا نابێ هیچ بیر لە هێزی زۆری دوژمن و ماف داگیرکەر بکەنەوە. خوێن بەخشین بۆ ڕزگار بوونت لە داگیرکەری هەژارخۆر، بەڵگەی هەرگیز نەمردنە. بەڵێ حوسین و یارانی ئەو دەستە نەترساوە بوون کە لە پێناو ئازادی موسوڵماناندا، بە خوێنی گەش دەشتی کەربەلایان داشت و خەڵکی دنیایان تێگەیاند کە شەنگەداری ڕزگاری، خوێنی لاوانی پێدەوێ تا بەر دەگرێ. هەر ئاواتێکی پیاوانە -هەرچەندە زۆر دژواریش بێ- سەری لە ڕێگەدا بدرێ، هەر سەر دەگرێ. وا دەشزانین کە سەرەنجام بە کوێ گەیشت. ئێستا و ئێستاش بەدکارەکان -کە لایان وابوو سەرکەوتن- بە نەفرینەوە ئاوا بوون و توون بە توون چوون. ئەو شەهیدانەی کەربەلاش بە ناوی چاکەوە زیندوون و خۆشمان دەوێن. خۆشویستنی شۆرشگێڕانی وا پاک و چاک و بە ئیمان بۆ ئەوانەی کە فێڵباز و نەزانخۆرن، بەهرە و قازانجی نەئەدا ئەگەر مەبەست لە شەڕی دەشتی کەربەلا بە لای خۆیاندا نەگۆڕن. باسی شۆرش دژی زاڵم و خوێنمژان، بە گژدا چوونی پیاوکوژان، ئازاد بوونی دەستەی هەژار لە بێگار و چەوسانەوە -کە مەبەستی هەرە گرینگی حوسێن بوو- بن لیچ درا و حوسێنیان وەک سەرسۆفیلکەی مەنسووری هەللاجئاسایی یان مەسیحی خاچپەرستان لە قەڵەمدا.

خاچپەرستان دەڵێن مەسیح هەر بۆیە پەیدا بوو خۆی بە جوولەکە بە کوشت دا و تاوانی پەیڕەوەکانی پێ ببەخشن. کۆلکە ئاخوندی مەش دەڵێن حوسێن ویستی لە کەربەلایە بیکوژن تا لە ڕۆژی قیامەتا خۆی بکاتە تکاکارمان. لەوە پێوە کاری نەبووە. دەئێستا ئەگەر ئەو کەسەی ناویان لێ ناوە ڕۆشنبیر وەک ئەو نەخوێندەوارانەی کە بە شات و شووتی مەلای نەزان یان حیلەباز لە ڕاستەڕێ بازدراون، بیر لە عاشورا و کەربەلا بکاتەوە، چۆن من پێی دەڵێم ڕۆشنبیر؟ بە بڕوای من هەزار باریش خوێندەوار بێ، لە نەخوێندەواران زۆر پتر زەینکوێر و کۆڵەوارە. ئەویش هەر مێشکی تەزیوە؛ بەڵام بە بارێکی تردا با بزانین لەبەرچی و بۆچی؟